ھەولێر
چەند لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پشتگیری خۆیان بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا راگەیاند.
لە 07/06/2015 بڕیارە 25مین خۆلی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئەو چەند لایەنە سیاسییە لە بەیاننامەیەکدا وێرای دووپاتکردنەوەی پشتگیری خۆیان بۆ هەدەپە، چەند خالێکیان لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی راگەیاند.
لە بەیاننامەکەی ئەو لایەنانەدا داوا کراوە کە گەلی کورد و گەلانی تورکیا دەنگ بە لیستی ھەدەپە بدەن و هاوکاتیش داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن لە باشووری کوردستان کرا کە رۆڵێکی باشیان ھەبێت بۆ پاڵپشتی لیستی ھەدەپە.
ئەو لایەنە سیاسییانە ھەروەھا ئیدانەی ئەو ھێرشانەیان کرد کە لە رۆژانی رابردوو کرایە سەر ھەدەپە بە تایبەتی ھێرشەکانی شارەکانی ئەدەنە و مێرسین.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە ئاسانکاری بکات بۆ خەڵکی باکوور کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن بۆ گەڕانەوەیان بە مەبەستی دەنگدان".
ئەو لایەنانەی کە لەو بەیاننامەیەدا پشتگیری خۆیان بۆ هەدەپە راگەیاندووە بریتی بوون لە: "تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، حزبی ئایندەی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی گەڵان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی کۆماری کوردستان، حزبی رزگاری کوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان".
هەر لەو بارەیەوە بەژدار محەممەد نوێنەری پارتی پارێزگارانی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەیاننامەی ئێمە تەنیا پاڵپشتییە نەک دەستێوەردان و بەڵکو پرسێکی نەتەوەییە و کاری دیموکراسی لە تورکیا بەرفراوان دەکات و ئێمە ھاو نەتەوەین و بە کارێکی ئاسایی دەزانین".
نوێنەری پارتی پارێزگارانی کوردستان ئامادەیی پارتەکەشی راگەیاند کە ئەگەر لە تورکیاوە داوایان لێبکرێت، ئەوە ئامادەن کە وەک چاودێری ھەڵبژاردنەکان بچنە ئەو وڵاتە".