سلێمانی
بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە توركیا بەڕێوە بچێت، جیهان بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بە وردی چاودێری پرۆسەكە دەكەن و بەشێك لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیش پرۆسەكە بە كاریگەر و چارەنووسساز بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ناو دەبەن.
لەم راپۆرتەی ئاژانسی ئانادۆڵو سەركردەی بەشێك لەو لایەنانە دەڵێن دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە و سەركەوتنی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار "ئاكەپە" و پارتی كوردەكان "هەدەپە" كاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەكە دەبێت، بەپێچەوانەشەوە شكستیان لە هەڵبژاردنەكەدا بە شكستی پرۆسەكە دەزانن.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەبووبەكر عەلی لەو بارەیەوە گوتی: "هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا هەڵبژاردنێكی گرنگە لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمجار پارتێكی كوردی هەوڵ دەدات لە رێگەی بوونی لیستێكی حزبی سەربەخۆوە بگاتە پەرلەمان، ئەوەش وای كردووە چاوەڕوانییەكی نوێ لە توركیا بێتە كایەوە بەو مانایەی ئەگەر ئەم پارتە بچێتە ناو پەرلەمانەوە یان نەگاتە پەرلەمان ئەگەری هاتنە كایەی دۆخێكی نوێ هەیە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتییەوە هەیە".
عەلی لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەو دۆخە نوێیە ئەگەر بچێتە نێو پەرلەمان ئەوكات بەهێز و قورساییەكی زۆرەوە دەچێتە نێو پەرلەمانەوە و دەتوانێت نوێنەرایەتییەكی باشتر و شەرعییەتێكی سیاسی زۆرتری هەبێت بۆ نوێنەرایەتیكردنی پرسی كوردی و چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، بەتایبەتی ئەگەر ئامادە بێت هاوپەیمانی ئاكپارتی بێت بۆ گۆڕینی دەستوور و لێکتێگەیشتن لەسەر بابەتەكانی تر".
بەپێچەوانەوە ئەگەر نەتوانێت بەربەستی دە لەسەد تێپەڕێنێت و بگاتە پەرلەما ، ئەوكات رەنگە حكوومەت بە ئەنجامدانی ساختەكاری تۆمەتبار بكات و پەنا بباتە بەر شەقام و چەكەكانی".
سەركردەكەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە چاودێری وردی پرۆسەكە دەكات و بە كەسایەتییەكی نزیك لە هەردوو پارتەكە دەناسرێت ئەوەشی گوت: "لە ئەگەری دووەم و سەرنەكەوتنی هەدەپەدا بۆ رزگاركردنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە حكوومەت گۆڕانكاری راستەقینە ئەنجام بدات، لەوانەش گۆڕینی دەستوور و هاوبەشی نەتەوەیی و توركیای فرەنەتەوەیی لەوەدا بچەسپێت و رۆحی دەستووری پێشوو بە كۆتا بێت".
هەروەها هەنگاوی جۆری و چۆنایەتی گرنگ لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا تاوەكو ناڕەزایەتییەكانی شەقام هەڵبگرێت و بچنە قۆناغی گفتوگۆیەكی راستەقینەوە بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكە".
ئەبوبەكر عەلی سەركەوتنی هەردولایەنە لە پرۆسەكەدا و ئامادەیی بەهێزیان لە ناو پەرلەماندا بەسەركەوتنی پرۆسەكە دەزانێت "سەرنەكەوتنی ئاكەپە كۆتاییهاتنی نیمچە كۆتایی پرۆسەكەیە، بۆیە زۆر گرنگە ئاكپارتی بە هێزەوە لە نێو پەرلەمان بێت، لە هەمانكاتدا زۆر گرنگە هەدەپەش لە نێو پەرلەماندا بێت و بەهۆی ئەوەی ئەو دوو لایەنە پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەبەن و هاوبەشی پرۆسەكەن".
لەلای خۆیەوە سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان فەرید ئەسەسەرد لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە گوتی:" ئەوەی رۆژانە دەیبیستین و دەیبینین ئەوەیە هەموو لایەنەكان ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنێكی تایبەت و چارەنووسساز دادەنێن، ئەگەر ئەو بەرنامەیەی پارتی داد و گەشەپێدان بەوشێوەیە بەڕێوە بچێت كە خۆی ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، ئەوكات بەدڵنیاییەوە دەتوانێت دەستوورێكی نوێ لە پاش هەڵبژاردن دابنێت و سیستمەكەش لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕێت".
ئەسەسەرد كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە سەركەوتنی هەدەپە بە هۆكاری پاراستنی پرۆسەی ئاشتی ناو دەبات و دەڵێت: "رەنگە سەركەوتنی بەرنامەی هەدەپە بۆ چوونە پەرلەمان یەكێك بێت لەو رێوشوێنانەی پاش هەڵبژاردنەكە ببێتە مایەی پاراستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر بەپێچەوانەوە نەتوانێت بچێتە پەرلەمان و شكست بهێنێت ئەوكات پەرلەمانێكی تر دەبینین لە توركیا كە كەمترین رێژە و نوێنەرایەتی كوردی تێدا دەبێت و پەرلەمانەكە دەبێتە پەرلەمانێكی توركی و كێشەیەكی زۆر گەورە بۆ پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی دواتر دروست دەبێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە هەرێمی كوردستانەوە خوازیاری ئەوەین هەدەپە بەربەستی دە لەسەد تێپەڕێنێت، ئەوەش لەلایەك هۆیەكی نەتەوەیی هەیە و لەلایەكی تریشەوە پەرۆشیمانە بۆ پرۆسەی ئاشتی كە ئەو پرۆسەیە بەندە بە سەركەوتنی هەدەپەوە".
لایەنێكی دیكەی هەرێمی كوردستان كە بەگرنگییەوە چاودێری پرۆسەكە دەكات و لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنییەوە روماڵی بەردەوامی پرۆسەكە دەكات، بزووتنەوەی گۆڕانە كە هێزی دووەمی نێو پەرلەمانی كوردستانە.
رێكخەری ژووری پەیوەندییەکانی دیپلۆماسی بزووتنەوەكە محەمەد تۆفیق رەحیم گوتی: "پێمان وایە پرۆسەكە هەڵبژاردێكی زۆر چارەنووسسازە و كاریگەریی زۆر گەورە و بنەڕەتی دەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بۆیە پێمان وایە ئەگەر هەدەپە بتوانێت ئەو بەربەرستەی دانراوە تێپەڕێنێت ئەوكات بەشداری دەكات لە پرۆسەی ئاشتی توركیادا كە مەبەستی هەموولایەكمانە پرۆسەكە سەركەوتوو بێت".
ناوبراو هەروەها گوتی: "ئەگەر هەدەپە نەتوانێت بەهەر هۆیەك بێت ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت، ئەگەری ئەوە هەیە كێشەكان قووڵتر ببێتەوە و پرۆسەی ئاشتی شكست بهێنێت".