بەرلین
سەركۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسی و شاندی یاوەری كاتێك بەرەو شوێنی مانەوەیان كە هۆتێل ئادلۆنە رۆیشتن، لەوێ لە لایەن كۆمەڵێك خەڵكەوە بە ئیدانەكردن پێشوازیان لێ كرا و بۆ ئەوەی كە سیسی و شاندی یاوەری رووبەڕووی خۆپێشاندەران نەبنەوە لە دەرگای پشتەوە برانە نێو هۆتێلەكەوە.
خۆپێشاندەران كە جلوبەرگێكیان پۆشیبوو كە نیشانەی رابیعەی پێوە بوو هاواریان دەكرد: "سیسی بڕۆ دەرەوە، منداڵەكانمان دەیانەوێ بژین، مێركل بۆ هیچ شتێك ناڵی؟ بكوژی منداڵان سیسی، مورسی سەرۆكی ئێمەیە، مورسی كە بە رێگای دیموكراتیك هەڵبژێردراوە سەرۆكی ئێمەیە".
لە بەردەم هۆتێلەكە و دەوروبەریدا هێزەکانی تەناهیش رێوشوێنی توندی ئەمنییان گرتبووە بەر. لەلایەكی دیكەوە چەند كەسێكی تر لە بەردەم هۆتێلەكە بۆ پشتگیریكردنی سیسی درووشمیان دەگوتەوە.
سەركۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسی لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا لەگەڵ سەركۆماری ئەڵمانیا جۆئاچیم گاوك دیدار ئەنجام دەدات و گاوك بە رێوەڕەسمی سەربازیی پێشوازی لە سیسی دەكات و دواتر سیسی لە نووسینگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجیلا مێركل كۆ دەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فڕانك واڵتەر شتانمایەر كۆ دەبێتەوە.