Heman Hussein Yaseen
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
ههولێر - AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە لە داینشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، لایەنی حکوومەت ئامادەدەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر ھۆکاری کورتھێنانی بوودجە و ئاماژەی بەوەیش کرد کە بۆچوونی زۆربەی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی دەستوور وەرگیراوە.
ھێمن ھەورامی سەبارەت بە ھێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردوو بۆسەر ھەولێر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رایگەیاند کە دەبێت لایەنی بەرامبەر کە حکوومەتی عێراقە ھەنگاوی زۆر جددییتر بھاوێت کە ھەرێمی کوردستان بپارێزێت، چونکە ئەمە پێشھاتێکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لە دانیشتنی پێشووتردا، دوو یاداشت ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرا، یاداشتێک بە واژووی ٦٥ پەرلەمانتار و یاداشتێک بە واژووی ٥٧ پەرلەمانتار، لەسەر بابەتی کورتھێنانی مووچە و ھۆکارەکانی جێبەجێ نەبوونی یاسای چاکسازی وەک خۆی و نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی، پێداچوونەوەی بە داھاتی نانەوتی، چۆن ھەوڵبدەین ئەم ھۆکارانە روونبێتەوە بۆ ئەوەی رێگاچارەیەک بگرینەبەر، بۆیە ئەمڕۆ شاندی حکوومەت دێتە پەرلەمان لەسەر روونکردنەوە لەبارەی کورتھێنان و بابەتی بوودجە، ھاوکات دەبێت بزانرێت کە بۆچی ناتوانرێت لێبڕینی سەدا ٢١ ھەڵبگیرێت و بزانرێت لە بەرزکردنەوەی داھاتی ناوخۆ چ رێگرییەک ھەیە، ھەروەھا ھۆکاری نەناردنی ئەو بڕە پارەیەی لە حکوومەتی عێراقەوە چییە''.
ھێمن ھەورامی لەبارەی ھەنگاوەکانی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان گوتی: ''بۆچوونی زۆربەی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانمان پێگەیشتووە و کۆبوونەویەکی راوێژکاریش لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، ئەم ھەفتەش کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت، چاوەڕێیی ئەوەین دواتر دانیشتنک لە پەرلەمانی کوردستان بکەین، چونکە پڕۆسەیەکی یاساییە بۆ دروستکردنەوەی لیژنەیەکی نوێ و دانیشتنێکی دیکەیش دەبێت بکرێت ئەوەی پێی دەڵێن، مەتبەخی سیاسیی''.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی لەبارەی ھێرشەکەی شەممەی رابردوو بۆسەر ھەولێر گوتی: ''بەتوندی ئیدانەی دەکەین، بەڵام تەنھا ئیدانەکردن کافی نییە، ئێمە ھاوڕاین لەگەڵ ئەو بۆچوونەی سەرۆکی حکوومەتیش کە دەبێت لایەنی بەرامبەر کە حکوومەتی عێراقە ھەنگاوی زۆر جددییتر بھاوێت کە ھەرێمی کوردستان بپارێزێت، چونکە ئەمە پێشھاتێکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و مەعلومیشە لە چ شوێنێک ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ھیوادارین حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوەکانی زیاتر بکات لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگای ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی رێگا لەم جۆرە ھێرشانە بگیرێت''.