کابوڵ
لە ئاكامی هێرش كردنە سەر میوانخانەیەك لە گەڕەكی دیپلۆماتی كابولی پایتەختی ئەفغانستان چوار كەس كوژران.
بەڕێوەبەری ئاسایشی كابول رەحمان رەحیمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا كە هێرشبەرەكان چوار كەس بوون و پێش ئەوەی بچنە ناو میوانخانەكەوە هێزەكانی ئەمنی رووبەڕوویان بوونەتەوە و بەهۆیەوە شەروپێكدادنێكی قورس روویداوە.
بەپێی زانیاریەكان شەڕەكە لە سەعات 12ی شەوی رابردوو دەستی پێکردووە و تا سەعات پێنجی بەرەبەیانی خایاندووە و سەرباز و مەدەنیەكانی ناو میوانخانەكە، هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە و هەر چوار هێرشبەرەكە كوژراون.
شایەتحاڵەكان ئاماژەیان بەوە دا كە هەردوولا بە نارنجۆك و رۆكێت هێرشیان كردۆتە سەریەكتری و پۆلیسێكیش كوژراوە.
بزووتنەوەی تاڵیبان ئەنجام دانی هێرشەكەی گرتە ئەستۆی خۆی و لەو بارەیەوە گوتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵڵا موجاهید ئاماژە بەوە دا كە تەواوی بیانیەكانی ناو میوانخانەكەیان كوشتووە.