Sarmand Hameed
06 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هادی عامری دەستی لە ئەندامییەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کێشایەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەک، هادی عامری داواکاری دەستلەکارکیشانەوەی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی کردووە.
هەر لە داواکارییەکەیدا، هادی عامری داوایکردووە کە عەبدولکەریم یونس عەیلان وەک شوێنگرەوەی متمانەی پێبدرێت و بکرێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی داوە و لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە، عەبدولکەریم یونس وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی خوارد.
دەگوترێت دەستلەکارکێشانەوەی هادی عامری وەک هەنگاوێکە بۆ بوونی بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی٢٤٧ ئەندامی ئەنجوومەنەكە، دانیشتنی ئاسایی خۆی سازكرد كە لەمیانیدا بە دیاریكردنی وەزارەتێك بۆ توركمان، دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی دا.
لە دانیشتنەكەدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەریەك لە فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوە، ئیحسان عەبدولجەبار بۆ وەزیری نەوت، محەمەد كەریم جاسم ساڵح بۆ وەزیری كشتوكاڵ، سالار عەبدولستار بۆ وەزیری داد، عەلا ئەحمەد حەسەن بۆ وەزیری بازرگانی، حەسەن نازم بۆ وەزیری رۆشنبیری و ئیڤان فائیق بۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران متمانەیان پێ بەخشرا.
بەوەیش حكوومەتەكەی مستەفا كازمی تەواو كرا سەرجەم وەزیرەكان متمانەیان پێ بەخشراوە.