هەولێر
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی، رایگەیاند: "بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كە بڕیارە رۆژی یەك شەممە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیا دەكا.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆڵو دزەیی ئاماژەی بەوە كرد، كە لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا دیداری فەرمی ئەنجام دەدەن، گوتیشی: "داوایان لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا و ئێران كردووە هاوكاری تەواوی عێراق بكەن لەڕووی مرۆیی، سەربازی و سیاسییەوە."
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە كوردستاندا یەك ملیۆن و 400 هەزار پەنابەر بوونیان هەیە. لە كانوونی دووەمەوە 850 هەزار كەس روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. ژمارەی دانیشتوانی پاریزگای دهۆك یەك ملیۆن و 300 هەزار كەسە، لەگەڵ ئەوەشدا 850 هەزار پەنابەر تیایدا نیشتەجێ كراوە. حكومەتی بەغدا بودجەی بڕیوین، بۆیە كێشەی گەورەی ئابووریمان هەیە. لەبەرئەوە داوای هاوكاری لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ دەكەین."
دزەیی ئەوەشی خستەڕوو، كە داوایان لە حكومەتی عێراقیش كردووە ئەوەی لەو بارەیەوە دەكەوێتە سەرشانیان جێبەجێی بكەن. گوتیشی: "پێویستە حكومەتی عێراق ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆی خۆی. لەبەرئەوەی ئەو ئاوارانە زۆربەیان لە موسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبارەوە هاتوونە كوردستان. حكومەتی عێراق شتیكی كردووە بەڵام بەپێی پێویست نەبووە. ئەوانەش كەسی ئێمەن و سەرەڕای ئەو كێشە ئابوورییەی هەمانە یارمەتیان دەدەین. بەڵام توانامان سنووردارە."
دزەیی بە شانازیەوە باسی لە هاوكاریە مرۆییەكانی توركیا كرد و رایگەیاند: "ئافاد لە دهۆك كەمپێكی جوانی دروست كردووە، خوازیاری دروست كردنی كەمپی دیكەشین."لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا دزەیی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "بە تێگەیشتنەوە تەماشای قۆناغی سیاسی ئەو ماوەیەی توركیا دەكەین. بارمتەكان لەدەستی داعشدا بوون. بە سروشتی وەری دەگرین. توركیا چی بۆ ئێمە كردووە، روونكردنەوەی ئەوە ناكەوێتە ئەستۆی ئێمە. ئەگەر بڵێین هیچی نەكردووە راست نییە، شتێكی لەو شێوەیەش لە ئارادا نییە، هەندێك شتی كرد. ئێمە رێز لە بۆچوونی توركیا دەگرین ئەگەر نەیەوێت ئەوانە رابگەیەنێت ."
لە وەڵامی پرسیاریكدا لەبارەی ئەوەی ئایا دوای ئەوەی بارمتەكان ئازادكران، چاوەڕوانییەكانی هەرێمی كوردستان چییە لەسەر توركیا، دزەیی رایگەیاند: "ئەوە بە تەواوەتی بەندە بە سیاسەتی توركیاوە. پەیوەندییەكە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە. تەواوی ناوچەكە رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە، توركیاش وڵاتێكی بەرپرس و جددیە. وڵاتێكی بەهێزی ناوچەكەیە و ئەندامی ناتۆیە."
هاوكات دزەیی ئاماژەی بەوەش كرد، كە گەلەكەمان زیاتری لە توركیا چاوەڕوان دەكرد و گوتی: "لە وڵاتانی دیكەوە شاندی وڵاتان لەسەر ئاستی باڵا سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان شاند دەهاتن سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد. بەدڵنیاییەوە كاتێك خەڵك شاندێكی لەو شێوەیە لە توركیاوە نابینێت بێن، ئەوە زیاتر لەلایەن خەڵكەوە سەرزەنشت دەكرێت. واتە مرۆڤەكان سەرزەنشتی دۆستەكانیان دەكەن. خەڵك چاوەڕوانییەكی لەو شێوەیەیان هەبوو. چاوەڕوانییەكانمان لە توركیا زۆر زیاتر بوو و هیوادارین ئەو شتانە بەشێوەیەكی دۆستانە ئەنجام بدرێن."