هەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئورسوللا ڤۆندێر لێیە، تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوانان بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان كەوتە بەر شاڵاوی هێرشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا كە یارمەتی هەرێمی كوردستان بكات و بۆیەش ئێمەش سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیا و بە تایبەتیش پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكەین كە بەو رێژە دەنگە زۆرە بڕیاریان دا یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی:" بە خۆشیەوە رۆژانە بۆ جیهانیان روون دەبێتەوە كە ئەو هەڕەشەیە تەنیا بۆ ناوچەكە نییە و بۆ هەموو جیهانە و بۆیەش رۆژانە ژمارەی هاوپەیمانان دژ بەو رێكخراوی تیرۆریستی داعش زیاد دەبێت."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە چاویان لەوە چەكی پێشكەوتوو بە دەستی پێشمەرگە بگات نەك چەكی تەقلیدی و ئەگەر چەكی پێویست لە دەستی پێشمەرگە بێت پێویستیان بە هیچ وڵاتێك نییە كە هێزە زەمینی رەوانە بكات و ئەگەر وڵاتێكیش هێز بنێرێ ئەوا سوپاسی دەكەن و گوتیشی:"پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات".
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بە گەمارۆكانی سەر كۆبانێش كرد و وەبیری هێنایەوە كە هاوكات لەگەڵ گەمارۆی كۆبانێ داوایان لە ئەمریكا و هاوپەیمانیانی كردووە كە رووبەڕووی ئەو چەكدارانە ببنەوە و جەختی لەوە كردەوە كە سوپاسی هاوپەیمانان دەكەن كە بۆدومانی چەكدارانی داعش یان كردووە و رێگەیان لە كۆنترۆڵ كردنی كۆبانێ بە دەست داعش گرتووە."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "بە هۆی پێكهاتەی جوگرافی ناوچەكە نەمانتوانی، ئەگینا ئامادە بووین هێز رەوانەی كۆبانێ بكەین."
دواتر وەزیری بەگری ئەڵمانیا لە گوتەیەكدا باسی گفتوگۆی نێوان خۆی و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی كە لەسەر دوو گرفتی سەرەكی گفتوگۆمان كرد ئەوانیش رەوشی ناسایشی ناوچەكە و بارودۆخی ئاوارەكان بوو.
ئورسوللا ڤۆندێر لێیە پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارەكان دووپاتكردەوە و گوتیشی كە كارێكی زۆر بۆ ئاوارەكان كراوە و یارمەتیان دراوە بەڵام بە تێبینی ئەوەی وەزری زستان نزیكە و پێویستیان بە كەلوپەل و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، پێویستە یارمەتی زیاتر بدرێن.
هیواشی خواست جارێكی دیكە ئارامی بۆ عێراق بگەرێتەوە و فەرە ئاینی و فرە نەتەوەیی لەو وڵاتەدا جێگیر بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە كرد كە بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر خاكەكەی لە دەستی داعش دەپارێزێ و گوتی:"وەزیری پێشمەگە ئاماژەی بە ئازایەتی رۆڵی پێشمەگە كردووە، بەڵام گرفتی چەك و پێداویستی سەربازیشی بۆ روون كردینەوە و بۆیەش ناردنی ئەو چەكە ئەڵمانیانە پێشوازییەكی زۆر لێدەكرێ."
لێیە گوتیشی: "ئامێری پشكنینی مین یەكێك لە گرنگترین كەرەستە سەربازییەكانی ئەڵمانیایە كە بۆ كوردستان ناردومانە ئەویش بە هۆی ئەوە رێكخراوی داعش دوای پاشەكشەی خۆیان ناوچەكە بۆمبڕێژ دەكەن بۆیەش مەترسی دروست دەكەن. ئەو ئامێرە یارمەتییدەرێكی باشە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە."
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هەروەها گوتیشی لە كۆبونەوەكانماندا باسمان لە هەماهەنگی زیاتری نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان لە رووی سەربازییەوە كردووە.
ئورسوللا ڤۆندێر لێیە بە یاوەری شاندێكی سەربازی پێشن نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە راستەوخۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و بەر لە سەردانەكەشی یەكەمین كاروانی یارمەتی سەربازی وڵاتەكەی گەیشتە فڕۆكەخانەی هەولێر.