نیویۆرک
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، گوتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە، قورسایی خۆی نیشانبدا.
ئەردۆغان گوتی: "پرس و قەیرانەکانی عێراق بۆ عێراقییەکان بوونەتە مایەی ھەڵوەشاندنەوە و ماڵ وێرانی، لەم دواییانەدا ئەو پرسانە سنوورەکانی عێراقیشیان بەزاندووە و عێراق بووەتە گۆڕەپانی ھەڵسوکەوتی گروپە تیرۆریستییەکان. پرس و قەیرانەکانی عێراق بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ھەیە، ئێمە ئاواتەخوازین عێراق لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی نوێ دەست بە سەرەتایەکی نوێ بکا و بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئارامی و تەبایی تورکیا بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە عێراق دەکا و پرسی سوریایش ھەر بە ھەمان شێوە سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە."
ئەردۆغان گوتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی عێراق و سوریا لەسەر کورسی نەتەوە یەکگرتووەکان قسە و باس کراوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک لە رووی کردارییەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە ھەنگاو نەنراوە، بەڵام لەمەو بەدواوە تەنیا قسەکردن بەس نییە بەڵکو پێویستی بە ھەنگاوی کرداریی ھەیە، چونکە ئاستی ئاڵۆزی قەیران و پرسەکان وایکردووە کە کات کاتی قسەکردن نەبێ، لە کاتێکدا کە رۆژانە بە سەدان یان بە ھەزاران کەس دەکوژرێن و ئەگەر ئێمە ھێشتا قسەی لەسەر دەکەین، ئەوە بە راستی نیشانەی ئەوەیە کە ھەستی بەرپرسیارێتی ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەلاریدا چووە."
ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "بۆ چارەسەرکردنی پرسە جیھانییەکان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بەبێ ئەوەی کاتی زیاتر لە دەست بدەین یان بەبێ ئەوەی زیاتر خەڵکی بێ تاوان بکوژرێن و پێش ئەوەی ویژدانی جیھان زیاتر بریندار بکرێ، با نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکا، زۆر بە ئاشکرا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە جیھان لە پێنج وڵات گەورەترە، ھەوڵەکانی پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ لاوازکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ویژدانی جیھانیدا ناگونجێ، شتێک نییە لە لایەن جیھان و ویژدانی جیھانییەوە قبوڵ بکرێ. بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان دوو لێوی یەک لەو پێنج وڵاتەدایە، تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا لە فەلەستین زیاتر لە دوو ھەزار کەس کوژران و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو چارەسەرییەی لێ چاوەڕوان دەکرا پێشکەشی نەکرد، لە ماوەی چوار ساڵدا لە سوریا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەش کوژران و زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس ئاوارەبوون، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە نەیتوانیوە چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بخاتەڕوو."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: رەخنە لە ھەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم کە بۆ لە ناوبردنی چەکە کیمیاییەکانی سوریا بەپەلە دەستی بە جموجووڵ کردووە بەڵام لە بەرامبەر کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس بە چەکی کیمیایی بێدەنگی نەواندووە، ئەمە چە جۆرە ھەڵوێستێکە، ئەمە چە جۆرە عەقڵیەتێکە، پێویستە پێش ھەر شتێک لەم بارەیەوە بگەینە چارەسەریەک، بەکار ھێنانی ھەر چەکێک کە ببێتە ھۆی کوشتنی خەڵک تاوانە جا ئەو چەکانە چەکی کیمیایی بن یا چەکی کۆنڤاننسیۆنی بن ( مەبەست چەکەکانی دیکەیە).
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا باسی کودەتا سەربازییەکی میسریشی کرد و گوتی: "کاتێک لە میسر سەرکۆمارێک بە دەنگی خەڵک ھەڵبژێردرابوو بە کودەتا لادەدرێ، بە ھەزاران کەس کە ویستیان بزانن چی بەسەر دەنگەکانیان ھاتن کوژران، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە دیموکراتیکەکان تەنیا سەیری ئەو پرسەیان دەکرد و مەشروعییەتیان بەو کەسانەدا کە کودەتایان ئەنجامداوە، ئەگەر ئێمە باسی دیموکراسی دەکەین ئەوە پێویستە رێز لە سندوق و دەنگی خەڵک بگرین، ئەگەر بەرگری لە کودەتاچییەکان دەکەین ئەوە دەبێ بپرسم کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چییە و ئەرکی چییە؟ لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر رووداوەکانی عێراق و کۆڕەوی خەڵکی ئەو وڵاتە بێدەنگە و ھەموو کەسێ دەزانێ کە نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێ ھەتاھەتایە بێدەنگ و بێ چارە بێ، پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ھەرێمیی و جیھانییەکان بەپەلە ھەنگاو بنێ و میکانیزمی بەھێزی بڕیار دەرکردن دابمەزرێنێ و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی راستییەکان پێویستە زیاتر بوێربێ."
ئەردۆغان رەخنەی لە بەکارھێنانی پێکەوەی وشەی "ئیسلام و تیرۆر" گرت و گوتی: "ئێمە وشەی لە پێناوی ئاین تیرۆر قبوڵ ناکەین، چونکە پێناسەیەکی بەو جۆرە پێش ھەموو شتێک بێ رێزییەکی یەکجار گەورەیە بە ھەموو ئاینەکان، ئێمە بە توندی لە دژی بەکارھێنانی وشەی ئیسلام کە بە مانای ئاشتییە لەگەڵ وشەی تیرۆرداین، چونکە بەکارھێنانی وشەی ئیسلام و تیرۆر پێکەوە دەبێتە ھۆی بریندارکردنی ھەستی ئێمە، ھەروەھا ئەو کەسانەش کە ناوی ئیسلام بەو کارە قێزەونە تیرۆریستییانەی خۆیانەوە دەنێن، سەرەتا بێ رێزی بە ئیسلام دەکەن و دواجاریش بێ رێزی بە ھەموو مرۆڤایەتی دەکەن."
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە وەک تورکیا بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا ئاشتی و ئارامی ھەبێ، ئەوەی لە دەستمان بێ درێغیمان لێ نەکردووە و دەستێوەردانی کاروباری ناوخۆیی ھیچ وڵاتێکمان نەکردووە و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە دەگرین و بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و ئاشتی ھەوڵی زۆرمانداوە و بەردەوام دەبین، نیگەرانییەکانی ئێمە لە بارەی پرسی فەلەستینەوە نیشانەی پیرۆزبوونی مافی ژیانکردن بۆ ھەر کەسە. ئێمە بە ھەڵوێستێکی مرۆیی نزیکی پرسەکانی دیکەی ناوچەکە بووینەتەوە و بەبێ رەچاوکردنی ناسنامەی قەومی، ئاینی و ھەر جۆرە بەرەژوەندییەک و تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەیەکی مرۆییدا ھەڵسوکەوت لە بەرامبەر پرسەکانی دیکەی ناوچەکەدا دەکەین، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی سوری لەناو تورکیادا بەجێکراون، سەیر بکەین ئێستا یەک ملیۆن و نیو خەڵک لە وڵاتی منە، ھاوکاری دەکرێن و دەپارێزرێ و ھەموو پێداویستییەکان لە لایەن تورکیاوە دابین دەکرێ، ئایە لە جیھانەوە ھاوکارییەک بۆ ئێمە دێ؟ بەداخەوە تا ئێستا کەس ھاوکاری نەکردووە. ئەو سەرچاوەیەی کە تا ئێستا ئێمە بۆ ئەو ئاوارانە سەرفمان کردووە ٣.٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، حاڵی حازر چوار ملیۆن ئاوارەی سوری ھەیە یەک ملیۆن و نیو لە تورکیایە و ئەوانی دیکە لە وڵاتانی ئوردن، لوبنان، عێراق، میسر و چەند وڵاتی دیکەدان، بۆیە دەپرسم کە ئایە ئەوروپای بەھێز و دەوڵەمەند تەنیا ١٣٠ ھەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە، سەیر بکەین تەنیا لە تورکیا یەک ملیۆن و نیو ئاوارە ھەیە، پرسی سوریا وردە وردە بووەتە پرسێکی جیھانیی و ھەرێمیی، بۆیە کەس ناتوانێ لەمەودوا لە رووی مرۆییەوە لە بەرامبەر ئەو پرسەدا بێدەنگ بێ."
گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لە بریندارانی غەززە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی تورکیا کران، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکاندان چارەسەر دەکرێن، باوەشمان بۆ زیاتر لە ٣٠ ھەزار ئاوارەی ئیزیدی کردەوە، پێش ئەوەی بێمە نیویۆرک سنوورەکانمان بۆ ئەو کوردانە کردەوە کە بەھۆی ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعشەوە ئاوارە بوونە، تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا ١٥٠ ھەزار ئاوارەی دیکە روویان لە تورکیا کردووە و تورکیا ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی پێشکەش کردوونە."
ئەردۆغان گوتی: "ھەر تورکیا خاوەندارێتی لە موسەوییەکانیش کردووە کە پێش ٥٠٠ ساڵ لە لایەن ئەوروپاوە دەرکرابوون، ھەر چۆن لە مێژوودا مافی ھەموو پێکھاتە مەسیحییەکانی ئەوروپامان پاراستووە، بەو جۆرەش بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی قەومی، ئاینی باوەشمان بۆ ھەموو کەس کردووەتەوە و بۆ گەیاندنی ھاوکاریش، ئەوەی لە دەستمان ھاتووە درێغیمان لێ نەکردووە. زۆر بە سەربەرزییەوە دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە تورکیا ٢١ لەسەر ھەزاری داھاتی نەتەوەیی خۆی بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان تەرخانکردووە، سەرەڕای ھەموو ئەمانە بەو ئەزموونە کە لە مێژوودا وەک میرات بۆ ئێمە ماوەتەوە. لە ھەموو جۆرە پرس و قەیرانێکی سیاسی، ئاینی یان ھەر قەیرانێکی دیکەدابێ، لایەنی خۆمانمان پاراستووە و بەرگریمان لە راستی کردووە."
گوتیشی: "بێدەنگبوون لە بەرامبەر کوشتنی منداڵە موسڵمانەکان دەبێتە ھۆی گەشەکردنی تیرۆر لە سەرانسەری جیھاندا، چونکە ئەو کەس و لایەنانەی کە ھیچ جۆرە ھیوا و ئاواتێکیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە بە ناچاری گیرۆدەی دەستی تیرۆر دەبن. لە جیھانێکدا کە منداڵەکان بکوژرێن ھیچ کەس بێ تاوان نییە. ئاسایشی گیانی کەس نییە و ھیچ کەسیش ناتوانێ ھەول بۆ ئاشتی و بەختەوەرییەکی ھەمیشەیی بدا. بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی کە ویستیان کوشتنی منداڵ، ژن و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە فەلەستین نیشانی جیھان بدەن، دەزانین کە چی دەکرێ."
news_share_descriptionsubscription_contact



