هەولێر
رۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (کار بەڕێکەر) لە بەردەم پەرلەمانتارانی کوردستان سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەمەڕ پرسی نەوت و موچە روونکردنەوەیدا.
نێچیرڤان بارزانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو گرفتانە کرد کە لە نێوان هەولێر و بەغدا تائێستا بهردهوامه و بە راشکاوانە گوتی: "بەغدا مامەڵەی هەرێمێکی فیدراڵ لەگەڵ کوردستان ناکا، بۆیە ئەگەر ئەو سیاسەتەی بەغدا بەردەوامبێ، هەرێمی کوردستان بژاردەی دیکەی لە بەردەمدایە."
بارزانی ههروهها گوتی: "بەغدا دەبوایە ئەمساڵ شەش تریلیۆن دیناری بناردبایە بۆ هەرێم، کەچی تەنیا تریلیۆنێکی ناردووە. کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە کە ئێمە مافی دەستووریی خۆمان جێبەجێکردووە، بەڵام ئەوان ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە رەوا نابینن. پێشتر لەگەڵ بەغدا رێکەوتبووین ساڵانە سهدا 17ی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێ و سەرژمێری گشتیی ئەنجام بدرێ، بەڵام بەغدا چەندین ساڵە سهدا ١٠ی بودجەی وڵاتی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێ."
بارزانی لە بەردەم پەرلەمانتارانی کوردستان گوتی: "ئامادەین لە پرسی هەناردنی نەوتی هەرێم، بەغدا لەگەڵ ئێمەدا بەشداربێ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام ناکرێ ئێمە کۆنترۆڵی خۆمان بدەینە دەست سۆمۆ. ئێستا ئێمە ئەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەکەین، دەیفرۆشین و لە ١٧ی حەقی خۆمانی لێ گل دەدەینەوە و ئەوەیشی مایەوە، رەوانەی بەغدای دەکەین."
بارزانی رەخنەی لە حکومەتی بەغدا گرت بەوەی مامەڵەیەکی شایستە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکا، لەو بارەیەوە گوتی: "بەو شێوەیەی ئیستا بەغدا لەگەڵ ئیمە هەڵسوکەوت دەکا، هەڵسوکەوتی حکومەتی فیدراڵ نییە. پیشتر سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووینەتەوە پێمانگوتوون بۆچی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕاوە؟ بەپرسانی بەغدا گوتیان ئەوە بڕیاری راستەوخۆی سەرۆکوەزیران نوری مالیکییە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر پرسی نەوت و ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر بارزانی گوتی: "ئەمریکا ئاگاداری کێشەکانە و ویستوویەتی هەردوولامان لەسەر کێشەکان رێک بکەوین. ئیستاش ئامادەین لەگەل حکومەتی عێراق گفتوگۆ بکەین، بەڵام ئەگەر ئەوان نیەتی باشیان نەبێ، چۆن دووبارە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەینەوە؟ ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام، بژاردەی دیکەمان دەبێ."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (کار بەڕێکەر) لە بەردەم پەرلەمانتارانی کوردستان باسی قەیرانی دارایی کرد و گوتی: "لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تائێستا بەغدا یەک تریلیۆن دیناری ناردووە بۆ هەرێم کە دەبوو شەش تریلیۆن دیناری بناردایە. زۆر سوپاسی سەرمایەدارانی هەریمی کوردستان و دۆستانمان دەکەین لە کوردستان کە لەو ماوەیەدا هەوڵیانداوە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. لە ماوەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان دەتوانێ رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بکا و بەرودەوام دەبین لە هەناردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکی و ئامادەین لەگەڵ بەغداش دابنیشین."
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران بارزانی گوتی: "کێشەی داراییمان هەیە و رەنگە تا مانگێ یان دوو مانگی دیکە بەردەوام بێ، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە یەک دیناریان نافەوتێ و چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین."