Hamit Hüseyin
16 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2016
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی شکستی کودتای گرووپێکی سوپای تورکیا رایگەیاند کە "خۆشحاڵین بە سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیا بەسەر هەوڵی گرووپێكی سەبازیی دژ بە شەرعییەت و ئیرادەی گەل و لەو باوەڕەداین شكستخواردنی ئەو هەوڵە، دەسەڵات و حكوومەت و ئیرادەی گەلی توركیا بەهێزتر دەكات و هەروەها رێگەی كودەتای سەربازی لە توركیا دادهخات".
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "بەو بۆنهیەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزان رهجهب تەیب ئەردۆغان سەركۆمار و بینالی یلدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و هەموو لایەنەكان و گەلی توركیا دەكەین كە پێكەوە ئەو هەوڵەیان شكست پێهێنا".
ئەو لە کۆتاییدا رایدەگەیەنێت کە "یەكدەنگیی لایەنەكان و كەسایەتییەكانی توركیا توانی شەرعییەتى دەسەڵات و توركیا و ناوچەكەش لە ئاڵۆزییەكی گەورە بپارێزێت. گەلی توركیا بەخوێن و قارەمانییهتی، شەرعییەتی لە توركیا پاراست. لەو باوەڕەداین ئەوە نموونەیەكی تازە و گەورەیە لە هوشیاریی گەلی توركیادا. هەروەها ئەو هوشیارییەی گەلان، ناوچەكەمان بەرەو ئارامی و دیالۆگ و بنبڕكردنی تیرۆر و ئاڵۆزی دەبات".