Heman Hussein Yaseen
19 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2020
هەولێر - AA
شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و تورکمان و مەسیحییەکان سەردانی شاری بەغدایان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و کەسی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند کە شاندەکە هاوبەشە و نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی لەنێودایە و تاوتوێی دید و بۆچوونی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
مەحمود محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان کە لە سەرجەم پێکهاتەکان پێکهاتووە، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن وەکو قەوارەی هەرێمی کوردستان کە یاسایی و دەستوورییە، لەو سەردانەدا لەگەڵ کەسی راسپێردراو بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی دیکە گفتوگۆ دەکەن، دید و بۆچوونی خەڵکی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکەن".
لەبارەی مەرجەکانی کورد بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراق، مەحمود محەمەد گوتی: "مەسەلە مەرج نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و دەبێت هەیبەتی ئەو قەوارەیە پارێزراو بێت، چونکە ئێرە پارێزگایەک نییە، ئێرە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، حکوومەت و پەرلەمانی هەیە".
لەبارەی وادەی سەردانەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمەش لە راگەیاندنەکان هەواڵی ئەوەمان بیست کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام دیارە تا ئێستا نەهاتووە".