هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە گوندی ئیتاڵی لە هەولێر لە مەراسیمێكی رەسمیدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەند كونسوڵێكی وڵاتانی بیانی لە هەولێر و چەندین بەرپرس و نوێنەرانی رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و لەنێویاندا ئەوانەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان "JCC" كرایەوە.
لەو مەراسیمەدا كە وەزیرانی نێوخۆ، پلاندانان، داد، كارەبا، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ كونسوڵی چەندین وڵاتی وەكو ئەمریكا، بەریتانیا، ئیمارات، فەلەستین و چەندین بەرپرسی بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و رێكخراوەكان ئامادەی بوون سەرەتا بە ساتێك راوەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێكرد.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ناسراو بە"JCC" بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم كوردستان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی نێوخۆ دامەزراوە.
ناوەندەكە لەلایەن ژمارەیەك هاوبەشی نێودەوڵەتی وەكو حكوومەتی بەریتانیا لە رێگەی فەرمانگەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (DFID) و ژاپۆن و كەنەدا لەگەڵ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی وەكو یونیسێف (UNICEF) و یونامی (UNAMI) و ئۆچا (OCHA) پشتگیری كراوە، بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری زۆر بە سوود و گرنگییان لەرێگەی ئاژانسی یو ئین دی پی (UNDP) پێشكەش بە ناوەند كردووە، هەروەها ئاژانسی شارستانی فریاكەوتنی سویدی (MSB) پشتگیری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان "JCC" كردووە لەرێگەی ناردنی شارەزا و پسپۆڕی تەكنیكی كە لەلایەن رێكخراوی (UNDP)یەوە بوودجەی بۆ دابین كراوە.
لە وتەیەكدا وەزیری نێوخۆی حكوومەتی هەرێم كەریم شنگالی پاش بەخێرهێنانی میوانانی كردنەوەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و گوتی: "زۆر خۆشحاڵین لە كردنەوەی ئەم ناوەندە لە كاتێكی زۆر دژوار بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە 2011 و هێرشی داعش و داگیركردنی ناوچەیەكی فراوان لە عێراق لە مانگی شەشی 2014 هەزاران كەس هەڵاتن و پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و ئێمە بە بارودۆخێكی دژوار و ناسەقامگیر تێدەپەڕین بۆیە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادەبكەین".
شنگالی هەروەها گوتیشی: "خێرایی رووداوەكان و قەبارەی قەیرانەكە و نەبوونی ئامادەكاری پێشوەختە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستە بەردەەم رووبەڕووبونەوەیەكی ئاسایش و مرۆیی و كارگێڕی و دەستمان كرد بە ئامادەكاری لەكاتی خۆیدا".
لەبارەی بیرۆكەی دامەزراندنی ناوەندەكەشەوە وەزیری نێوخۆی حكوومەتی هەرێم گوتی: "بیرۆكەكەی لە مانگی شەشی 2014 وەكو وەڵامی ئەو بۆشاییەی دركمان پێكرد دوای گفتوگۆ لەنێوان حكوومەتی هەرێم و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ناوەندە لە مانگی یەكی ئەمساڵ دامەزرا بۆ چاودێریكردن و كۆنترۆڵكردنی ئەو قەیرانانەی كە رەنگە ببنە هۆی مەترسی بۆ سەر بەها بنەڕەتی و سەلامەتی دانیشتوانی هەرێم، بۆیە ناوەندەكەش بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم و پارێزگا و وەزارەتەكانە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكان و رووبەڕووبونەوەیان بەشێوەیەكی خێرا".
ئامانجی ئەو ناوەندە بریتییە لە وەڵامدانەوەی قەیران و پەرەسەندنەكانی مرۆیی ئێستا و كاردەكات بۆ دانانی پلان و ئامادەكاری پێشوەختە بۆ وەڵامدانەوەی هەموو رووداو و ئەو كارەساتانەی لە ئایندەدا بەهۆی مرۆڤ یان كارەساتی سروشتییەوە روودەدەن.
بەپێی زانیارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەرێمی كوردستان و عێراق رووبەڕووی گەورەترین ژمارەی ئاوارەی نێوخۆی بوونەتەوە لە جیهاندا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە هەن، نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزاریان ئاوارەی نێوخۆ و 245 هەزار پەنابەری سووری هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئەوەش بەرپرسیارێتیی گەورەی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدان و پشتگیریكردنییان، ئەگەرچی قەیرانەكە بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت زۆر قوڵتر بووەتەوە.
ئەركی سەرەكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بریتییە لە كۆنكردنەوە و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی زانیاری لە رێگەی چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ هەموو قەیران و پێشهاتەكانی مرۆیی بۆ هاوكاریكردنی حكوومەت لەدەركردنی بڕیاری ستراتیجی و دروست و دانانی پلانی ستراتیجی و رێكخستن و بەكارهێنانی سەرچاوەكان بەشێوەیەكی كاریگەر و مسۆگەركردنی هەماهەنگی و هاوكاری بەمەبەستی وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان لەنێوان وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە ناحكومییەكان.
ناوەندەكە بەشێك دەبێت لە پێكهاتەی وەزارەتی نێوخۆ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری نێوخۆ راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەرك و كارەكانی دەكات، ئەم ناوەندە لە 14ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2015 دامەزرا دوا بەدوای بڕیاری ژمارە 5719ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەرواری یەكی ئەیلولی 2014، ئەرك و كارەكانیشی بەپێی پەیڕەوی ژمارە یەكی ساڵی 2015 دیاری كراوە.
لیزا گرانت لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەوبارەیەوە لە وتەیەكدا گوتی: "حكوومەتی هەرێم جێگەی رێز و سوپاسە كە لەو ماوە كەمەدا توانیویەتی ئەو هەموو كارە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەران بكات، ئەم ناوەندە دەزگایەكی گرنگە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە كاتی خۆیدا و كارێكی باش دەكات و هۆكارێك دەبێت بۆ خزمەتكردنی پتر و هەروەها داڕشتنی پلان و ئامادەكاریكردن و بەرچاو روونی دان بە حكوومەتی هەرێم لە كاتی قەیرانەكان".
بەپێی پەیڕەوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان "JCC"، ئەركەكانی بریتی دەبێت لە" أ- بەڕێوەبردنی زانیاری، لەرێگەی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر قەیران و كارەساتە مرۆییەكان كە لەوانەیە كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، ب- ئامادەكاری پێشوەختە بۆ وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان، ج- هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان دامودەزگاكانی هەرێم و رێكخراوە نا حكوومییەكان بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیران و كارەساتەكان، د- كۆكردنەوە و جێگریكردنی هاوكاری و كۆمەك.
ناوەند ئەنجوومەنێك و چوار بەڕێوەبەرایەتی و ژووری چاودێری هەیە، ئەنجوومەنیش لە نوێنەری ناوەند و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت و هەرسێ پارێزگارەكەی هەرێم پێكدێت.