ئەنقەرە
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا لە بارەی خستنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەی سوپای سووریا كە سنووری توركیای بەزاندبوو راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، دوو فڕۆكەی جۆری ئیف 16ی سوپای توركیا كە سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەركی خۆیان بوون روانەی ئەو ناوچەیە كراون كە تێیادا هەلیكۆپتەرەكەی سووریا سنووری توركیای بەزاندبوو و هێرشی سەر ئەو هەلیكۆپتەرەیان كردووە و خستوویانەتە خوارەوە و كۆپتەرەكە لە نێو سنوورەكانی سووریادا كەوتووتە خوارەوە و تێكشكاوە.
لەو راگەیەنراوەدا كە لە ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپادا بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە سەعات دوو و چوار دەقیقەی دوای نیوەڕۆی دوێنێ شەممە هەلیكۆپتەڕێكی سەربە سوپای سووریا لە باشووری ناوچەی ئاڵتنۆزوی سەر بە پارێزگای هەتای لە نزیكی كویوباشی سنووری ئاسمانی توركیای بەزاندبوو، بۆیە دوو فڕۆكەی جەنگی جۆری ئیف 16 كە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەركی خۆیان بوون روانەی ئەو ناوچەیە كراون و هێرشی سەر ئەو هەلیكۆپتەرەیان كردووە و خستوویانە خوارەوە.