سلێمانی
لە کاتی دەستپێکردنی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەشاری سلێمانی، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار ئاماژەی دا بە سەردانی ئەردۆغان بۆ شاری دیاربەکر و رەوشی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا.
مەلا بەختیار گوتی: "ئاواتەخوازین دەوڵەتی تورکیاو بەتایبەتی ئاکپارتی، مکوڕتر و بەرپرسیارانەتر لەڕاپەڕاندنی ئەرکە مێژویی و یاسایی و دیموکراسییەکان کات بەفیڕۆ نەدا، بۆئەوەی کێشەی دیموکراسی نەتەوەی کورد لەباکووری کوردستان چارەسەر بکرێ. چەند جوان بوو ئەردۆغان ناوی کوردستانی ھێنا، چەند ناشیرین بوو ئەوانەی لەپێش ئەردۆغان کوردیان بەتورکی شاخاوی دەناساند، ئەوانە مێژوو بەناشیرین دەیانخاتە ناو لاپەڕەکانی خۆیەوە."
مەلا بەختیار لەدرێژەی قسەکانیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەر لە تورکیا گوتی: "ئەوانەی مافی کوردو دیموکراسی دەچەسپێنن مێژوو بەجوانی دەیانخاتە لاپەڕەکانی خۆیەوە، ھیوادارین ئاکپارتی سەرکەوتن بەدەست بێنێ."
فێستیڤاڵی گەلاوێژ کە ئەمساڵ حەڤدەیەمین چالاکیی ساڵانەی بەڕێوە دەبرێ. یەکێکە لەگەورەترین فێستیڤاڵە ئەدبی و رۆشنبیرییەکان لەھەرێمی کوردستان، بێجگە لەنووسەرو ئەدیبانی ناوخۆی ھەرێم، چەندین نووسەر، شاعیر، لێکۆڵەر لەوڵاتانی دراوسێ و جیھانەوە داوەت دەکرێن.