ھەولێر
عەبدوڵای حەسەنزادە سەردان و کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان- بارزانی بە مێژوویی وەسف دەکات و دەڵێ ئەردۆغان تابۆیەکی زۆر گەورەی شکاندووە.
سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران عەبدوڵای حەسەنزادە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پرسی کورد کردوویەتی ھێشتا کەمە و زۆری ماوە، بەڵام ئازایانە تابۆیەکی زۆر گەورەی لە وڵاتەکەی شکاندووە. بیرکردنەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا لەرێی ئاشتییەوە ھەنگاوێکی گرنگە."
حەسەنزادە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٣ سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و یەکێکە لە سیاسەتوانانی کورد لە کوردستانی ئێران. لەبارەی سەردانی بارزانی بۆ شاری دیاربەکر بەو جۆرە ھەڵیسەنگاند: "ھەرچەندە لەبارەی ئەو سەردانەوە ھەندێک بیر و بۆچوونی جیاواز ھەبوون، بەڵام لەکۆمەڵگەی کوردەواریی و فەزای ئازادی دا، ئاساییە ئەو شتانە ھەبێ. بەڵام سەردانەکە رووداوێکی یەکجار زۆر گەورەبوو، ئەگەر بەشێوەیەکی دیکە لێکیدەینەوە غەدرە لە مێژوو، بیست ساڵێ لەمەوبەر باسکردنی کورد و کوردستان لە تورکیا گوناحێک بوو خەڵکی لەسەر دەچووە زیندان و لەسێدارە دەدرا، کەچی ئێستا بارزانی وەکو کوردێک و بەناوی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە داوەت بکرێت دەستکەوتێکی گەورەیە."
حەسەنزادە پێیوایە قۆناغی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، ئۆقرەگرتنی زیاتری دەوێ، ھەروەھا خۆشبین نییە دەسەڵاتدارانی ئێران ھاوشێوەی تورکیا بیر لە چارەسەری کێشەی کورد لە رۆژھەڵات بکەنەوە. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئێمە داواکارین رۆحانی و خامنەیی چاو لە ھەنگاوەکانی ئەردۆغان بکەن، بەڵام چاوەڕوانیشیان لێ ناکەین، چونکە رۆحانی دەسەڵاتی بەدەستەوە نییە و خامنەیی دەسەڵاتدار ئەو ئازایەتی و باوەڕەی ئەردۆغانی نییە بۆ چارەسەری کێشەی کورد."