Fahrettin İbrahim
15 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ محەمەد ئەلحەلبوسی و شاندی یاوەری.
بە پێی هەواڵێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ کران و ئەرکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەدواداچوونی پرسەکان بە گشتی، بەتایبەتی پرسی بوودجە و دابین کردنی بەشە بوودجەی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مادەی 140 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، "مەسروور بارزانی جەختی لە سەر خواستی هەرێمی کورستان بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنین و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە ئیتر رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتنی وڵات هەنگاو بنێین".
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر دەربڕیوە.
هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە.