Sarmand Hameed
14 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عومەری سەید عەلی کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عومەری سەید عەلی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتی و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و گوتیشی هیوادارین تەبایی و هەماهەنگی و یەکڕیزی نێوان لایەنەکان بەردەوام بێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
لە لای خۆیەوە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و پشتگیریی بزووتنەوەی گۆڕانیشی دووپات کردەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.