هەولێر AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دوا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو و رایگەیاند "ئەمڕۆ دوو بابەتی سەرەکی ھەیە دەمەوێت قسەیان لەسەر بکەم، سەبارەت بە گفتوگۆ لەسەر بوودجەی عێراقی فیدراڵ، ھەروەھا بوودجەی ھەرێم، بابەت و تەوەری گفتوگۆی دووەمیش بەرنامەی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمە، ئەو ھەنگاوانەی ئەنجاممانداون بەکوێ گەیشتوون، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێمە و بەغدا، ھەروەک دەزانن ئەمە چەندین جارە شاندی ئێمە سەردانی بەغدا دەکات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر بوودجەی عێراق، بەتایبەتی بەشی ھەرێم لەو بوودجەیەدا، ئێمە دەزانین عێراق بەبارێکی ناھەمواری ئابووریدا تێدەپەڕێت و داوامان کردووە ئەو بوودجەیە، بوودجەیەک بێت کە ھەم بۆ خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و ھەم بۆ خەڵکی ھەرێمیش سوودمەند بێت و بتوانێت یارمەتیدەری خەڵکی عێراق بێت بە ھەریمی کوردستانیشەوە، داواکارییەکانی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە ئەو بوودجەیە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و شەفاف بێت و شایستە داراییەکانی ھەموولایەک لەبەرچاو بگیرێت، کەواتە لایەنێک لەسەر لایەنێکی تر ئەوە نەکاتە دەستکەوت، دوا پێشنیازەکان ھەروەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش باسمان کرد، چەندین پێشنیاز ھەبووە، یەکێک لەو پێشنیازانەی کە بەشی ھەرێم چۆن لە بوودجەکەدا جێگیر بکرێت، کە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا ئەنجامدراوە، ئەمەش ئامادەکاریی حکوومەتی ھەرێم بووە بە رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل یان ئەقیامی نەوت بەو رێژەیە، لەگەڵ نیوەی ئەو داھاتە فیدراڵییانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە دێن، ئەمانە رادەست بکرێن بەرامبەر بەو شایستە داراییانەی کە حکوومەتی فیدراڵ پێویستە بۆ ھەرێمی دابین بکات".
مەسرور بارزانی راشیگەیاند "ئەوەی گرنگە خاڵێکە کە من دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەویش ئەوەیە، کێشەی ئێمە تەنها مووچە نییە، شایستە داراییەکانی ئیمە تەنها مووچە نین، زۆر بابەتی دیکە ھەیە کە بەداخەوە وەکو پێویست باسیان لێ ناکرێت، ئەویش ئەو شایستە داراییانەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە لە حکوومەتی فیدراڵ وەریبگرێت کە ئەوانیش بڵێین خەرجییە سیادییەکان یان وەبەرھێنانە، بابەتی خانەنشینیی و پێشمەرگەیە، زۆر لەو شایستە داراییانەی کە لە بوودجەدا دەدرێت، پپێویستە بەشی ھەرێمی تیادا بێت و رەچاوبکرێت، کەواتە تەنها بابەت، بابەتی مووچە نییە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتیشی: "کێشەکانی ھەرێمیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا تەنیا کێشەی بوودجە بەشێوەیەکی گشتی نییە، کێشەی دیکەش ھەن، ھێشتا ماددەی ١٤٠ ماوە کە بابەتێکی دەستوورییە و تا ئێستا جیبەجێ نەکراوە، بابەتی پێشمەرگە ھەیە کە تا ئێستا جیبەجێ نەکراوە، کێشەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، کەواتە ئێمە تا ئێستاش دەمانەوێت ئەمانە وەکو پاکێجیک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بگەین بە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو گیروگرفتانە کە پێموایە لە ئەنجامدا یارمەتیی ھەموو لایەک دەدات، بەڵام ئێستا کە مەسەلەی بوودجە لەئارادایە، دەمویست ئەو خاڵانەتان پێبڵێم، ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت داکۆکیی لەسەر بکات، ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا ئەنجاممانداوە، یان ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ھەندێکجار دەبیستین کە ھەندێک لە برادەران داوای رادەستکردنەوەی ھەموو مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەمە پێموایە ئەسڵەن خاڵێکی دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی ھەرێمی کوردستان دیارییکراون بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە بکرێت، ئێمە بەھیچ شێوەیەک ئەوەمان قبوڵ نییە کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێم بەو شێوەیە پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەو حاڵەتەشدا، پێشنیازی دیکەش ھەن کە من نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەکان، چونکە ئێمە شاندێکی تایبەتمان ھەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر ئەو خاڵە بۆ ئەوانی بەجێدەھێڵین، تا ئێستاش شتەکان ھەموویان بەئامانج نەگەیشتوون تەواو نەبوون و ھێشتا گفتوگۆکان لەسەریان بەردەوامە، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی زۆر قسە کراوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان زۆر قسەکراوە لەگەڵ لایەنی حکوومەت خۆی زۆر قسەکراوە و چاوەڕێی ئەوەین بتوانین بگەین بە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ھەموولایەک دەبێت، لەبەرئەوە وردەکارییەکانی ئەو بابەتە بۆ شاندی دانوستانکاری خۆمان بەجێدەھێڵین، کە بچنە ناو وردەکارییەکان، بەڵام وەکو پرەنسیپ ویستم ئەوەتان بۆ باس بکەم کە ئێمە داکۆکی لەسەر ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان حکوومەتی ھەولێر و بەغدا پێشتر ئەنجامدراوە و ھیوادارین لایەنە سیاسییەکان پشتیوانمان بن بۆ ئەم بابەتە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەربارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش جگە لە بوودجە رایگەیاند "ھەروەک باسم کرد کێشەکانی ئێمە تەنها بوودجە نییە، کێشەی سیاسی و دەستووریش زۆرن کە ھیوادارین ئەمە لەبەرچاوبگیرێت، چونکە ئەو خاڵانەی کە باسمکردن ئاسانکاری دەکات بۆ رێککەوتنیکی سەرتاسەری لەنێوان ھەولێر و بەغدا کە بێگومان جێبەجیکردنی ماددەی ١٤٠ و کۆتاییھێنان بەو ھەموو کێشە و گیروگرفتانەی لەو سنوورانەدا ھێشتا بەردەوامن ئێمە پێمانوایە ھەنگاوێکی زۆر جددی دەبێت لە یەکتر نزیککردنەوەی لایەنەکان".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەمەوێت سوپاسی ھەموو ئەو لایەنە کوردستانییانە بکەم کە پشتیوان بوون بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و گومانیشم لەوەدا نییە ئەو بەڕێزانەی لە بەغدا پۆستیان ھەیە، لە گەورەترین پۆستەوە بۆ ئەو پۆستانەی لە بەغدا ئێستا بەدەست ئەو بەڕێزانەوەیە، من دڵنیام ئەوانیش دەزانن نرخ و سەنگی ئەوان لە کوردستانەوە دێت، کوردستان بە ھەیبەت بێت و بە سەنگ بێت، سەنگی ئەوان زیاتر دەبێت، خوانەخواستە تێکچوونی ئەو قەوارەیە بەھیچ شێوەیەک واناکات ئەو نرخ و سەنگەی ئەوان ھەیانە بۆیان بمێنێتەوە، ھیوادارم بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی قەوارەی ھەرێم و مافە دەستوورییەکانی ھەرێم لەم یاسایە و ھەنگاوەکانی دیکەی داھاتووشدا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی کاریگەری هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "بەداخەوە دەزانین کە کەشوھەوایەکی ھەڵبژاردن لەپێشە، ئەو کەشوھەوایە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی کردووەتە سەر گفتوگۆکان و دانوستانەکان، ئەمە جێی داخە چونکە ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین کە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان زیاتر ململانێی یەکتر بکەن، کە کامیان زیاتر پشتیوانی ھەرێمی کوردستان بێت بۆ ئەوەی دەنگێکی زیاتری ھاووڵاتییانی عێراقی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بۆخۆی دەستەبەر بکات، بەداخەوە ھەندێکجار دەبیستین کە ھەندێک لایەن باسی ئەوە دەکەن کەشوھەوای ھەڵبژاردنە ئەو لایەنانە بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت دەنگی زیاتر بەدەست بھێنن، ئەمە مەسجێکی مەترسیدار و ناڕاستە و بەھیچ شێوەیەک نابێت لەسەر ئەمە کار بکرێت، بەپێچەوانەوە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێمانوایە مەسەلەی ئاشتەوایی گشتی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دەبێت بنەمایەک بێت بۆ گەیشتن بەو دەستکەوتانەی دەمانەوێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بەدەستبێت، داوا دەکەم لایەنە سیاسییەکان بیرێکی جددی لەوە بکەنەوە، کە بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان و یان ھەر بەشێکی دیکەی عێراق بەھێزبوونی ھەموو عێراقە و نابێت بە جیاوازی سەیری ھەرێمی کوردستان بکرێت".
مەسرور بارزانی دەربارەی هەنگاوەکانی چاکسازی و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە چەندین جار باسمان کردووە کە چاکسازی پرۆژەیەکی درێژخایەنە و بە رۆژێک یان مانگێک ھەموو ھەنگاوانە نایەنە دی، بەڵام ئەو شتانەی تا ئێستا کراون دەمەوێت ئاماژە بە ھەندێکیان بدەم، بۆ نموونە مەسەلەی رێکخستنەوەی باج، ھەندێک جار بەھەڵە باسی ئەوە دەکرێت گوایە باج لەو کابینەیەدا لەسەر خەڵک سەپێنراوە کە وا نییە، باج پێشتر بەپێی یاسا رێکخراوە، بەڵام وەکو پێویست ئەم باجانە جێبەجێ نەکراون، یان وەرگرتنەوەی باج و رێکخستنەوەی باج وەکو پێویست جێبەجێ نەکراوە، لەئەنجامی ئەوەی لەو ماوەیە حکوومەتی ھەرێم توانیویەتی باج رێکبخاتەوە بۆ نموونە توانیومانە ھەم داھاتی ناوخۆیی لە وەرگرتنەوەی باج لە گەورە باجدەران، لەو کۆمپانیایانەی بە گەورە باجدەران دەناسرێن زیاد بکەین، ھەتا ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لە ٢٤٠ بۆ ٦٠٠ کۆمپانیا بەرزکراونەتەوە و زۆربەی باجەکان لە کۆمپانیاکانەوە وەرگیراوە، کەواتە خەڵکی ھەژار بەھیچ شێوەیەک باجی لەسەر زیادنەکراوە و ئەو داھاتەی کە ھاتووە زیاتر لەو کەسانەوە بووە کە سوودمەندبوون و ئەوانەش ئەو کۆمپانیایان کە سوودمەندبوون لە ئاسانکارییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ماوەی رابردوودا کە بۆی کردوون، ئێمە بڕیارمان داوە لێخۆشبوونی باج بۆ ھیچ لایەنێک نەمینێت ھەر کەسێک بێت، سەربە ھەر لایەنیک بێت لە ھەر پۆست و پلەیەک بێت، ھەموو کەسێک لە بەردەم یاسا یەکسانە و پێویستە ئەرکی خۆی بەرامبەر حکوومەت و وڵاتەکەی و ھاووڵاتییانی دیکە جێبەجێ بکات بە بەشداربوون لە پێدانی باج".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەربارەی لێخۆشبوونی گومرکیش لە خاڵە سنووریەکاندا گوتی: "ھیچ لێخۆشبوونێک نامێنێت، جگە لەو پرۆژانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی رێگە دەدات بۆ ھاوردەکردنی ئەو ماددانەی کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پێویستیەتی، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باجی گومرک لەسەر ئەو ماددانە زیاد دەکات کە زیان بە بەرھەمی ناوخۆ دەگەیێنن".
مەسرور بارزانی دەربارەی سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا و بە ئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی مووچە رایگەیاند "دەمەوێت باسی بەدیجیتاڵکردن و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای سەردەم بکەین، ھەر بۆ زانیاری ئێوە بۆ مانگی سێ ھیوادارین ٥٠٠ ھەزار ھاووڵاتی بتوانن، ناسنامەی دیجیتاڵییان بۆ تەواو ببێت، ئەمە دەبێتە ژێرخانێکی خزمەتکاریی دیجیتاڵی بۆ ھاووڵاتییان ئەوە زیاتریش دەبێت بۆ ماوەی داھاتوو، سەبارەت بە مووچەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی کە لە بەشی دووی بایۆمەتری وەکو بەرنامە ھاتووە، ئەوەش خەریکە بەرەو تەواوبوون دەچێت کە ئەمەش دیسان لە خزمەتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیدا دەبێت، خەرجییەکانی حکوومەت، ئێستا بۆمان دیارە کە چۆن دەکرێن و چاودێرییەکی خێراتر و باشتر و پوختتری حکوومەت لەسەر ھەموو خەرجییەکان ھەیە و دەزانین خەرجی چۆن دەکرێت، ئەو شتانەی حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت دابینی بکات، بە چ شێوەیەک دابینی دەکات".
گوتیشی: "سەنتەری داتای ھەرێم بۆ مانگی چوار خەریکە بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەمەش تا ئێستا کاریکی زۆری بۆ کراوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناونووسکردنی ھاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەت پێیان لە رووی دیجیتاڵییەوە و لە زۆر رووەوە ھاوکار دەبێت بۆ ئەو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییانە وەکو مۆڵەتی ئۆتۆمبیل یان شۆفێرییە، سمارت کاردە، ئیقامەیە.. ھەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەربارەی خاڵە سنوورییەکان و رێکخستنەوەیان، رایگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاریی لایەنی پسپۆڕی بیانی توانیویەتی داھاتی خاڵە سنوورییەکان رێکبخات، یەکێک لەو خاڵانەی کارمان لەسەر کردووە پێداچوونەوەیە بەو گرێبەستانەی کراون، چونکە ھەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە خاڵە سنوورییەکاندا کار دەکەن پێویست ناکات ھەبن و گرێبەستەکانیان ھەڵدەوەشێتەوە، ھەروەھا ئەوانەیشی کە گرێبەستەکانیان لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا نین پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەربارەی قاچاخچێتیش لە خاڵە سنوورییەکان و پێکهێنانی ئەو هێزەی بۆ رێگری لە قاچاخچێتی پێشتر بڕیاری لێدرابوو گوتی: "یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کارمان لەسەر کردووە ئەو قاچاخچێتییەیە کە لە دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و کارمان کردووە بۆ ئەوەی رێگریی لێبکرێت، بەشێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەوەبوو کە بابەتی ئەو لێژنەی کە بەدواداچوونیان کردووە بەکوێ گەیشتووە، ئامادەیی ھەیە لە زۆر لە خاڵە سنوورییەکان کە پێشوازی لەو ھێزە بکەن بۆ رێگرییکردن لە قاچاخچێتی و ھاوکارییکردنی دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ھەموو شوێنێک وەکو یەک نییە، قسەی زۆرمان کرد کە ئەو ھێزە ھاوبەشە بۆ رێگریکردنە لە قاچاخچێتی و داھاتەکەیشی بۆ خەزێنەی گشتی و بۆ ھاووڵاتییانە و سوودمەند دەبن، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە نەگەیشتوونەتە ئەنجام و ھێزەکەش بۆ ھەموو شوێنێک نەنێردراوە ھێزەکەش پێویستی بە رێکخستنەوە و رێنمایی ھەیە، بۆیە لێژنەکە داوایان کردووە لەم ماوەیە دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەڵام وەکو خۆم سوورم لەسەرئەوەی ئەم دیاردەیە کۆتایی پێبھێنرێت و ئەو ھێزە ھاوبەشە با بچن لە ھەموو سنوورەکان جێگیربن، ئەگەر پێشیان خۆشە با یەکەمجار لە سنوورەکانی ھەولێر و دھۆک دەستپێبکەن ئینجا بچنە سنوورەکانی دیکە، ئەگەر کێشە و گرفتی سیاسیی ھەبێت مەبەستم، بۆیە سوورم لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو ھێزە جێگیربکرێت و پێیانمگوتوون کە لە ماوەیەکی نزیکدا جێگیربکرێن".
مەسرور بارزانی راشیگەیاند "یەکێکی دیکە لە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە دەرفەتی زیاتر بە کۆمپانیا بچووکەکان بدرێت، چونکە چەند کۆمپانیای زیاترھەبن دەرفەتی زیاتری کار دەرەخسێت و لە کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر دامەزراندنی حکومی ھاوکار دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی دۆخی ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی کۆرۆنا گوتی: "سەرەڕای ئەو دۆخەی بەھۆی کۆرۆنا دروست بوو و ئەو ھەموو کێشە داراییەی ھەبوون، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ بەشە بوودجەی بناردایە لەگەڵ ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی ھەرێمی کورستان کردوونی، کێرڤی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان بەرەو بەرزبوونەوە دەچوو".
مەسرور بارزانی دەربارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەرنامەی حکوومەتی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی نەوت رایگەیاند "یەکێک لەو بابەتانەی دەبێت کاریان لەسەر بکەین کڕیارەکانی نەوتن کە پێشتر قەرزیان بە ھەرێمی کوردستان داوە، یان لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٧ پارەی پێشوەختیان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوە، چونکە حکوومەتی فیدراڵ بوودجەی نەناردووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچار بووە قەرز بکات، نرخی نەوتی سۆمۆ سێ تا چوار دۆلار لە نرخی برێنت ھەرزانترە، نرخی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش لە نرخی سۆمۆ ھەرزانترە، چونکە ھەناردەکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان تاوەکو بەندەری جەیھان لەسەر ئەرکی ھەرێمی کوردستانە، بابەتی ھەناردەکردنی نەوت یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی عێراق لە رێگەی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە نەوت دەنێرێت و تا ئێستا ھیچ پارەیەکی ئەو ھەناردەکردنەی نەداوەتە ھەرێمی کوردستان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەربارەی پرسی لامەرکەزییەتی دارایی و ئیداری پارێزگاکان کە ماوەیەکە بابەتی گەرمی هەرێمی کوردستانە و قسەی لەسەر دەکرێت رایگەیاند "ئێمە لە حکوومەت خۆمان پرۆژەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و لامەرکەزییەتی ئیداریمان هەیە لە لایەکەوە دەمانەێت داهاتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی زیاد بکەین ئەمەش هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاریە بە هەموو پارێزگاکان، بەشێک لەو هەڵمەتەی دەکرێت بۆ بەئەلیکترۆنیکردن و بە ئۆنلاینکردن بۆ نەهێشتنی رۆتین و نزیککردنەوەی هەموو لایەنەکانە بەیەکەوە، کەواتە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی حکوومەت، بەڵام پرۆژەی دیکە لە دەرەوەی حکوومەت قابیلی قبوڵکردن نییە، چونکە ئەمە پرۆژەی هاوبەشە کاتی خۆی لە پەرلەمان هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی بەشدارن لە حکوومەت بەیەکەوە پرۆژەکەیان داناوە ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام ئەو بەڕێزانەی کە باسی لامەرکەزیەتی زیاتر لە پێویست دەکەن بەڕاستی تۆزێ جێگای سەرسوڕمانە، چونکە لەلایەکەوە دەیانەوێت بەهەموو شێوەیەک لە هەولێر دەسەڵاتەکان جیابکرێنەوە لەهەمان کاتدا ئامادەن هەموو دەسەڵاتەکانیش بدەن بە بەغدا، کەواتە لێرەدا سیاسەتێکی ناڕوون هەیە، چۆن لێرە داوای لامەرکەزییەت دەکرێت، بەڵام چۆن لەولاوە داوای مەرکەزیەتی حکوومەتی فیدراڵ دەکرێت، ئەمە پرسیارێکە هیوادارم خەڵک خۆی پرسیارەکە بکات و وەڵامەکەشی وەربگرێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی سەیری هەموو پارێزگاکان وەک یەک دەکەین و بەهیچ شێوەیەک لامەرکەزییەت بۆ پارێزگایەک نییە و بۆ هەموو پارێزگاکانە و بەو شێوەیە دەبێت کە لە بەرنامەی حکوومەتدا هاتووە".
مەسرور بارزانی دەربارەی مووچە و بڕیاری حکوومەت بۆ دابەشکردنی مووچە ٣٠ رۆژ جارێک و بڕی لێبڕینەکەی گوتی: "ئێمە قەت نەمانگووتووە بەو رێژەی لێبڕینە مووچە دابەشدەکەین ئێمە گوتومانە بەپێی ئەو بوودجەی بەردەست مووچە دابەشدەکەین، چەند بوودجەمان لەبەردەست بێت بەو رێژەیە ئێمە مووچە دابین دەکەین، بەداخەوە لەلایەکەوە لە بەغدا بوودجەمان بۆ نانێردرێت لەلایەکەوە تووشی قەیرانی ئابووری بووین لە هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت داهات بەشێوەیەکی گشتی هاتە خوارەوە ئەمە وایکرد ئەگەر ئەم جۆرە ریفۆرمانەی کە کردوومانە نەبوایە لەوانەیە تووشی دارووخانێکی ئابووری تەواو بووینایە، بەڵام ئەمە وایکرد هەرێمی کوردستان نەڕووخێت، ئێستاش ئەگەر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ گەیشتین بە رێککەوتنێک ئەو کات بەرچاوڕوون دەبین کە چ جۆرە بوودجەیەکمان لەبەر دەست دەبێت بۆ دابەشکردنی مووچە، من حەزدەکەم هاووڵاتییانی کوردستان باش بزانن حکوومەتی هەرێم پەرۆشی ژیانی ئەوانە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت بەهیچ شێوەیەک رێژەیەک لە مووچەکەیان ببڕدرێت، بەڵام ئەوەی هەیە ئەبێت ئێمە واخۆمان بگونجێنین هیچ نەبێت بتوانین ئیش و کارەکانمان بەڕێ بکەین و ئەوەی لەبەردەستیشە بڕی زۆری بۆ مووچەکان تەرخانکراوە، بابەتی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی حکوومەت و هەموویمان کەمکردووەتەوە بۆیەش پەنامان بردووەتە بەر کەرتی تایبەت بۆئەوەی کەرتی تایبەت پرۆژەکان جێبەجێ بکات تاوەکو ئێمە نەیەین لەو بڕە پارەیەی کە هەیە لە مووچە کەمبکەینەوە و لە پرۆژەکانی دیکەدا بەکاری بهێنین، هەموو ئەو شتنەمان لەبەر چاوگرتووە هیوادارین بتوانین هەموو ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بدەین، بەڵام بەو رێژەیەی کە لەبەردەستدایە، هیواداریشم بە بوژانەوەی ئابووری و زیادبوونی نرخی نەوت و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەنگاوی زۆر باشتر بنێین و ئینشائەڵڵا ئایندەیەکی گەشتریش لەپێشمان بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری هۆکاری دەستگیرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رێزێکی زۆرم بۆ رۆژنامەنووسان و پیشەی رۆژنامەنووسی هەیە و لەگەڵ ئازادی رادەربڕینم بە هەموو جۆرێکەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگری ئەوەنین کە رەخنە لە دەسەڵات یان لە لایەنێک بگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێموایە پێش هەموو کەسێک پێویستە رۆژنامەنووسان خۆیان بەرگری لەم پیشە پیرۆزەی خۆیان بکەن بەوەی کە نەهێڵن خەڵکانێکی تر بەرگی رۆژنامەنووس لەبەر بکەن و کارێکی دیکە بکەن، ئەوانەی کە گیراون لە بنەمادا نە چالاکوانن نە رۆژنامەنووسن هەندێک لەوانە سیخوڕبوون، سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیکە کردووە، هەندێکیشیان تێکدەربوون و چەکداربوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵکی بیانی لێرە و کوشتن و رفاندن و تێکدانی دۆخەکەیان کردووە، دەمەوێت دڵنیابن ئەوانەی کە گیراون نە چالاکوان بوون نە رۆژنامەنووس تەنها بەرگی رۆژنامەنووسیان لەبەرکردووە و لەژێرەوە شتی دیکەیان کردووە، حکوومەتی هەرێم بەهەموو جۆرێک پشتیوانی مافی رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕین دەکات و هەموو ئەو کەسانەی بیانەوێت دۆخەکە تێکبدەن لەژێر هەر بەرگ و ناوێکدا، یاسا هەیە بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵ بکات، هیوادارم رۆژنامەنووسان خۆتان ئامادەنەبن ئەو پیشەیەتان لەکەداربکرێت بەو جۆرە کارانەی ئەو کەسانە دەیکەن لە چوارچێوەی پیشەی رۆژنامەوانییدا".
مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵوشدا دەربارەی شنگال و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال گوتی: "تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە بەو شێوەیە کە پێشتر رێککەوتن بووە لەنێوان بەغدا و هەولێر کە چۆن ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت جێبەجێ نەکراوە، ئەو لایەنانەی کە پێویست بوو ئەو شوێنانەی بەجێبهێڵن، هێشتا لەوێ ماون و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین، تا ئێستا ئەنجام نەدراوە، کەواتە ئێمە بە جددی هێشتا چاوەڕێین رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە داخەوە کاتێکی زۆرمان لەدەست چوو، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند "ئەو شوێنانەی کە تورکیا هێرشی بۆ دەبات لە لایەنێکی دیکەوە پێشێلکراوە و خەڵکی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدات. ئەگەر لە رۆژی یەکەمەوە ئەوان (پەکەکە) رێزیان لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی هەرێم گرتبایە، تورکیا پێویست نەدەبوو کە هێرش ببات و خەڵکی هەرێمی کوردستان باجەکەی بدات، ٨٠٠ گوند بەهۆی ئەوان(پەکەکە)ەوە ئاوەدان نەکراوە. ئێمە لەگەڵ ئەوەین رێز لە سیادەی عێراق و هەرێمی و کوردستان بگیرێت و ئەوە بە هەموو لایەنێکەوە دەکرێت نەک تەنها لایەنێک".
news_share_descriptionsubscription_contact


