سياسەت, عێراق

مەسرور بارزانی: "لەم کابینەیەدا ھاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکوومەتە"

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "لەم کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا، دەبێت ماستەر پلان و مەرجەکانی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت".

Heman Hussein Yaseen  | 16.08.2022 - نوێکردنەوە : 17.08.2022
مەسرور بارزانی: "لەم کابینەیەدا ھاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکوومەتە"

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر کرایەوە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی گوتارێکدا رایگەیاند کە توانای ئەندازیاری خۆماڵی لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکاندا مایەی دڵخۆشییە و گوتی:

"کردنەوەی ئەم پێشانگایە زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە بەشێک لەو خاوەن پڕۆژانەی کە بەشداری ئەم پێشانگایەن، باسیان لەوە کرد کە پڕۆژە بیناسازییەکان بە توانای ئەندازیار و دیزایینەری خۆماڵی بونیادنراوە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگییدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون کرد و گوتی: "ئارامی، تەبایی و ئاسایش، بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر روو لە ھەرێمی کوردستان بکات و لێی نیشتەجێ بێت، گرنگی بە کەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام ھەند‌ێک لە پڕۆژەکان بێ کەموکوڕی نەبوون، لەو کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا، دەبێت ماستەر پلان و مەرجەکانی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت".

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ساڵانی رابردوو لە کابینەکانی پێشووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی وەبەر‌ھێنان و تەلارسازی دراوە و گوتی: "لەم کابینەیەشدا جەختمان کردووەتە سەر ئەوەی ماستەر پلانی شارەکان لەبەرچاو بگیرێت و پڕۆژەکان خزمەت بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، لەم کابینەیەدا ھاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکوومەتە".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "هەولێر دەتوانێت ببێتە یەکەم شار لە جیهان کە کۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تیایدا دروست دەکرێت، بێگومان شارەکانی دیکەی کوردستانیش تایبەتمەندی خۆیان هەیە، گرنگی زیاتر بە خانووبەرە و ئاوەدانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەردەوام بێت، هەندێک شت دەبێت زیاتر لەبەرچاو بگیرێت لە رووی کوالێتی و سەوزایی و ئەو مەوادانەی بەکاری دەهێنن، داوا دەکەم ئەو شتانە بەپێی ستانداردێکی نێودەوڵەتی بێت، حکوومەتی هەرێم بەردەوام بووە هاوکاری کەرتی تایبەت و گشتی کردووە، بەڵام دەکرێت هەنگاوی باشتر بنێین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر شێوازی هەندێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هەبوو بەتایبەت لەبارەی نزیکی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەیەکتر و کەمی سەوزایی لە پڕۆژەکان و تیایدا و گوتی: "لە دونیا کەشوهەوا گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆوە دەبینێت و ئەمەش وا دەکات بە بیابانبوون و وشکەساڵی هەبێت، دەبێت خۆمان بگونجێنین، چۆن دەتوانین لە بابەتی وەبەرهێنانیش یارمەتی ئەو بابەتە بدەین، زۆرجار بینیوومە رووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە قەرەبوو یان قوربانی بۆ زیاترکردنی پڕۆژەکان، ئەمە نابێت بەردەوام بێت، ئەمڕۆش سەردانی هەندێک لە پڕۆژەکانم کرد، بینیم خانووەکان زۆر لە یەکتر نزیکن، هیچ بوارێک بۆ سەوزایی یان نەفەسکێشانێک تیایدا نەماوەتەوە، ئەمە دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، داواش دەکەم هەتا ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەستیشیان بە پڕۆژەکانییان کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، چونکە خانوویەکی زیاتر مانای ئەوە نییە سیمایەک و ژینگەیەکی تەندروستتر دروست بکرێت و دەبێت خزمەتگوزاری و مەرجە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەت کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەت چۆن بگاتە نهۆمی سەرەوەی پڕۆژەیەک، نابێت بیر لە زیادبوونی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێتەوە بەبێ زیادبوونی خزمەتگوزاریی".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەبێت بابەتی کوالێتی بۆ ئاگرکەوتنەوە، بوومەلەرزە و لافاو لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت تەنیا سەیری بازرگانیکردن بە پڕۆژەکانەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت لەناو پڕۆژەکان بنکەی تەندروستی و قوتابخانە هەبێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان کرد و گوتی: "بڕیارمانداوە ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان بە نرخی کەم و درێژخایەن بۆ ئەو بەڕێزانەیە کە توانای ماددییان کەمە بتوانن سوودمەندبن و داواشم کردووە دەبێت ئەم یەکانە بە کوالێتییەکی باش و خزمەتگوزارییەوە پێشکەش بکرێت و رێژەی کرێچیی کەم بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت تەنیا دروستکردنی خانوو و تەلارسازی بەس نییە، بەڵکو دەبێت وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن