Heman Hussein Yaseen
25 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی رێوڕەسمی واژووکردنی گرێبەستێک لە بواری بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا سەرنجی خستە سەر گرنگیی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاشکرای کرد کە ساڵی داھاتوو ھەر ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی و جەختی لەوە کردەوە کە کۆتاییھێنان بە پشتبەستن بە کاری کاغەز و کارکردن بە دیجیتاڵی ئارەزوومەندانە نییە و کارێکی پێویستە.
مەسرور بارزانی گوتی: "وەک لە گوتاری دەستبەکاربوونم لە پەرلەمانی کوردستان و چەند بۆنەیەکی دیکە باسم کردووە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان و و بەھێزکردنی ژێرخانی تەکنەلۆجیامان دەکات، سەرەنجام وردە وردە ھەنگاونان بەرەو ئەوەی واز لە مامەڵەی کاغەزی بێنین، چونکە زەحمەتە ھاووڵاتییانمان دەیان کاتژمێر کاتی خۆیان لە چاوەڕوانیکردن بۆ ئەنجامدان و راییکردنی مامەڵەکانیان و کاروباریان بەسەر ببەن. لە کاتێکدا دەکرێت بە ماوەیەکی کەم و خێرایی و ئۆنلاین مامەڵەی ھاووڵاتییان تەواو بکرێت".

مەسرور بارزانی ئاماژەیشی بەوەکرد کە کۆتاییھێنان بە پشتبەستن بە کاری کاغەزی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی، کارێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییە و گوتیشی: "ئێمە ھیچ رێگایەکمان لەبەردەم نییە یان دەبێت لەگەڵ تەکنەلۆجیا پێش بکەوین و بەرەو پێشەوە بچین، یان لە رابردوودا بمێنینەوە، بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا نەک تەنها کارایی و شەفافییەت لە کاروباری حکوومەت زیاد دەکات، بەڵکو یارمەتیمان دەدات بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتیی کە ھاوشانی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا بێت، لەم رێگایەوە ھاووڵاتییانی کوردستان و سەردانیکارانی دامودەزگاکان و خاوەنکارەکانی کەرتی تایبەت دڵنیادەبنەوە کە بە ئاسانی و خێرایی دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و گوتی: "خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ گرێبەستێک واژوو دەکرێت لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی مولباوەری ئەڵمانی بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێری و خزمەتگوزاریی تۆمارکردن. ئەم گرێبەستە لە ساڵی پارەوە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و وەزارەتی ناوخۆوە تاوتوێ دەکرێت و بە ھاوبەشییەوە کاری لەسەر دەکرێت، لێرەوە ستایشی وەزیری ناوخۆ کاک رێبەر ئەحمەد و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کاک ھیوا فەندی و تیمەکەی گرووپی کۆمپانیای مولباوەر و سەرجەم ستافەکانیان دەکەم بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم کارە".
مەسرور بارزانی لەبارەی سوودی پڕۆژەکە گوتی: "لە ساڵی داھاتووەوە ھەر ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان دەبێت بە خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی، ئەمەش یەکەمین سیستەمی زانیاریی دانیشتوانمان بۆ دروست دەکات کە پێشمەرجێکە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی دیجیتاڵی. یەکەم خزمەتگوزاریش کە پێشبینی دەکەین لە ١٢ مانگی داھاتوودا بێتە ئاراوە، خزمەتگوزاریی شۆفێری و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەبێت کە زیاتر لە دوو ملیۆن ھاووڵاتی سوودی لێوەردەگرن و ھەموو شۆفێرێک کارتی زیرەکی دەبێت و یەکەکانی پۆلیسی گەڕۆکیش ئامێرێکیان دەبێت کە دەستبەجێ ئەو شۆفێر و ئۆتۆمبێلانە بەخێرایی کۆنترۆڵ بکەن".
مەسرور بارزانی هەروەها گوتیشی: "واژووکردنی ئەم گرێبەستە بەشێکی گرنگە لە ھەنگاو و ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو چاکسازی و مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ببینە حکوومەتێکی دیجیتاڵیی راستەقینە، لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دروستکردنی روانینێک لەنێوان وەزارەتە جیاجیاکان کە سەرەنجام دەبێتە ھۆی پێشخستنی شێوازی بڕیاردان و گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان".