ههولێر - شوان سدیق
هەرێمی كوردستان، بیست و سێ ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردنی گشتی تێدەپەڕێنێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش جەخت لەسەر یەكڕیزی لایەنەكانی سیاسی دەكاتەوە.
19.5.1992 یەكەم هەڵبژاردنی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی هاووڵاتییان، بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەرێوەچوو.
لەرۆژێكی وەكو ئەمرۆ 19ی ئایار، 23 ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردندا تێپەڕدەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بەو بۆنەوە رایدەگەیەنێت "یەكەم هەڵبژاردن، یەكەمین هەنگاو بوو بۆ دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتداریی لە هەرێمی كوردستاندا. پاشتریش ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەش بوو بەوێستگەی دامەزراندنی پەرلەمان و یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
هەروەها لەو بەیاننامەیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، رایشیدەگەیەنێت، هەرێمەكەمان و ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانێكی گەورەدایە.
لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوەش خراوەتەڕوو "شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و ململانێی هێزە گەورە و هەرێمایەتییەكانی ناوچەكەمان لەسەر بەرژەوەندییەكانیان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان، ئەوەمان لێدەخوازێت بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و خاكەكەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبییەكانەوە دابنێین و پەرۆشیمان بۆ پاراستنی كوردستان، لەم تەنگەژە گەورانە، بخەینە پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی ترەوە".
یەكەم هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، دوای راپەرینی ساڵی 1991ی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بوو.
دواتر لەسەر راسپاردەی بەرەی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە بەشداری نزیكەی ملیۆنێك دەنگدەر بەرێوەچوو بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەبووایە هەر حزبێك سەدا حەوتی دەنگەكانی مسۆگەر بكردبایە بۆ مسوگەركردنی كورسیەكی پەرلەمانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان 45،5 %، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، 43.61%، یەكگرتن كە پێكهاتبوون لە پارتی سۆشیالست و پارتی سەربەخۆیی كوردستان، توانیان 2.56% دەنگ بەدەست بهێنن.
لیستی ئیسلامیەكان، 5.5% دەنگ، یەكێتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی و بێلایەنەكان 2.17%، لیستی پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان، 1.02%، هەروەها لیستی سەربەخۆیی دیموكراتەكان 0.05% رێژەی دەنگەكانیان مسۆگەركرد.
پەرلەمانی كوردستان، لە ئێستادا لە خولی چوارەمیدایە دەبوو هەڵبژادن لە ساڵی 1996 ئەنجام بدرابوایە، بەڵام بەهۆی شەری نێوخۆوە دواكەوت لە 30 كانوونی دووەمی ساڵی 2005 خوولی دووەمی هەڵبژاردن ئەنجامدرا.
هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، 13 لیستی جیاواز بەشداریان لە ململانێكاندا كرد كەبەسیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی بەڕێوەچوو 1753919 كەس لەدانیشتوانی هەرێمی كوردستان لەكورد و توركمان، كلدان و ئاشووری، موسلمان و مەسیحی و ئیزیدی بەشداریانكرد.
لەهەمان هەڵبژاردن، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، لە 105 بۆ 111 ئەندام بە زۆرینەی دەنگ بەرزكرایەوە.
لە خولی دووەمی پەرلەمان، ئەو لیستانەی توانیان بگەنە پەرلەمان، "لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان" لایەنی پ.د.ك و ی.ن.ك و یەكگرتووی ئیسلامی و چەند لایەنێكی تر 104 كورسیان مسۆگەركرد لیستی كۆمەڵی ئیسلامیش، شەش كورسی و لیستی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و سەربەخۆكان یەك یەك كورسیان بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی خولی سێیەكی پەرلەمانی كوردستان، لە 25.7.2009 بەرێوەچوو لەو هەڵبژاردنەش 10 لیست توانیان بچنە پەرلەمان، لیستی كوردستانی پارتی و یەكێتی 59 كورسی، گۆڕان، 25 كورسی، هەروەها لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی حزبەكانی "كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، سۆسیالیست و ئایندە، 13 كورسی. بزووتنەوەی ئیسلامیش دوو كورسی. ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، یەك كورسی.
خولی چواری پەرلەمانی كوردستان، بەراورد بە خوولەكانی تر بەشداری حزب و لیستە جیاجیاكان، زیادیكرد رۆژی 21.9.2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەسیستەمی نیمچەكراوە بەرێوەچوو.
لە هەڵبژاردنەكەدا 31 لیست بەشداری پرۆسەكەیان، 17 لەو ژمارەیە لیستە توانیان سەركەوتن بەدەستبێنن و برۆنە پەرلەمانی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان، 38 كورسی. بزووتنەوەی گۆڕان، 24 كورسی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان، 18 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی، 10 كورسی. كۆمەڵی ئیسلامی، شەش كورسی. بزووتنەوەی ئیسلامی یەك كورسی. لیستی سۆسیالیست و ئازادی و ئاراستەی سێیەمیش هەر یەكەیان و كورسیەك.
هەروەها لەو 111 كورسیەی پەرلەمانی كوردستانیش كە 11 كورسیان وەك كۆتا بۆ نەتەوەكانی توركمان و كلد و ئاشوری و ئەرمەن دیاریكراوە، لیستی پێشكەوتنی توركمان، دوو كورسی. لیستی هەولێری توركمانی كورسیەك، لیستی گۆڕان و نوێبوونەوەی توركمانی یەك كورسی. بەرەی توركمانیش كورسیەك. لیستی رافیدەین دوو كورسی. ئەنجوومەنی كلدانی سریانی ئاشووری. دوو كورسی. بەیت نەهیرین و لیستی ئەرمەن یەكی یەك كورسی.
ئەگەر بەراوردی خولی چوارەم بەرامبەر بە خوولی یەكەم بكرێت، ئەوا لە ئێستادا خولی چوارەم 10 لیست زیادیكردوە، بەو پێیەی لە خولی یەكەم تەنیا 7 لیست چوونە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە خولی چوار 17 لیستی جیاجیا نوێنەرایەتی هاووڵاتییان دەكەن.