ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچن ئاكدۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی tgrthaber دا باسی چەندین پرسی گرنگی رۆژەڤی سیاسی توركیای كرد و لە بارەی تەقینەوەكانی نێو بارەگاكانی مەرسین و ئەدەنەی هەدەپەوە گوتی: "ئەوە زۆر گرنگە بزانین كێ ئەو تەقینەوانەی ئەنجامداوە، مەبەستی چی بووە و ئەو تەقینەوانە سوودیان بۆ كێ دەبێت. تا ئەمڕۆ چەندین جار هێرشیكراوەتە سەر ناوەندەكانی هەدەپە، بەڵام بەرپرسانی ئەو هێرشانە بە خێرایی دەستگیركران و ئامانجیان لەو هێرشانە ئاشكرا كرا، لێرەدا ئەوەی دیارە ئەوەیە كە گوایا ئاك پارتی ئەو هێرشانەی پێكهێناوە و سوودیان بۆ ئاك پارتی دەبێت و بەرپرسیاردیتنی ئاك پارتی و سەركۆماری توركیا لەو بارەوە شتێكی زۆر ناشیرینە".
ئاكدۆغان لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بەرامبەر لێدوانەكانی هاوسەرۆكی كەجەكە جەمیل بایك كە گوتبووی "ئێمە بە هێرش كردن وەڵامی هێرشەكانی ئاك پارتی نادەینەوە" گوتی: "ئەو قسە تەنیا گەوجاندنە و هیچی دیكە نییە. ئاك پارتی پارتییەكە كە هیچ جۆرە پەیوەندی بە توندوتیژییەوە نەبووە و نابێت. لێرەدا كامە پارتی بە توندوتیژی سیاسەت دەكات، ئایا تا ئەمڕۆ هیچ كارێكی ئاك پارتی بە توندوتیژییەوە هەبووە؟ ئایا ئاك پارتی هیچ هاوكاری لە تیرۆر، توندوتیژی و گوشار خستنەسەر وەرگرتووە؟ لە توركیا تەنیا یەك پێكهاتە هەیە كە سیاسەتی ئاوێتەی توندوتیژی كردووە و توندوتیژی پەیڕەو دەكات ئەویش هەدەپەیە. رێكخراوێكی تیرۆریستی هەیە كە چەكی لە دەستە، هەدەپە لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا پەیوەندی هەیە، مرۆڤ شەرم دەكات كاتێك باسی ئەمە دەكات، تۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی و لەوێش بەبێ ئەوەی شەرم بكەی قسە دەكەی. ژمارەیەك خەڵكت كوشتووە، پەیوەندی سیاسیت لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستیدا هەیە و لێرەدا بڕیار دەدەی. ئەمە هەوڵدانێكە بۆ نیشاندانی بێ تاوانی خۆت".
ئاكدۆغان گوتی: "لە دوای تەقینەوەكان من بە توندی ئیدانەی ئەو تەقینەوانەم كرد بەڵام زۆر بە بێ شەرمانە وەڵامیان دایەوە و ئەو جۆرە وەڵامانە نیشانەی نەبوونی ئەخلاقی سیاسییە، لە كاتی روودانی رووداوی بەو جۆرەدا پارتەكانی سیاسی هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان بۆ یەكتر دەردەبڕن و بەو جۆرە وەڵامی یەكتر نادەنەوە و ئەم وەڵامدانەوەی هەدەپە هاوكات نیشانەی ئەوەیە كە تا چ رادەیەك خاوەن ئەخلاق و كەلتووری دیموكراسییە. ئێمە ئیدانەی ئەو كریارانەمان كرد و ئەو جۆرە هێرشانە كە دەكرێنە سەر هەر پارتییەكی سیاسی لە راستیدا كراونەتە سەر هەموو دامەزراوەكانی سیاسی وڵات، هێرشێكە كە كراوەتە سەر دیموكراسی توركیا، ئێمە بەو جۆرە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هێرشانە دەكەین و دەوڵەتیش بەو پەڕی هێز و توانایی خۆیەوە هەوڵ بۆ قەرەبوو كردنەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەران دەدات و تا ئەمڕۆ دەوڵەت هەر بەمجۆرە هەڵسووكەوتی كردووە. قەندیل و هەدەپە بە یەك زمان قسە دەكەن، لێرەدا پارتێكی سیاسی هەیە كە كەوتووتە ژێر ئەمر و فەرمانی رێكخراوێكی تیرۆریستییەوە، كێ چەك و بۆمب دەخاتە نێو توركیاوە؟ ئەو رێكخراوە بەشێكە لە كەمپەینی پڕۆپاگەندەی هەدەپە، ئەو رێكخراوە بە چالاكییەكانی تیرۆریستیی كەمپەینی پڕۆپاگەندە بەڕێوە دەبات و هەڕەشە لە یەك بە یەكی خەڵك دەكات".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی رۆژهەڵاتدا ئاكدۆغان گوتی: "دەوڵەت هەر جۆرە رێوەشوێنێكی پێویستی گرتووتە بەر و رۆژی دەنگدانیش ئەو رێوەشوێنانە بەردەوام دەبن".
بەڵام سەرەڕأی هەموو ئەو رێوشوێنانە رێكخراو درێژە بە هەڕەشە كردن و گوشار خستنە سەر خەڵك دەدات بۆیە ناتوانم بڵێم كە ئەو رێوشوێنانە بوونەتە هۆكاری نەمانی هەڕەشە و گوشارەكانی ئەو رێكخراوە، بۆیە لە ناوچەكەدا بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتەكانی دیكە زۆر زەحمەتە، هەڕەشە لە خەڵك دەكرێت و ئەمەیش دەبێتە هۆی دروست بوونی شك و گۆمان لەسەر دەنگەكانیان، ئەگەر هەدەپە بۆ خۆی ماڵ بە ماڵ نەگەڕێت و هەڕەشە نەكات ئەوا رێكخراوێكی تیرۆریستی لە پشتی هەدەپەیە و ئەو رێكخراوە ئەم كارە دەكات، ئەمەیش بۆ خۆی هەڕەشەیەكی زۆر گەورەیە و ئەمە بارودۆخێكە كە دەبێتە هۆی تیرۆریزە كردنی سیاسەت، بۆیە لەمەو بەدواوە هەدەپە بۆی نییە بە خۆی بنازێت و بڵێت من ئەوەندە دەنگم بەدەستەوە هێناوە. چونكە لە پشتی هەدەپەوە رێكخراوێكی چەكدار هەیە، پێویستە خەڵك ئەمە بە باشی بزانێت كە گرنگ ئەوە نییە دەنگ بە كێ دەدەن گرنگ ئەوەیە بزانن كە ئەو لایەنەی دەنگی پێ دەدەن كێ لە پشتە.
ئاكدۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لێرەدا هەڕەشە و مەترسی هەیە، هەبوونی پەكەكە و هەبوونی چەك لە دەستی پەكەكە بە سەری خۆی هەڕەشەیە، با چەك دابنێت ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە و ئەو كاتە ببینین كە رێّژەی دەنگەكانی چەندە، بەشداریكردنی هەدەپە وەكو پارت لە هەڵبژاردنەكاندا پڕۆژەیەكە هەدەپە بە نادڵی خۆی تێكەڵی ئەو پڕۆژەیە كردووە، بڕوای بەوە نەدەكرد كە بەربەستی سەدا 10 تێپەڕ بكات و ناچار كرا كە وەكو پارت بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات.
ئاکدۆغان گوتی: "بۆ ئاستەنگ كردن و رێگریكردن لە ئاك پارتی پارتەكانی سیاسی دیكەی توركیا لە نێو خۆیاندا رێككەوتوونە و ئەمەیش پڕۆژەیەكە بۆ لە ناوبردنی قۆناغی چارەسەری. قۆناغی چارەسەری و گۆڕانكارییەكانی تایبەت بە قۆناغی چارەسەری لە لایەن ئاك پارتی دەستیان پێكراوە و هیچ پارتێكی دیكە پشتگیری ئەو پڕۆسەیەی نەكردووە.
ئاكدۆغان بەمجۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "سیاسەت و ئایدئۆلۆجیای هەدەپە بۆ توركیا خاوەن كێشە و گرفتە، ئایا پڕۆژەی سیاسی ئەمڕۆی هەدەپە چییە؟ خۆسەری دیموكراتیك،خۆسەری دیموكراتیك پڕۆژەیەكی سیاسی پەكەكەیە و وشەی دیموكراسییان پێوە كردووە بۆ ئەوەی خۆشتر دەربكەوێت، مەبەستیان لە خۆسەری دامەزراندنی كانتۆنە وەكو ئەوەی لە كۆبانێ و شەنگالدا دروستیان كردووە، شتێكی بەمجۆرە نابێت. دوێنێ هەدەپە و دەبەپە دووبارە لێدوانیان داوە و جەختیان لەو كردووەتەوە كە هەڵوێًستی ئێمە توركیای ئازادی و كوردستانی ئازادە و بەو جۆرە كوردستانی ئازاد وەكو پڕۆژەیەكی سیاسی بە ئاشكرایی دەخەنە ڕوو، بەڵام ئامانجی ئێمەیش توركیای ئازادە.
ئاكدۆغان گوتی: "من زۆربەی جاران گوتوومە بۆ ئەوەی هەدەپە بتوانێت لە بەرامبەر پەكەكەدا بەهێز بێت پێویستە هەدەپە خۆی بكاتە پارتێكی توركیایی، ئایا ئەوەی ئێستا دەكرێت ئەمەیە؟ ئایا هەدەپە حاڵی حازر دەیەوێت ببێتە پارتێكی توركیایی؟ هەدەپە لە كاتی دامەزراندنی خۆیدا گرووپی لاوازی چەپگەری لە خۆ گرت بۆیە نەیتوانی ببێتە پارتێكی توركیایی، ئایا تێگەیشتنی هەدەپە لە توركیا چییە؟ چ قسەیەكی هەدەپە بۆ خەڵكی ترابزۆن و ئەدرنە هەیە؟ بێگۆمان كە هیچ شتێكی هەدەپە بۆ ئەو خەڵكە نییە".
ئاكدۆغان جەختی لەوە كردەوە كە شوێن و رێگای چارەسەر كردنی هەر پرسێك سیاسەتە و پێویستە چەكەكان وەلاوە بنرێن و ئێمە لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا بۆ ئەو مەبەستە هەوڵمان داوە.
ئاكدۆغان گوتی: "بەهێزبوونی پارتێك كە لە ژێر ئەمر و فەرمانی رێكخراوێكی تیرۆریستیدایە بە مانای بەهێزبوونی دیموكراسی نییە، ئەگەر بێت و هەدەپە بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێپەڕ بكات ئەوا هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەوە نییە كە هەدەپە وەكو رووداوەكانی كۆبانێ دووبارە خەڵك نەڕژێنێتە سەر شەقامەكان. ئایا هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەوە هەیە كە هەدەپە لە كاتی تەنگانەدا داوای هاوكاری لە رێكخراوی تیرۆریستی نەكات؟ چونكە هەر شتێك كە روو دەدات پیاوەكانی قەندیل قسە دەكەن، سەیر بكەین ئەوە چەند رۆژە قسە دەكەن، شتێك لە باڵەخانەی پارتییەكدا روویداوە، پیاوەكەی قەندیل دەستی بە هەڕەشە كردن كردووە، ئەمە چ جۆرە پەیوەندییەكی سیاسییە. پێویستە هاووڵاتییان ئەم شتانە ببینن، ئایا زمانی ئەندامانی هەدەپە نییە؟ با بۆ خۆیان قسەی خۆیان بكەن، بۆ چی تیرۆریستێك لە جیاتی ئەوان قسە دەكات؟ بۆچی تیرۆریست دەستوەردانی سیاسەت دەكات، پێویستە هەركەس لەم شتانە تێ بگات".
news_share_descriptionsubscription_contact
