hemn husain
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2016
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بەبێ پاشكەوت كردن دابەش دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان فوئاد عوسمان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەكو ئاگادارن كە هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووەتەوە و ئەمەش وای كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێك بگرێتە بەر لەوانەش پاشەكەوتكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەی رابردوودا خشتەیەكیان بڵاوكردەوە و ئاماژە بە رێژەی پاشەكەوتەكەش كرابوو". سەبارەت بە پاشەكەوتكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، فوئاد عوسمان رایدەگەیەنێت كە دوای هەوڵێكی زۆر توانرا مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەستكاری نەكرێت و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "دوای دەرچوونی ئەم خشتەیە، بەخەمخۆری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، توانرا بڕیاری ئەوە بدرێت كە مووچەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان پاشەكەوتی لێنەكرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانیش دڵنیایی دەداتە كەسوكاری سەرجەم شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و لە درێژەی قسەكانیدا فوئاد عوسمان گوتی: "دڵنیایی دەدەینە سەرجەم كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كە لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەكانییان بەبێ پاشەكەوت پێ دەدرێت لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی داوەتە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە لە مانگەكانی داهاتوودا پێداچوونەوە بە لیستی مووچەكانیان دەكرێت".
ئەمەش لە كاتێكدا دێت كە پێشتر حكوومەتی ھەرێم رایگەیاند بوو كە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەشێك لە مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی دیكە پاشەكەوت دەكەن، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دڵنیایی دەداتە سەرجەم كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كە مووچەكانییان پاشەكەوت ناكرێت و وەكو پێشووتر مووچەكانییان وەردەگرن.