Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
سلێمانی - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان مەسعود حەیدەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین هەڵوێستی حكوومەتی عێراقی بەرامبەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كێشە و لێكترازانی ماڵی شیعەی عێراقی و كاریگەری ململانێی نێودەوڵەتی لەسەر شیعەكان، حەشدی شەعبی و مەترسییەكانی ئەو هێزە لەسەر ئایندەی عێراق دەكات.
"لەسەر ئاستی حكومی و حزبی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێدەكاتەوە "
مەسعود حەیدەر كە هەفتەی رابردوو وەك لیژنەیەكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كۆبوویەوە، لەبارەی دوایین هەڵوێستی حكوومەتی ناوەندی لەسەر پرسی ریفراندۆم و كێشەكانی نێوان هەردوولا دوا.
ئەو گوتی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رەسمی لە لێدوانەكانیدا تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ پرسی ریفراندۆم نییە و هەندێكجار ئاماژە بەوە دەكات ئەم بابەتە دەستووری نییە، كە من پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەوم هەیە و پێم وایە بابەتی ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووری نییە رێگر بێت و رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام جەخت كرایەوە لەو دانیشتنەدا كە پێویستە گفتوگۆ بكرێت و لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە باس كرا لەوەی لەسەر دوو ئاستی جیاواز بڕیار دراوە گفتوگۆ دەست پێبكات كە یەكیان ئاستە حكوومییەكەیەتی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا، ئەوەی تریان لەسەر ئاستی سیاسی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق. ئەو هەنگاوە شتێكی زۆر باشە و هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست و راست و هەرێمی كوردستان پێویستی بەم جۆرە دیالۆگانە هەیە لەگەڵ عێراقدا".
ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و گۆڕانكاری نێو لایەنە شیەكانی عێراق و جیابوونەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق عەممار حەكیم و پێكهێنانی حزبێكی نوێ و كاریگەری ململانێكانی ئەمریكا و ئێران لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە گوتی: "ئەم گۆڕانكارییانە لە ئەحزابی سیاسی عێراقی كارێكی باشە و پێدەچێت هزری نوێ و وزەی نوێ بخاتە نێو ئەحزابی سیاسی عێراقی، لە دوای ساڵی 2003 ەوە جۆرێك لە چەقبەستوی لە ئەدا و ئیشكردن و كۆی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق دروست بووە، ئەوەشی ئێستا لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی روودەدات بەشێكە لە ململانێی هزرەكان و نەوەكان و ئەوەش شتێكی زۆر ئاساییە. ئەوان لە ساڵی 2010 ەوە ئەم كێشانەیان هەیە و زۆر هەوڵ دراوە لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبەكەیان و عێراق و هەندێك وڵاتی دۆستی عێراق و حزبەكەش، بەڵام لە ئەنجامدا عەممار حەكیم بڕیاریدا ئەو حزبە بەجێبهێڵێت و بە تێڕوانین و بەرنامەیەكی نوێ حزبێكی تازە دروست بكەنەوە و هەوڵ بدەن پانتاییەكی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق داگیر بكەن و ببێتە مایەی ئەوەی تەكانێك لە چاكسازییە سیاسییەكە كە لە عێراقدا هەیە بدات، ئێمە پێویستمان بەم جۆرە گۆڕانكارییانە هەیە لە ئەحزابی سیاسی تا لە شێوازە تەقلیدییەكەی دەربچێت.
دەوڵەت كە لاواز دەبێت دەستێوەردان تێیدا كارێكی زۆر ئاسان دەبێت، لە دوای ساڵی 2003 شەوە هەم وڵاتانی ئیقلیمی توانیویانە شوێن پێی خۆیان بكەنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، یەك لەو هەڵانەی ئەمریكا كردی جێهێشتنی عێراقێكی لاواز بوو لە روی سەربازی و دارایی و دامەزراوەییەوە كە ئەوەش هەڵەیەكی ستراتیجی گەورە بوو ئیدارەی ئۆباما كردی و وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەتی ئێران توانی پێگەیەكی زۆر بەهێز لەناو عێراق بۆخۆی دروست بكات و تا رادەیەكی زۆر كۆنترۆڵی گۆڕەپانە سیاسییەكە بكات.
ئێستا ئەو ململانێیانە سەری هەڵداوەتەوە و ئەمریكا دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانەكە و بە راستەوخۆیی بووەتە بەشێك لە ئالیەتی بڕیاردان و میكانیزمی بڕیاردان لە عێراقدا".
مەسعود حەیدەر دەشڵێت "لە پشت پەردەوە ئەم شەڕە هەیە و ئێمە ئاگاداری هەندێك وردەكارین، رەنگدانەوەكەشی ئەوەیە كە ئێستا هەم ماڵی شیعە بووەتە دوو بەرە كە رەنگە هەندێك لەو نێوەندەدا مابێتەوە.
پێدەچێت لە ئایندەدا لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا حزبی دەعوەش روبەڕوی هەمان دۆخی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ببێتەوە و لێكترازان و حزبی نوێ دروست ببێت، ئەوەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەیە كە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی روو دەدات".
"سەرۆكوەزیران دەسەڵاتی بەسەر حەشدی شەعبی نییە و ئەم هێزە كار بۆ دیاری كردنی سەرۆكوەزرانی داهاتوو دەكەن"
ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لەبارەی حەشدی شەعبی دواو ئاماژە بەوە دەكات ئەو شەرعیەتەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان و ئەو بەرگرییەی لە بەرامبەر داعش بەدەستی هێناوە جێگای مەترسییە، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات سەرۆكوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەم هێزانەدا نییە و بۆ خۆیان كار لەسەر دیاری كردنی كاندید بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن.
مەسعود حەیدەر گوتی: "پێشتر لایەنە عێراقییەكان هێزی چەكداری خۆیان هەبووە و دوای دامەزراندنی حەشدی شەعبی ئەو هێزانە بەشێكی كەمی هێزەكانیان ناردووەتە ناو حەشدی شەعبی و لە ژێر ئەو چەترەدا شەرعیەتێكی یاساییان پێدراوە، ئەوەی كە مەترسییەکە ئەوەیە حەشدی شەعبی ئێستا مەشروعیەتی بەرگری هەیە كە بەرامبەر تیرۆر هەیبووە. ئێستا حەشدی شەعبی هێزێكی سیاسیشی هەیە و هێزە سیاسییەكەی هەڵقوڵاوی ئەو رۆحی بەرگریەتەیە كە بەرامبەر بە داعش هەیبووە، وڵاتانی ئیقلیمیش جارێكی تر سوود لەوە وەردەگرنەوە. ئەو حزبانەی هێزەكانیان بوونەتە بەشێك لە حەشدی شەعبی ئەوە دەكەنە كەرەستەیەكی بانگەشەی راگەیاندن و سوودی لێوەردەگرن و رەنگە كاریگەری زۆریشی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێت و هەوڵیش دەدەن كاریگەری زۆریان هەبێت لەسەر دیاری كردنی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق. سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و پێویستە ئەم هێزانە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ئەو بن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی من سەرۆكوەزیران ئەو هێزەی نییە بەسەر حەشدی شەعبی و هێزە چەكدارەكانی حەشدا، بەڵكو بەسەر هێزەكانی تری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری هەیەتی.
حەشدی شەعبی ئینتیمای حزبی تائیفیان زیاترە هەرچەندە قوربانییەكی زۆریان داوە و توانیان گۆڕانكاری لە هاوكێشەی سەربازی لەگەڵ داعش بكەن، بەڵام لە ئێستاوە كار بۆ ئەوە دەكرێت كەسایەتییەكی سەربازی لەناو حەشددا بەهێز بكرێت و ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئەوان كاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق".