Cemal Sargati
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2017
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، مەریوان نەقشبەندی رایگەیاند "ژمارەی ئەو كەسانەی کە لە ساڵی 2013 و 2014 لە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندییان بەداعشەوە كردووە نزیكەی 500 گەنج بووە كە تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 25 ساڵیدایە".
مەریوان نەقشبەندی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو ژمارەیە تا ئێستا زیاتر لە 300 كەسیان كوژراون و 150 كەسیشیان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، هەندێك لەوانە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان ئازادكراون و هەندێكی تریشیان لە ژێر چاودێریدا ماونەتەوە بەبێ ئەوەی هیچیان حوكم درابن".
نەقشبەندی ئەوەشی گوت، تائێستا هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئەوە نییە چەند داعش بەدیل گیراون و لەو ژمارەیە چەندیان كوردن.
مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی زانیارییەكانیان لە ناوەڕاستی ساڵی 2015شەوە هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندی بەداعشەوە نەكردووە، ژمارەی ئەو كوردانەشی تائێستا چارەنووسیان نادیارە نزیكەی 30 كەس دەبن.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنەی پێكهێناوە بۆ رووبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی، لیژنەیەكیان پەیوەندە بەمیدیاكانەوەیە كە چۆن هاوكاربن بۆ ئەوەی كە فكری توندڕەوی بڵاو نەبێتەوە و هاوسۆزی لەگەڵ داعش جارێكی تر پەیدا نەبێت، لیژنەكەی تریشیان پەیوەستە بەهۆكاری رۆیشتنی ئەو كوردانە بۆ ناو داعش".
نەقشبەندی باسی لەوەش كرد، وەك وەزارەت پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، لە رێگەی كەسوكارەكانیانەوە ئاسانكارییان كردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانە لەناو داعشەوە بۆ هەرێمی كوردستان.