هەولێر
ئەندامێكی لێژنەكە گوتی هەندێك كەس و بازرگان هەن بەنزینی خراپی ناوچەكانی دیكەی عێراق دەهێنن و لەگەڵ بەنزینی كوردستانی تێكەڵی دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەممە لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان پرێس كۆنفڕانسێكی بۆ جێگر و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامانی لەمەڕ دابەزینی كوالیتی بەنزین لە هەرێم لە باڵەخانەی پەرلەمان بەست.
جێگری سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان دڵشاد شەعبان لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "دوای ئەوەی بەدواداچوونییان بۆ كوالیتی بەنزین لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم كردووە بۆیان دەرچووە كە دابەزینی بەخۆوە بینیوە و كێشەی دروستكردووە".
شەعبان گوتیشی: "پاش ئەوەی بۆمان دەرچوو لە سنووری هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم دهۆك و هەولێر و سلێمانی كوالیتی بەنزین زۆر زۆر خراپ بووە و بووەتە هۆی ئەوەی زۆر ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییان لەكاربكەون، بۆیە ئەمڕۆ لە لێژنەكەمان كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان لەسەر ئەو كەیسە كرد و بەدواداچوونمان لە هەرسێ پارێزگاكە لەوبارەیەوە كردووە، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەین و دەبێت ئەو وەزارەتە بەدواداچوونی زیاتری بۆ بكات، دەمانەوێت لەگەڵیاندا بگەینە رێگەچارەیەك بۆ كۆتایی هاتنی ئەم كێشەیە".
دڵشاد شەعبان ئەوەشی دوورخستەوە كە تێكچوونی كوالیتی بەنزین بەهۆی دابەزاندنی نرخەكەیەوە بێت كە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە حكوومەتی هەرێم لە 900 دینارەوە بۆ 700 دینار بۆ هەر لیترێك كەمی كردەوە، ئەو گوتیشی: "مەسەلەكە نرخی بەنزین نییە، هەندێك زانیارییمان لەوبارەیەوە دەستكەوتووە لە هەندێ سەرچاوە و لەگەڵ وەزارەت باسیان دەكەین و بزانیین شێوەی دروستی ئەو كێشەیە لەكوێیە و بۆچی هەیە".
ئەو پرێس كۆنفڕانسەی لێژنەكەی پەرلەمان پاش چەند رۆژێك دێت لە تێكچوونی كوالیتی بەنزین لە هەرێمی كوردستان و گلەیی شۆفێران لەوبارەیەوە كە بە هۆی ئەو كوالیتییە خراپەوە چەندین ئۆتۆمبیل سووتاون و بە دەیان ئۆتۆمبیلیش تێكچوون و خراپ بوون.
لەلای خۆیەوە ئەندامی لێژنەكەی پەرلەمان دكتۆر عزەت سابیر لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆلوش ئامادەی بوو گوتی: "دەیان ئۆتۆمبیل سووتاون و سەدان ئۆتۆمبیلیش پەكیان كەوتووە لە چەند رۆژی رابردوو، ئەوە ئەركی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشە بكات، چونكە ژینگەش پیس دەكات و ماددەی خراپیش بڵاودەكاتەوە، ئێمە دەزانین دەست هەیە و بازرگان هەیە بەنزینی خراپ لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە دەهێنن و تێكەڵ بە بەنزینی دیكە دەكرێت، بۆیە دەبێت وەزارەت ئەو كەسانە سزابدات كە ئەو كارانە دەكەن".