هەولێر
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ٦ ئەندامی گرووپێکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر راگەیاند کە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون.
بە پێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەندامانی ئەو گرووپە دوای ئەوەی بەیعەتیان بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داوە، ویستوویانە لە شاری هەولێر چالاکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام دەستگیر کراون.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانرا گرووپێکی تیرۆریستی داعش دەستگیر بکرێت و سەرجەم پلانەکانیان پۆچەڵ بکرێتەوە.
ئەو گرووپە دەستگیرکراوە پێکدێن لە ٦ تیرۆریست و سەرجەمیان دانیشتووی هەولێرن، تیرۆریستان دانیان بەوە داناوە لە رێگەی کەسانی توندڕۆ لە مزگەوتەکان بە بیری توندڕەۆیی پەروەردە کراون و دواتر پەیوەندیان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش گرێ داوە.
ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە لایەن داعشەوە داوایان لێ کراوە کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستە گرووپەکە 18 بۆمبیان ئامادە کردووە و چەند شوێنێکی مەدەنییان دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و تێکدانی باری ئارامی کوردستان.
بە چاوکراوەیی دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی ئەم گرووپە پیلانە گڵاوەکانیان جێبەجێ بکەن، دەستگیر کران و سەجەم ماددە تەقینەوەکانیش دەستیان بەسەرداگیرا.
بە پێویستی دەزانین سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین کە بەردەوام هاوکار و پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەکانن، کەسوکاری هەندێک لەو تیرۆریستانەش لەو ئۆپەراسیۆنەدا، هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان بوون. لێرەشەوە داوا لە لایەن پەروەردەیی و ئاینییەکان و خانەوادە بەڕێزەکان دەکەین، هەوڵی جددی و هەمەلایەن بدەن، لە پێناو هۆشیارکردنەوەی گەنجان و پاراستنیان لەو تەوژمە توندڕۆیی و تیرۆریستییەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بە تایبەتی ئەرکی زانا و مامۆستایانی ئاینی ئیسلام لەم رووەوە بە گرنگ و پێویست دەزانین تاکو لە رووی هزرییەوە رووبەڕووی فکری توندڕۆیی ببنەوە کە فکرێکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردستان.