وەزیری دەرەوەی روسیا سەرگێ لاڤرۆڤ بۆ ئاژانسی فەرمی روسی ریانۆڤۆستی هەڵسەنگاندنێكی لە بارەی خۆكاندیدكرنی بەشار ئەسەد بۆ سەركۆماری سوریا كرد و گوتی: "ئەگەری ئەوە هەیە بەشار ئەسەد جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری سوریا كاندید بكاتەوە. بە گوێرەی هەندێ وڵات بەشار ئەسەد شەرعییەتی نەماوە، بەڵام گەر پشتگیری گەلی سوریا بۆ بەشار ئەسەد نەبووایە, لە ماوەی دوو ساڵدا حكومەتی سوریا دەڕووخا. كاتێ وڵاتی ئەوروپی بینن گروپی تیرۆریستی لە سوریا دەبنە دەستەڵاتدار، ئەمە مەترسیان زیادتر دەبێ."
لاڤرۆڤ باسی كۆنگرەی جنێڤ 2ی كرد و گوتی: "هەوڵمان دەدەین لە كۆنگرەی جنێڤ دوو چارەسەریەك بۆ قەیرانی سوریا بدۆزینەوە. لەو بڕوایەدان چەند بەشداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە كۆنفڕانسەكەدا فراوانتر بێ، گەیشتن بە چارەسەری باشتر دەبێ."
لە بارەی داوەتكردنی ئێران بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێڤ 2 لاڤروڤ گوتی: "ئێران ئامادەیی دیاركردووە بەشداری كۆنفڕانسی جنێڤ دوو بكا گەر داوەت بكرێ."
لاڤروڤ باسی هەڵوێستی روسیا لە بارەی قەیرانی سوریا كرد و گوتی: "خالی یەكەمی روسیا بۆ كۆنگرەی جنێڤ 2 وەستاندنی شەڕی ناوخۆ و خاڵە دووەمیش كردنەوەی دیالۆگی بنكەفراوان لە نێوان لایەنەكانی سوریادایە."