Dilşad Seyfeddin Ahmed
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2016
كۆنفراسەكە لە هۆڵی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازانی ئەو حزبە بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری گشتیی كۆنفراسەكەش محەمەد بامۆكی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای كۆنگرەی سێی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان یەك لە خاڵە گرنگەكانی كۆنگرەكە جەختی لەسەركردەوە كە گرنگی پێبدرێت لایەنی بانگەواز و پەروەردە بوو، لەم پێكهاتەشدا ئەنجوومەنی بانگەواز و پەروەردە سەرپەرشتی سەرجەم ئۆرگانەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی دەكات".
ئەو گوتی: "بە پێویستمان زانی دوای پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە، كۆنفراسێكی تایبەت بۆ بانگخوازانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ساز بكەین بۆ ئەوەی كاری بانگەواز لەناو كۆمەڵ سازبكەین بۆ ئەوەی كاری بانگەواز لەناو كۆمەڵ بەرەو پێشەوە بەرین و پەرەی زیاتری پێبدەین".
بامۆكی ئاماژەی بەوەش كرد، كۆنفراسەكە ماوەی یەك رۆژ دەخایەنێت و شەش تەوەر لەخۆ دەگرێت لەسەر ئەوەی چۆن كار لەسەر بانگەواز و بەرەو پێشەوە بردنی بكەین و كاری پەروەردە لە ناو كۆمەڵی ئیسلامیی گرنگی زیاتری پێبدرێت.
لەلای خۆیەوە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان عەلی باپیر لە گوتەیەكدا لە كۆنفراسەكەدا گوتی: "بەهۆی هەڵە و لادانی هەندێك گرووپ بە تایبەت داعشەوە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامیی و هەڵكردنی ئاڵای سەردەمی پێغەمبەر و دانانی مۆری پێغەمبەر، وای كردووە خەڵك لەژێر ئەو ئاڵایەدا ئارام نەبێت".
عەلی باپیر گوتی:" لەم رۆژگارەی ئێستادا ئیسلام بە پێچەوانەی سرووشتی خۆی نیشان دەدرێت و ئیسلام تەحریف دەكرێت، لەوەشدا راگەیاندنەكان رۆڵێكی خراپیان بینیوە لەوەی ئیسلام بەو شێوەیە نیشان بدەن".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی كرد بەوەی، كە لە جیهاندا 95 لەسەدی كردەوەكانی توندوتیژی و تیرۆریستی لەلایەن كەسانی ترەوە ئەنجام دەدرێن و تەنها پێنج لەسەدی ئەو كردەوانە لەلایەن موسڵمانانەوەیە، بەڵام راگەیاندنەكان و وڵاتانی جیهان تەنها ئەوەی موسڵمانان زەق دەكەنەوە.
ئەو داواشی لە بانگخوازانی حزبەكەی كرد، زیاتر خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن و لەو بارەیەوە گوتی: "پێویستە شێواز و ئامرازی هاوچەرخ لە بانگەوازدا بەكاربهێنرێت، بەپێچەوانەوە لەسەردەم بەجێ دەمێنێت".