Zana Natık Kerem
23 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی ئاگادار رایگەیاند كە كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بەبێ گەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك، كۆتایی هاتووە.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانی تایبەت بە بوودجە و نەوت لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی كۆبوویەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاندووە لە كۆبوونەوەكەدا كە ماوەی دوو كاتژمێری خایەندووە ژمارەیەك پرسی گرنگ خراونەتە بەرباس لەوانە شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی نەوت لە لایەن هەرێمەوە بە كۆمپانیای سۆمۆ و لە بەرامبەردا شاندەكەی هەرێمی كوردستان داواكارییەكەی پێشكەش بە حكوومەتی فیدرال كردووە.
بە گوتەی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا نەگەیشتوون بە رێككەوتن و كۆبوونەوەكەش بەو شێوەیە كۆتایی هاتووە.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكردووە كە چاوەڕوان دەكرێت لە میانی ئەم هەفتەیەدا، هەردوولا لەسەر ژمارەیەك پرس رێكبكەون.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زاندراوە كە پێكهاتبوو لە وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، خالید شوانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئامانج رەحیم گەیشتە بەغدا.