Heman Hussein Yaseen
21 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە رێژەی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا جێگای دڵخۆشی نین و ئاشکرایشی دەکات کە کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیازیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بتوانن ئەم رێژەیە بەرز بکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی هەموارکردنەوەی ژمارەیەک رێنماییە تایبەت بە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی بەرزبێتەوە.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی داتاکانی وەزارەتمان، دەرکەوتووە کە ١.٦ی کۆی ئاستی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵدایە و ئەمەش رێژەیەکی دڵخۆشکەر نیە، بۆیە پلانی خۆمان هەیە، چ بە دیاریکردنی پلانی وەبەرهێنان، چ بەو سەرنج و پێشنازانە خۆمان، بۆ ئەوەی جێ پەنجەی وەزارەتمان دیاربێت لە پەرەپێدان بە بواری کشتوکاڵیی".
سەبارەت بە خاڵە گرنگەکانی ئەو سەرنج و پێشنیازانە، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "یاسایەک هەیە کە وەبەرهێنەران کاری پێدەکەن، ئەوپەڕی ئاسانکاری دەکرێت بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری کشتوکاڵیش کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت هەیە کە دەرگا دەکاتەوە بۆ وەبەرهێنەران کە بتوانن کەرتی کشتوکاڵ بەرەو پێشەوە ببەن".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە لە قۆناغی ئەوەدان کە کۆمەڵێک رێنمایی هەمواربکەنەوە بۆ ئەوەی لەمەودوا رەچاوی وەبەرهێنان بکرێت لە کەرتی کشتوکاڵیدا.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ٣٠ پرۆژەی وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦- ٢٠١٩، لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک جێبەجێ کراون کە بریتیین لە ١٣ پڕۆژە کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، نۆ پرۆژە لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، چوار پرۆژە لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی سلێمانی و چوار پرۆژە لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک مۆڵەتیان پێ دراوە.