سلێمانی
دکتۆر عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان، ئەمڕۆ یەکشەممە بانگەوازی لەخەڵکی ھەرێمی کوردستان کرد لەڕۆژی ھەڵبژاردندا بەشداریی بکەن و دەنگ بدەن چونکە ئەوە ئەرکێکی نیشتمانی و ئاینیە وەکو ئەو وەسفیکردووە.
قەرەداخی ھەروەھا داوای لەھێزە سیاسییەکانیش کردووە ئارامی ھەرێمی کوردستان بپارێزن و ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەرچییەک بوو قەبوڵی بکەن.
دەقی پەیامی دکتۆر عەلی قەرەداغی
بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
السلام علیکم ورحمە اللە وبرکاتە
لەخۆشەویستیمەوە بۆ گەل و نیشتمانی کوردستان و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیەش کە ئێستا لەئەستۆمدایە وەک ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان جیھانی بەپێویستی دەزانم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەمە پێش چاوی ھەموو لایەک سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول:
یەکەم: ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی لەخۆی دا بەڵگەی پێشکەوتنێکی مەدەنیەو لەھەمان کاتیشدا پیادەکردنی پرەنسیپێکی ئیسلامیە کەخوای گەورە فەرمانی پێداوە (وشاورھم فی الامر) ھەروەھا ڕەفتارێکی ڕاست و دروستی ھەموو خاوەن باوەڕێکە (وامرھم شوری بینھم) لەبەرئەوە دەبێ ھەموو لایەک ھەر لەحکومەتەوە تا تەواوی لیستەکان و خەڵک و ڕاگەیاندنەکانیش لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن ھەر لەھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا پرۆسەی دەنگدان و پاشان قەبوڵکردنی دەرئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان. لەڕاستیدا ئەم ھەڵبژاردنە ھەلێکی گونجاوە بۆ پیشاندانی ڕوویەکی گەشی گەلەکەمان بۆ وڵاتانی ناوچەکەو تەواوی جیھان.
دووەم: لەگەڵ ئەوەی بەشداریکردن لەدەنگدان مافێکی سیاسی ھەموو تاکێکی گەلەکەمانە، بەڵام نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین لەھەمان کاتدا دەنگدان شایەتی دان و ئەمانەتەو ئەرکێکی نیشتمانی و ئاینییە، دەبێ ھەر کەسێک لای خۆیەوە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەرک و مافەدا بکا و دەنگەکەی بەو کەس و لایەنە ببەخشێ کەڕای وایە شایستەیە و خزمەتی گەلی کورد دەکات.
سێیەم: داوام وایە ھەموو لایەک بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان و ئاسایشی نەتەوەییمان وپاراستنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بخەنە پێش ھەموو بەرژەوەندییەکی شەخسی و حزبییەوە.
چوارەم: داوام وایە تەواوی حیزبەکان و لیستە بەشداربووەکان و ڕاگەیاندنەکانمان لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا بن و پابەندبن بەپاراستنی مافەکان و دادگەریی و میتۆدی میانڕەویی پیادە بکەن و خۆیان دوور خەنەوە لەناو زڕاندن و تانەو تەشەری بێ بنەما و ڕوخێنەر، کار لەسەر ھۆشیارکردنەوەی گەنجەکانمان بکەن، ھانی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردن بدەن، خۆ بەدوور بگرن لەھەر گوتارێک کەھانی توندوتیژیی بدا.
پێنجەم: داواکارم خۆمان لەدووبەرەکی و یەکتر قەبوڵ نەکردن و سڕینەوەی یەکتر بپارێزین، بەھەموومان ئەزموونەکەمان دەوڵەمەند بکەین و پێکەوە ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەین، دڵنیابین لەوەی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردنمان باشترین ھۆکارە بۆ روو بەڕووبونەوەی مەترسییەکانی دەرەوەو ناحەزانمان. ھەروەھا بەپێچەوانەشەوە ئەگەر دووبەرەکی و دژایەتی یەکتر بکەین ئەوا شکست و لەناوچوون چاوەڕوانمان ئەکات (ولا تنازعوا فتفشلوا وتزھب ریحکم).
لەکۆتایدا ھیوادارم کەئەم ھەڵبژاردنەی ھەرێمی کوردستان وێستگەیەک بێ بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی ئەزموونی گەلەکەمانء پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوان و شایستە بەنەوەکانی خۆمان و دەرەوەش.
پرۆفیسۆر. د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان
سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کورد
١٥ی ئەیلولی ٢٠١٣