هەولێر / كامەران حاجی عومەر
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان د. فوئاد حوسێن له ههڤپهیڤینێكی تایبهت لهگهڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی رهوشی ئێستا عێراق و ههرێمی كوردستان و ناوچهكه كرد.
حوسێن لەبارەی رووداوەكانی ئێستای عێراق گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەر لە حەوت مانگ بە نووری مالیكی راگەیاندبوو كە بارودۆخێكی وەها مەترسیدار لە شاری موسڵ و ناوچە سونەنشینەكان دێتە ئاراوە و ئامادەیی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانی لەوباریەوە بۆ بەغدا پیشاندابوو، بەڵام مالیكی بەهۆی لوت بەرزییەوە ئامۆژكارییەكەی بە هەند وەرنەگرت و ئیتر ئهوه روویدا كه روویدا."
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ههروهها گوتی: "بەرپرسیارێتی دروستبوونی ئەو رووداوانە، بەشی زۆری دەكەوێتە سەرشانی حكومەتی عێراق بە تایبەتی خودی نووری مالیكی، ئەو قسانەشی كە دەیكا و ئەم رووداوانە بە پیلانێكی هەرێمیی دژی عێراق لە قەڵەم دەدا، تەنیا قسەیە. لەو كاتەوەی رووداوەكانی ئەنبار دروست بوون، جەنابی سەرۆكی هەرێم بە مالیكی راگەیاندبوو كە گوێڕایەلی داواكاری سونەكان بێ و فەرامۆشیان نەكا، بە پێچەوانەوە چارەنووسی عێراق بەرەو خراپی دەچێ، ئەو كات مالیكی دیسان ئامادە نەبوو داواكەی سەرۆكی هەرێم بە جدی وەرگرێ، بەڵام ئێستا و دوای ئەو رووداوانە، ئینجا مالیكی رایدەگەینێ كە ئامادەیە هەموو داواكارییەكانی سونە جێبەجێ بكا."
لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق لە دوای رووداوەكان، فوئاد حوسێن گوتی: "پێش رووداوەكان نووری مالیكی ئامادە نەبوو هاریكاری و پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان وەرگرێ، بەڵام دوای رووداوەكان لە رێی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بۆ من هات، بەڕێوەبەری نوسینگەكە بە ناوی نووری مالیكییەوە لە رێی منەوە داوای لە سەرۆكی هەرێم كرد پێشمەرگە هاریكار بێ و بچێتە ئەو ناوچانەی سوپای عیراق شكستی تیادا هێناوە و رووخاوە، لەوانەش شاری كەركووك، جەنابی سەرۆك بارزانی دوای ئەمە بڕیاریدا هەموو ئەو ناوچانەی كێشەلەسەرن و لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، پێشمەرگە كۆنترۆڵیان بكا و دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە چەكداران بپارێزرێن، ئەوەش كرا، ئێستا ئەو ناوچانە هەمووی لە دەستی پێشمەرگەی كوردستانە."
لەبارەی رەوشی ئەو ناوچانەی كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی چەكداراندایە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم گوتی: "ئیدارەی ئەو ناوچانە لە لایەن چەكدارانەوە بووەتە واقیع، بوونی ئەو ئیدارەیە بمانەوێ و نەمانەوێ ئێستا هەیە، چونكە سوپای عێراق بە تەواوی شكستی هێناوە و نەماوە تا بتوانێ جارێكی دیكە ئەو ناوچانە بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی و حكومەتی عێراقەوە، ئەوەی ئێستا هەیە، خەڵكی خۆبەخشە كە حزبەكانی شیعە كۆیان دەكەنەوە بەو ئامانجەی بتوانن بەرگری لە بەغدا و ناوچەكانی دیكە بكەن. مالیكیش كۆمەڵە هێزێكی لەبەردەستدایە، ئەو هێزانەش توانای نییە ئەو ناوچانە لەژێر دەستی چەكداران دەربێنێ و كۆنترۆڵی بكاتەوە."
لە بارەی ئەگەری پەیوەندی نێوان ئیدارەی چەكداران و هەرێمی كوردستان، فوئاد حوسێن گوتی: "نە لە رابردوودا و نە لە ئیستاش هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو چەكدارانە نەبووە، پەیوەندی سیاسی لەگەڵ ئیدارەی ئەو ناوچانەش نابەستین، چونكە كەس ئەوانە ناناسێ و هەر گروپێك سەركردەیەكی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە بوونەتە واقیعی حاڵ، ئێمە وەك سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی سەركیمان لەم بارودۆخەی ئێستادا تەنیا پاراستنی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمە لەو هەڕەشانەی كە بێتە سەری، ئەم ئامانجە لە ریزی پێشەوە و لە ئەولەویاتی كارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمە."
لە وەڵامی پرسیارێكی ئەنادۆڵو لەبارەی ئەوەی بەر لە ساڵێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان گشت پیاوانی ئاینیی سونەی لە هەولێر كۆكردەوە و ئەم رووداوانەی ئێستا چەند گرێدراوی ئەو هەوڵەیە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم گوتی: "راستە جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ پیاوانی ئاینیی سونەكان چ ئەوانەی لە بەغدا لەگەڵ مالیكی بوون و بە نهێنی هاتبوونە هەولێر، چ ئەوانەی لە دەرەوەی عێراق بوون، لە هەولێر كۆبووەوە و هاریكاری كردن، ئێستاش جەنابی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەوەیە كە پێكهاتەی سونە لە عێراق پشتگوی نەخرێ و ئامادەی پێشكەشكردنی هاریكارییە، ئەوەی سەرۆك بارزانی خواستویەتی ئەوەیە كە حكومەتی عێراق مافی هەموو پێكهاتەكانی بدا و بەیەك چاو سەیری هەمووان بكا، بەڵام هەرێمی كوردستان لەگەڵ گروپە چەكدارە توندڕەوەكان نییە و هاریكاری ئەوانیش بە هیچ شێوەیەك ناكا."
لهبارهی هەڵوێست و پشتگیری وڵاتانی هەرێمیی و جیهانیی بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم گوتی: "دوێنی ئێوارە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن بە تەلەفۆن قسەی كردووە و تیایدا ئەمریكا ئامادەیی نیشان داوە كە هاوكاری هەرێمی كوردستان لە رووی مرۆییەوە بكا، بایدن لەو پەیوەندییەدا داوای لە سەرۆكی هەرێم كردووە هاریكار بێ و هەنگاو بنێ بۆ زوو پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق و دانیشتنی خولی تازەی پەرلەمانی عێراق."
سەبارەت بە هەڵوێست و رۆڵی توركیا، حوسێن گوتی: "هاریكارییەكانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە هەرێم و بەسەر ئاوارەكانی موسڵ و تەلەعەفەر و ناوچەكانی دیكە دابەشكراوە و توركیا لە رەوانەكردنی هاریكارییە مرۆییەكان بەردەوامە، دەروازەكان كراوەن و پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەرەو باشتر دەچن، ئیرانیش لای خۆیەوە ئامادەیی نیشان داوە كە لە هەر بوارێكدا لە دژی چەكداران هاریكاری هەرێمی كوردستان بكا، یەكێتی ئەوروپاش بە هەمان شێوە هاریكاری مرۆیی هەیە، بەڵام هەموو ئەو هاریكارییانە بەقەد ویست و پێویستی ئاوارەكانی ناوچەكانی عێراق نین كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە."
لە وەڵامی پرسیارێكی ئانادۆڵو لەبارەی بۆچوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئایندەی عێراق و سیناریۆكانی كۆتاییهاتنی ئەو كێشانەی هەن، فوئاد حوسێن گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ عێراقی پێش رووداوهكانی موسڵ و دوای رووداوهكانی موسڵ جیاوازە، ئەو قسەیە مانای زۆر دەبەخشێ، سەرۆكی هەرێم ئایندەی عێراق وا دهبینێ كە یان دەبێتە دەوڵەتێكی فێدڕاڵی راستەقینە بەسەر سێ هەرێمـی كورد و سونە و شیعەدا دابهش دهبێ، یان ئەو وڵاتە بەسەر سێ دەوڵەتی هەمان پێكهاتە دابەش دەبێ، چونكە لە راستیدا عێراق لە ئێستادا خۆی دابەش بووە."
پرسی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەی ئانادۆڵو بوو لهگهڵ سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان. لەمباروە فوئاد حوسێن گوتی: "نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی لە رێگەی توركیاوە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێ و هەوڵ دەدرێ لەو رێگەیەوە پێداویستییەكانی هەرێم دابین بكرێ."
سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە كاتێكدا ئێستا كەركووك لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی هەرێمی كوردستانە، فوئاد حوسێن گوتی: "بێگومان كەركووكیش بەشێكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئێستا ئیدارەكەی لە دەستی هەرێمە و حكومەتی هەرێم بەرپرسیاری دابینكردنی پێداویستییەكان و پاراستنی گیانی خەڵكی شاری كەركوكە، لە كاتێكدا ئەگەر بەغدا نەیتوانی پێداویستی دانیشتووانی شارەكە دابین بكا و خەرجی ئەو شارە و بودجەكەی نەنێرێ، ئەوكات هەرێمی كوردستان بە پارەی نەوتی كەركووك خەرجی و پێداویستییەكانی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری دابین دەكا و نەوتەكەی دەفرۆشێ."
لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم سەرەڕای ناڕازیبوونی بەغدا، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و یاساكانی عێراق بووه و توركیاش لەوباریەوە بۆی روونبووەتەوە كە ئامانجی بەغدا تەنیا كۆسپ دروستكردنە لەبەرامبەر مافەكانی هەرێم لە رووی ئابووری و فرۆشتنی نەوتەوە، بۆ دەستەبەركردنی ئەو مافە بۆ هەرێمی كوردستان، توركیا هاریكار بووە."
پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و رۆلی هەرێمی كوردستان لەوبارەوە، بەشیكی دیكەی هەڤپیڤینی ئانادۆڵو لەگەڵ سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لەوبارەیەوە گوتی: "لە پێشوودا ئێمە لایەنی سێیەم بووین بۆ نزیككردنەوەی هەردوولا، بەڵام ئێستا هەردوولا، واتە حكـومەتی توركیا و بەرپرسانی قەندیل پێویستیان بە هەرێم نەماوە و بەیەكەوە دادەنیشن و كۆبوونەوە ساز دەكەن، تەنیا رۆڵ و هەڵوێستی هەرێم ئێستا ئەوەیە كە هاریكار بێ تا شەمەندەفەری ئاشتی كە كەوتۆتە سەر سكهی خۆی، بەردەوام بێ و لەو رێگهیه لانهدا."
بۆ ئەگەری بەبنبەست گەیشتنی پڕۆسەكەش، فوئاد حوسێن گوتی: "پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە زۆر بە بایەخ و پڕ گرنگ تەماشا دەكرێ، وەك دیارە پڕۆسەكە گەورەیە و بە یەك قۆناغ تەواو نابێ، بەڵكو دەبێ چەندین قۆناغ ببڕێ، بۆیە ئاساییە كۆسپ و خاوبوونەوە لەقۆناغهكانیدا دروست ببێ، گرنگ ئەوەیە لەڕێی سەرەكی خۆی لانەدا و شەمەندەفەرەكە لەناو نەچێ."
سەبارەت بە دوا قسەی ئهندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان كهجهكه موراد قەرەیلان لەسەر ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕی چەكداری، فوئاد حوسێن گوتی: "ئەوانەی دەستیان بە پڕۆسەی ئاشتی كردووە، دەبێ لە ئاشتی زیاتر باسی چیتر نەكەن، هەر لێدوانێك باسی شەڕ بكا، بێگومان لە خزمەتی پڕۆسەی ئاشتی نابێ، لە توركیا هەنگاوی ئاشتی نراوە و نابێ بچێتە دواوە، هەرێمی كوردستان لەگەڵ شەڕ نییە و ناخوازێ شەڕ لە توركیا دەستپێبكاتەوە، ئەگەر ئەنقەرە و قەندیل بخوازن، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ نزیككردنەوەی هەردوولا و سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی، هاریكار و هاوكار بێ."
news_share_descriptionsubscription_contact

