سياسەت

عارف تەیفور: "کێشەکانی بەغدا و ھەرێم و کەرکووک سێ کێشەی لەیەک جودان"

ـ ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف تەیفور: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەنها و لە لای خۆیەوە داوای یەک پاکێجی دەکات، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نە کێشەی ھەرێم نە کێشەی کەرکووک نە کێشەی بەغدا بە یەکیان نابەستینەوە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 12.02.2019 - نوێکردنەوە : 13.02.2019
عارف تەیفور: "کێشەکانی بەغدا و ھەرێم و کەرکووک سێ کێشەی لەیەک جودان"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە بە بۆنەی یادی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە، سەردانی کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران-یان لە شاری سلێمانی کرد.

دوای سەردان و کۆبوونەوەی شاندەکەی پارتی لەگەڵ کۆنسولگەری ئێران لە سلێمانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف تەیفور بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوا و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران باشە و ئەوەی لە ئێرانەوە دەیبینین پشتیوانیان ھەیە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵ دەدەین بە ھەردوولاوە چی لە بەرژەوەندی ھەرێم و میلـلەتەکەمانە جێبەجێی بکەین".

لە بارەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم و بەستنەوەی پرسەکانی بەغدا و کەرکووک و ھەرێم پێکەوە وەک لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە داوای دەکرێت، عارف تەیفور گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەنها و لە لای خۆیەوە داوای یەک پاکێجی دەکات، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نە کێشەی ھەرێم نە کێشەی کەرکووک نە کێشەی بەغدا بە یەکیان نابەستینەوە، سێ کێشەی لەیەک جیاوازن، لەبەر ئەوە ئێمە رێککەوتووین لەگەڵ یەکێتی و ئیمزامان کردووە لەسەر چەند خاڵێک، یەک لەو خاڵانە بۆ ١٨ی مانگ کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ببێت و سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، ھیوادارین ئەوە ببێت و دواتریش کێشەکانی تر لە کێشەی کەرکووک و کێشەی بەغدا دەتوانین باسی بکەین و لە کۆبوونەوە و دانوستاندا بین".

عارف تەیفور لە بارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە حکوومەت کە پێشتر شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی ئەو حزبەی کردووە و ئەمڕۆش شاندێکی کۆمەڵ سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی لە ھەولێر کردووە دوا و گوتی: "کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە مافی خۆیانی دەزانین ئەگەر بەشدار ببن لە حکوومەت کە حەوت کورسییان بەدەستھێناوە، ئەگەر حەزیان لێبێت بەشداری بکەن ئەوە ئێمە مانعمان نییە و پێشوازییان لێدەکەین، ئێمە کە سەردانمانکردن وەک سەردانێکی حزبی بووە و بۆ باسی حکوومی نەبووە".

لە لای خۆیەوە سەرکۆنسولی ئێران لە سلێمانی، سەعدوڵڵا مەسعودیان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی یادی ٤٠ ساڵەی شۆڕشی وڵاتەکەیەوە و گوتی: "پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و پارتی وەک ھێزێکی بەھێز کار دەکات بۆ ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ ھەرێم".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın