Heman Hussein Yaseen
20 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2020
ههولێر - AA
دوای سەردانێکی دوو رۆژەی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، شاندەکەی ھەرێم بڕیاریاندا بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانیشیان رابگرن.
نوێنەری پێکھاتەی تورکمان و ئەندامی شاندی ھەرێمی کوردستان، محەمەد ئیلخانلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''زۆر ھەوڵماندا کە ھاوکاربین بۆ پێکھێنانی حکوومەت و عێراق لەو قەیرانە دەرباز بێت، بەڵام شێوازی ھەڵەی مامەڵەکردنی كهسایهتی راسپێردراو بۆ پۆستی سهرۆكوهزیرانی عێراق محەمەد تۆفیق عەللاوی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، شێوازێکی تەندروست نەبوو، رێز لە ئیرادەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ناگرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزموونی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکان''.
محەمەد ئیلخانلی گوتیشی: ''بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان، شاندەکەی ھەرێم بڕیاریاندا بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، بێگومان ئەو حکوومەتە سەرکەوتوو نابێت کە کورد و سوننە بەشداری تێدا نەکات''.
لەبارەی بۆچوونی سوننەکان بەرامبەر بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتی نوێدا، محەمەد ئیلخانلی گوتی: ''سوننەکان و شیعەکان داوا دەکەن ھەرێمی کوردستان بەشداری بکات، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەشدار نابێت کە رێز لە ئیرادەی سیاسیی نەگیرێت بۆیە بڕیارماندا بگەڕێینەوە''.
رۆژی ١٨ی شوبات شاندێکی ھەرێمی کوردستان کە نوێنەری سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستانی لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی گفتوگۆ و دانوستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەردانی بەغدای کرد.