Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2017
سلێمانی - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی حزبەکە سەعدی ئەحمەد پیرە لە سیمینارێکدا بۆ قوتابیانی پەیمانگای تەکنیکی دوکان (پارێزگای سلێمانی) لەبارەی ئایندەی کورد لە دوای داعشەوە قسەی کرد.
سەعدی پیرە لە سەرەتادا گوتی: "کۆتاییھاتن بە شەڕی داعش، کۆتاییھاتنی شەڕی سەربازییە و ئەرکی ئێمەی داھاتوو لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی توێژینەوە پێویستە بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین سەرچاوەکانی فکری و مادی داعش وشک بکەین، پێم وایە ئەوە کارێکی زۆر ئاسان نییە و بە یەک کۆبوونەوە و راگەیەنراو لەناو ناچێت و کارێکی دەستەجەمعییە".
سەعدی پیرە لە بەشێکی تری قسەکانیدا و لە بارەی ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی کوردستانەوە دواو گوتی: "من لایەنگری ئەوە نیم بڵێن حکوومەت بڕوخێنین و ئەوەی وا دەڵێت تێناگات و رووخاندنی حکوومەت بە ئاسانی بۆت دروست نابێتەوە، ئەوەی ھەیە پێویستە بە تەبایی چاک بکرێت و بە سەنگەر لەیەک گرتن چاک نابێت".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی حزبەکەیەتی باسی لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێشوازی لایەنەکان لە پەیامەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستانەکان بە تایبەت کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ پارتی گفتوگۆیەکی دورو درێژمان کرد لەسەر بابەتەکان و پێمان گوتن ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چارەسەرە و پلانێک نییە دژی ھیچ لایەنێکی سیاسی، بەلام ھیچ وەرەقەیەکمان نەگۆڕیەوە و بەپێویستمان نەزانی".
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان راگەیاندووە کە دەتوانن کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەشت ناونیشاندا کۆبکەنەوە "نەبوونی ھاوسەنگی کە پارتی ٣٥ لەسەدی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی ھەیە بەڵام ٧٥ لەسەدی دەسەڵاتی لەلایە کە ئەوەش ناھاوسەنگی دەسەڵاتە، پرسی سەرۆکی ھەرێم کە کێشەی یاسایی ھەیە و پێویستە چارەسەرێکی یاسایی بۆ بدۆزنەوە، پرسی سەرۆکی پەرلەمان کە لەم قۆناغەدا نەیتوانی ئیحتیوای ناکۆکییەکان بکات و پەرلەمان نەیتوانی رۆڵی خۆی وەک پێویست ببینێت کە ھەموو فراکسیۆنەکان تێیدا بەشدارن، کورترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و ئابووری، شەفافیەت لە بازاڕی نەوت، سیاسەت و پەیوەندییەکانی دەرەوە، ناردنی دەستەیەک بۆ بەغدا لە نوێنەری ھەموو حزبەکان بۆ باسکردنی جێبەجێکردنی دەستوور و ریفراندۆم و پێشمەرگە و کێشەکانی تر و ئیدارەدانی ھەرێم".
ئەو گوتی: "لە ھەرێمی کوردستانی یەکگرتوو بەبێ پارتی و یەکێتی حوکمڕانی ناکرێت و ئەو کەسانەی باسی تێکدان و جیاکردنەوەی حکوومەت دەکەن جیا ناکرێتەوە، دەبێت ئەوە بە بنەما وەربگرین و ئەگەر بمانەوێت حوکمڕانی بکەین ئەم دوانە دەبێت وەک خۆیان بمێننەوە و لایەکانی تر بێن و مافی ھەڵبژاردنی خۆیان وەربگرن".
لە بارەی پەیوەندی یەکێتی و گۆڕان و نیگەرانییەکان لە بارەی رێکەوتنی سیاسی نێوانیانەوە، سەعدی پیرە باسی لەوە کرد کە پێشتریش رایگەیاندووە ئەو رێکەوتنە سیاسییە رێکەوتنێکە وەک ھەنگاوی یەکەم بەرەو یەکخستنەوەی ھەردوو حزبەکە، بەڵام جێگای رێکەوتنامەی ستراتیجی ناگرێتەوە، جەختی لەوەش کردەوە لە ئێستاشدا یەکێتی بەشی خۆی لە رێکەوتنەکەی جێبەجێکردووە وەک دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوەی ماوەتەوە پەیوەندی بە ھەموارکردنەوەی یاساکانەوە ھەیە کە ئەوەش پەیوەندی بە کۆبونەوەکانی پەرلەمانەوە ھەیە.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گۆڕان لەسەر خۆپیشاندان رێک نەکەوتون و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و ھاوسەنگی و نەھێشتنی گەندەڵی چەند بابەتێکی تر رێکەوتون.
بەرپرسەکەی یەکێتی نیشتمانی لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا و لە بارەی سەردانی ھەفتەی رابردوی شاندی ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەکەیانەوە دواو گوتی: "ئەوان ئەم وەرەقەیەیان ھێناوە کە بۆ ئاشتەوایی نیشتمانییە، ئەوان باس لەوە دەکەن لەسەر ئەو وەرەقەیە رێک بکەون بۆ حوکمداری لە عێراقدا کە تائێستا کەس دەنگی لەسەر نەداوە، بەڵام ئێمە شتێکمان ھەیە لە عێراقدا کە ھەموو کەس دەنگی لەسەر داوە و دەستوورە، ئەگەر دەیانەوێت متمانەیان پێبکەین سەرەتا با دەستوور جێبەجێ بکەن، خاڵێکی تری نێو وەرەقەکە باس لە یەکێتی خاکی عێراق و رەدکردنەوەی ھەر ھەوڵێک دەکات بۆ پارچەپارچەکردنی عێراق".
ئەوەشی گوت، لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا کورد ھەستی بە مافی ھاووڵاتی بوون نەکردووە و لەم ١٤ ساڵەی رابردوشدا کورد ھەست بە مەترسی مافی ھاووڵاتی بوونی یەکسان دەکات کە لە عێراقی نوێدا چاوەڕوانی دەکرد.