ئەنقەرە
شاندی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) كە پێكھاتووە لە ھەر یەك لە ئیدریس بالووكەن، پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر لە بەیاننامەیەكدا باسیان لە سەردانەكەی رۆژی رابردوو بۆ قەندیل كرد.
لە بەیاننامەكەدا باسی ئەوە كراوە كە "شاندی ھەدەپە رۆژی شەممە سەردانی قەندیلی كردووە و بۆ ماوەی حەفت سەعات لەگەڵ بەرپرسانی كەجەكدا گفتوگۆیان كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا باسی قۆناغی چارەسەری، كۆبانێ، رۆژئاوای كوردستان، رووداو پێشھاتەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەوڵەكانی ساز كردنی كۆنگرەی نەتەوەیی، ھەڵوێستی ئاكەپە بەرامبەر بە قۆناغی چارەسەری و خۆپیشاندانەكانی پشتگیریكردنی كۆبانێ و سیاسەتی ئاكەپە بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە."
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "شاندی ھەدەپە نەخشە رێگای قۆناغی چارەسەریی كە لە لایەن حكومەتەوە رادەستی كرابوو، پێشكەشی بەرپرسانی كەجەكەیان كردووە و بەرپرسانی كەجەكە جەختیان لەوە كردووەتەوە ئەگەر بێتۆ حكومەتی توركیا بەراستی دەست بە دانووستانێكی جددی بكات، ئەوا ئەو ھەڵوێستەی تا ئێستا لە بەرامبەر قۆناغی چارەسەری نواندوویانە بەردەوامی دەبێت."
بەرپرسانی كەجەكە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لە قۆناغی ھەنۆكەییدا گرنگی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی جارێكی دیكە دەركەوتووە و لە ئێستادا دەرفەتی باش و بەھێز بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی رەخساوە بۆیە ھەموو پارت و لایەنە كوردییەكان پێویستە زۆر بە ھۆشیاری و ھەستیارییەوە ھەڵسووكەوت بكەن.