سياسەت, عێراق

سێگۆشەی دەسەڵاتی عێراق لە نێوان کورد، شیعە و سووننە دا

- بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، شیعەکان ١٨٤ کورسی، سووننەکان ٧٥ کورسی، کورد ٥٨ کورسی، بەرەی تورکمانی ٢ کورسی، دۆزی ئێزدی یەک کورسی و پێکهاتەکانیش ٩ کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە.

Heman Hussein Yaseen, Zana Natık Kerem  | 02.12.2025 - نوێکردنەوە : 02.12.2025
سێگۆشەی دەسەڵاتی عێراق لە نێوان کورد، شیعە و سووننە دا

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ سیستەمی سیاسیی عێڕاق لە نێوان سێ پێکھاتەی سەرەکی کورد، شیعە و سووننە دابەشکراوە، ھەرچەندە دەستووری عێڕاق پێکھاتەکانی پۆڵێن نەکردووە، بەڵام وەک عورفێکی سیاسیی پۆستە سیاسیی و کارگێڕییەکان لە نێوان پێکھاتەکانی عێڕاق دابەشکراوە بە جۆرێک پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سووننە بووە.

لایەنە شیعەکان کە زۆرینەی عێڕاق پێکدەھێنن و دابەشبوونە بەسەر چەند حزب و گرووپێک، ھەر بۆیەش لە دوای سەرجەم ھەڵبژاردنەکان کێشە دەکەوێتە نێوان ئەو ھێز و گرووپانە بە تایبەت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، هەروەها لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە کە ھەندێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە بەڵام کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستھێناوە و ئەمەش مەترسی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی لە عێڕاق دروست دەکات و بە ئەگەری زۆرەوە لە کاتی بەشدارییکردنی ئەم گرووپانە لە حکوومەتی نوێی عێڕاق، ڕەنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دان بەم حکوومەتەدا نەنرێت.

هەروەها سووننەکان زیاتر جەخت لەسەر ئاوەدانکردنەوە و حکوومڕانی ناوخۆیی و گەشەپێدانی ئابووری دەکەنەوە لەو ناوچانەی کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وێرانکرابوون، هاوکات ئەوان پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقیان لایە و بەشدارن لە داڕشتنی یاسا و دانوستانەکان بۆ وەرگرتنی بەشێک لە وەزارەتە سیادییەکان، لە هەمان کاتدا داواکارن ئەمجارە دەوڵەتێکی دادپەروەریی لە عێڕاق دابمەزرێندرێت.

ھەرچی پێکھاتەی کوردیشە ھەمیشە ھەوڵییداوە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە عێڕاق بپارێزێت و پۆستی سەرکۆماری بەشێوەیەکی نەریتیی وەرگرتووە و، جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکاتەوە و ھەمیشە دووپاتییکردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی عێڕاق دەستووری عێڕاقیان پێشێلکردووە و ئەمە بە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت، ھەر بۆیە ئەمجارە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، یەکێک لە مەرجەکانییان جێبەجێکردنی دەستوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێڕاقەوە.

-هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق

لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، دواتر ئەنجامەکان ڕاگەیاندران و بەپێی ئەنجامەکانیش ٣٢٩ کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەسەر لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن دابەش بووە.

تا ئێستا پڕۆسەی سیاسیی وەک خۆیەتی و حزب و هاوپەیمانییەکان خەریکی گفتوگۆکردنن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنه ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت کە ٣٢٠ کورسی گشتیی و ٩ کورسییش بۆ پێکهاتەکان دیارییکراوە.

ئەنجوومەنەکە پێکدێت لە شیعە، سووننە، کورد و پێکهاتەکان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، شیعەکان ١٨٤ کورسی، سووننەکان ٧٥ کورسی، کورد ٥٨ کورسی، بەرەی تورکمانی ٢ کورسی، دۆزی ئێزدی یەک کورسی و پێکهاتەکانیش ٩ کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە.

- ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار و پێکهێنانی حکوومەت

بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێویستە لە یەکەم دانیشتن دا، ٥٠+١ی ئەندامانی ئەنجوومەن کە دەکاتە ١٦٦ پەرلەمانتار ئامادەبن بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەت پێویستە هەمان ڕێژە ئامادەبن، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێڕاق پێویستە ١/٣ کە دەکاتە ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بن، هەر بۆیەش لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە گفتوگۆکردن.

- پێکهاتەی شیعە

لایەنە شیعەکان ١٨٤ کورسیان هەیە و ناتوانن بە تەنیا دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق ئەنجام بدەن هەروەها بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریش پێویستیان بە ئامادەبوونی ١/٣ی پەرلەمانتاران هەیە کە دەکاتە ٢٢٠ پەرلەمانتار، هەر بۆیەش لەم حاڵەتەدا پێویستە لایەنەکانی شیعە، سووننە و کورد ڕێکبکەون.

دانوستانە سەرەتاییەکان لە نێوان شیعە، سووننە و کورد دەستی پێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت ئەم دانوستان و گفتوگۆکردنە چەند مانگێک بخایەنێت چونکە هەر لایەنێکی بەشداربووی حکوومەت کۆمەڵێک مەرج و داوکاریی هەیە بۆ بەشدارییکردن و دەنگدان بە سەرکۆمار، سەرۆکی نەجوومەنی نوێنەران و سەرۆکوەزیرانی عێڕاق کە ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە کاتێکی زۆریان پێویستە چونکە کۆمەڵێک پێکهاتە و ڕەوتی جیاواز، وڵات بەڕێوەدەبەن.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێڕاق، لایەنەکان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد، لە نێویشیاندا چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆرینەی شیعەکان لە خۆ دەگرێت، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا دوو لیژنەیان تایبەت بە کاروبارەکانی پێکهێنانی حکوومەت پێکهێنا.

لیژنەی یەکەم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی، ئەم لیژنەیە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کورد و سووننە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر سێ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکوەزیرانی عێڕاق.

لیژنەی دووەم چەند کەسایەتیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی لەخۆ دەگرێت و تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەی کە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکرێن و بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییدا، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی جەختی لەوەکردووەتەوە کە ئەو کەسەی پۆستی سەرۆکوەزیران وەردەگرێت، نابێت پێشتر لە هیچ پۆستێکی ئەمنییدا بووبێت.

چەند سیناریۆیەک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێڕاق هەیە و لە ئێستاشدا دیدار و گفتوگۆکان لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکان بەردەوامە و، چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆرینەی شیعەکان پێکدەهێنێت و گەورەترین کوتلەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە و بە گرووپێکی نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێت، تێیدا چەند کەسێکیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیارییکردووە کە دیارترینیان سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێڕاق محەمەد شیاع سوودانی و، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی و بەربژێری ڕێکخراوی بەدر، قاسم ئەعرەجییە.

بەپێی ئەم نەریتیە سیاسییەی کە هەیە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق بۆ پێکهاتەی شیعەیە و لە نێویشیاندا بە شێوەیەکی خوولیی بۆ لایەنە سیاسییەکانی شیعە دەبێت، چونکە لە خوولەکانی ڕابردوودا چەند کارەکتەرێکی سیاسیی لە لایەنی جیاوازیی شیعییەوە ئەم پۆستەیان بەڕێوەبردووە.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق، پۆستی سەرۆکوەزیران دووجار لەلایەن دەوڵەتی یاسا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ نوری مالکی بۆ ماوەی دوو خوول پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ حەیدەر عەبادی وەک هاوپەیمانی نەسڕ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە، پاشان بەبۆنەی خۆپێشاندانی تشرینییەکان پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی دوو ساڵ دواخرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ عادل عەبدولمەهدی لە لایەن سەرکۆمار بەرهەم ساڵح ڕاسپێردرا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەڵام بەهۆی فشاری خۆپێشاندەرانەوە هەر زوو دەستی لەکارکێشایەوە، دواتر هەر لە ٢٠١٩دا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێڕاق، مستەفا کازمی وەک کەسێکی سەربەخۆ پۆستەکەی لە ئەستۆگرت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و لە ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا.

ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێک لە شیعە و بەشێک لە سووننە و بەشێک لە کوردی لەژێر چەترێکدا کۆکردەوە، ئەوەبوو ڕەوتی سەدر بە ٧٣ کورسی و، تەقەدووم بە ٣٧ کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣١ کورسی یەکیانگرت. لە بەرامبەردا لایەنەکەکانی دیکەی شیعە کە یەک لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقیان پێکدەهێنا، ناویان لێنرا پەکخەر، چونکە دانیشتنەکانی پەرلەمانییان پەکدەخست و نەیاندەهێشت بۆ دەستپێکردنی دانیشتنەکان ڕێژەی یاسایی تەواو بێت.

دوای ئەم ناکۆکیانە، موقتەدا سەدر بە ٧٣ کورسییەوە کشایەوە و کورسییەکان بەسەر لایەنە شیعەکان دابەشکرا و بەهۆیەوە دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکرد، بووە یەکەم هێز لەسەر ئاستی شیعەکان، لەم کاتەشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانی عەزم لەبەرەی شیعەدا بوون، هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی تەقەدووم بە تەنیا مانەوە و سەرکەوتوو نەبوون، بۆیەش ئیدارەی دەوڵەتیان پێکهێنا کە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی بە کورد، شیعە و سووننە لە خۆگرت و لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەیەدا، پۆستەکانییان یەکلاییکردەوە و دابەشیان کرد.

لەمیانی ئەم دابەشکردنەدا، شیعەکان محەمەد شیاع سوودانییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرکرد بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی پەکنەخرێت، حکوومەتەکەی سوودانی بەردەوام بوو تا ئێستا، پێشتریش پۆستی سەرۆکوەزیران دوو خوول لەلایەن دەوڵەتی یاسا بووە کە نوری مالکی مالکی پۆستەکەی لە ئەستۆ بووە.

بۆیە بەپێی ئەزموونەکانی پێشووتر، پێدەچێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەمجارە لە لایەنی شیعەوە بۆ سادیقوون یان ڕێکخراوی بەدر بێت، چونکە دوای سوودانی و مالکی، هەریەک لە سادقوون وەک پلەی سێیەم و ڕێکخراوی بەدر وەک پلەی چوارەمی هێزە شیعییەکان دێن، بۆ ئەم مەبەستەش بەربژێری سادیقوون وەزیری ئێستای خوێندنی باڵای عێڕاق نەعیم عەبوودی و، بەربژێری ڕێکخراوی بەدر ، قاسم ئەعرەجییە، بەڵام بەو پێیەی وا ڕاگەیاندراوە کە پۆستی سەرۆکوەزیران نابێت کەسێک وەریبگرێت کە پێشتر دەزگای ئەمنیی بەڕێوەبردبێت، بۆیە ئەگەر کێبڕکێ لە نێوان ئەم دووانەدا بێت، ئەوا چانسی نەعیم عەبوودی زیاترە، ئەگەرچی لایەنەکانی دیکەی شیعەش چەند کەسێکیان بەربژێر کردووە و کۆتا بڕیار دەمێنێتەوە بۆ دوای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان لایەنەکاندا.

- پێکهاتەی سووننە

هەرچی لایەنە سوونەکانیشە کە خاوەنی ٧٥ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانن و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی لە عێڕاقدا هەیە، سووننەکان پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانییان لە ئەستۆ بووە و تا ئێستا هەشت کەسی سووننە ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە بە جۆرێک لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥ زاری فەیاز، لە ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ حاجم حوسێنی، لە ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ مەحموود مەشهەدانی، لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠ ئەیاد سامەڕائی، لە ٢٠١٠ تا ٢٠١١ فوئاد مەعسووم بە وەکالەت، لە ٢٠١١ تا ٢٠١٤ ئوسامە نوجێفی، لە ٢٠١٤ تا ٢٠٢١ سەلیم جبووری، ٢٠٢٢ تا٢٠٢٣ محەمەد حەلبووسی، لە ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤ موحسین مەندەلاوی بە وەکالەت و لە ٢٠٢٤ تا ئێستا مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە.

هەرچەندە لەدەرەوەی ڕێککەوتنە نەریتییەکە، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، محەمەد حەلبووسی داوای وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری عێڕاقی کردووە کە پشکی کوردە، بەڵام هەریەک لە شیعە و کورد ڕەتیانکردووەتەوە، هەروەها بەهۆی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەرچوو بوو، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دووریخستەوە، پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەران کەسێک بێت لە حزبی تەقەدووم بەوپێیەی کە زۆرترین کورسی سووننەکانی بەدەستهێناوە و خاوەنی ٢٧ کورسیی ئەنجوومەنەکەیە.

لەناو لایەنی سووننەدا، بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعەکان و کوردییەکان، بەتایبەتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، هەروەها بوودجەی فیدڕاڵی، ئاسایش و بەرگریی، ئەم بابەتانە ڕێگرن لەبەردەم یەکگرتنی سەرجەم ھێزە سووننەکان، چونکە ئەم پۆستانە بۆ سووننە گرنگن بە تایبەتی لە ڕووی ئەمنیی و گەشەپێدانی ئابوورییەوە چونکە لە زۆربەی ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعش خاپوورکران و ژێرخانی ئابوورییان لەناوبرا، شوێنە سووننەنشینەکان بوون کە تا ئێستاش بەشێکی زۆریان نەتوانراوە ئاسایش و سەقامگیریی بۆ بگەڕێندرێتەوە و ئاوەدان بکرێتەوە.

-پێکهاتەی کورد

لە هەرێمی کوردستان، ٩ هێزی سیاسیی بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقیان کردووە و تێیدا ٥٨ کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٧ کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ١٨ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٤ کورسی، نەوەی نوێ ٣ کورسی و کۆمەڵی دادگەریی یەک کورسیی.

لە ئێستادا دیارترین پشکی کورد لە بەغدا بریتییە لە پۆستی سەرکۆمار ( یەکێتی)، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە (پارتی)، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (پارتی)، وەزیری داد (یەکێتی)، وەزیری ئاوەدانکردنەوە (پارتی)، بریکاری وەزارەتی دارایی (پارتی) و بریکاری وەزارەتی نەوت (یەکێتی) و چەند پۆستێکی دیکە کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەبردرێن.

ململانێکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆستەکانی بەغدا لە هەموو خوولەکانی ڕابردوودا هەبووە، بە تایبەت لەسەر پۆستی سەرکۆمار و ئەمەش وایکرد لە خوولی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان فوئاد حوسێن و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەرهەم ساڵح بۆ ئەم پۆستە بەربژێر بکات بەڵام بەهۆی ململانێ و ڕێکنەکەوتن هیچکامێکیان نەیانتوانی دەنگی یەک لەسەر سێی ئامادەبووانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ خوولی دواتر، هەردوولا لەسەر بەربژێکردنی عەبدوللـەتیف ڕەشید ڕێککەوتن و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە زۆرینەی دەنگ بووە نۆیەمین سەرکۆماری عێڕاق لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

تا ئێستا لایەنە کوردییەکان لەسەر ئاستی ناوەند، دیدار و گفتوگۆ سەرەتاییەکانییان دەست پێکردووە و قسە لەسەر ئەوە کراوە کە بەیەک دەنگ بچنە بەغدا یان هەر لایەنێک بۆخۆی سەرپشک بێت و هاوشێوەی خوولەکانی ڕابردوو ئەزموونی پڕۆسەی سیاسیی بکەن، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە و پێشبینی دەکرێت ئەم دیدار و گفتوگۆیانە ئامادەکاریی بێت بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی یەکەمی حزبەکان بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی حکوومڕانی بدەن چونکە تا ئێستا بە فەرمیی قسە لەسەر هیچ کاراکتەر و پۆستێک نەکراوە لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا، ئەوەی بە شێوەیەکی نافەرمیی هەیە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خواستی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری هەیە و، پارتی دیموکراتی کوردستان خواستی وەرگرتنی یەکێک لە وەزارەتەکانی دەرەوە یان دارایی وەک پێش مەرج هەیە.

لە ماوەکانی ڕابردوو، هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێڕاق محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی، بە جیا سەردانی هەرێمی کوردستانییان کرد و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود کۆبوونەوە و، بەپێی زانیارییە نا فەرمییەکان، بارزانی ڕایگەیاندووە کە ڤیتۆیان لەسەر هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نیە تەنیا وەکو کورد چەند داواکارییەکمان هەیە، هەر کەسێک بە گرەنتییەوە جێبەجێی بکات ، ئەوا لەگەڵی ڕێکدەکەوین.

بەپێی زانیارییەکان، دیارترین داواکارییەکانی بارزانی بریتیین لە (دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری، جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بوودجەی هەرێم، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز) و ڕایگەیاندووە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەست بە گفتوگۆکان دەکەین لەگەڵ هەر لایەنێک خواستی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێڕاقی هەبێت.

بە گشتی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، پێکھاتەی کورد چ لە ڕووی ناوخۆیی و چ لە ڕووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێڕاقدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە بە جۆرێک لە ناوخۆدا، گرژی و ململانێ لە نێوان ھەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ھەیە، ئەم ململانێیە ئەگەرچی مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، بەڵام ھەندێک جاریش ڕێککەوتن و ھاوپەیمانییان دروستکردووە لە نێوان خۆیاندا.

لە ڕووی پەیوەندی کورد لەگەڵ حکوومەتی عێڕاقدا، یەکێک لە کێشە ھەرە سەرەکییەکان، پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوورە بە دیارییکراوی دابەشکردنی داھات و دۆسیەی نەوتە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆر لە چوارچێوەی ئابووری سەربەخۆدا، بەبێ ڕەزامەندی بەغدا نەوتی بە کڕیارە نێودەوڵەتییەکان فرۆشتووە، ئەمەش وایکرد لە سەردەمی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی، دادگای ناوبژیوانی پاریس لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ بڕیارێکی لەبارەی نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی ھەرێم و نادەستوریبوونی فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە دەرکرد و ئەمەش بووە ھۆی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدای قووڵتر کردەوە و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامە و بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە عێڕاق، ئەم خاڵانە دەبنە پێشمەرجی دانوستانەکان.

-گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە لە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکادان

ئەگەرچی ڕۆژی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبیی خستە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستە بیانییەکانەوە بەڵام ئەم گرووپانە لە خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق توانییان ٤٤ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستبھێنن و لەمەودوا ڕۆڵیان دەبێت لە دەرچوونی یاساکانی عێڕاق.

لە کۆی حەوت گرووپ کە ئەمریکا خستوونیەتە لیستی تیرۆرەوە، پێنج گرووپ بەشداری ھەڵبژاردنییان کردووە و بەپێی ئەنجامەکانیش ھەریەک لە ‌ بزووتنەوەی سادیقوونی سەربە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ٢٧ کورسی، بزووتنەوەی حقوقی سەر بە حزبوڵڵای عێراق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەمیداوی ٦ کورسی، بزووتنەوەی مونتەسیرون باڵی سیاسیی کەتائیبی سەید شوھەدا بەسەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی و لە چوارچێوەی دەوڵەتی یاسا ٤ کورسی، بزووتنەوەی خەدەماتی سەر بە کەتائیبی ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی ٥ کورسی و بزووتنەوەی بابیلۆن بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی دوو کورسییان بەدەستھێناوە.

هەروەها هەریەک لە بزووتنەوەی نوجەبا بە سەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا بە سەرۆکایەتی حەیدەر غەڕاوی بەهۆی خرانە لیستی تیرۆرەوە، بەشداری پڕۆسەکەیان نەکرد.

-ھەڵوێستی ئەمریکا

لە داھاتوودا پێدەچێت ئەمریکا زیاتر فشار بخاتە سەر عێڕاق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان، پێشتریش نیگەرانیی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کە ساڵی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەبوو بۆ ئەوەی ئەم گرووپانە بە دامەزراوەیی بکرێن و دواتر پڕۆژەیاساکە کشێندرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت گرووپەکانی حەشدی شەعبی خۆیان لەگەڵ ھۆشدارییەکانی ئەمریکا بگونجێنن و لەبەرامبەردا لە ڕێگای گرووپی نوێ و پڕۆکسییەوە درێژە بە کارەکانییان بدەن.

ھاوکات وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بەردەوامن لەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەم گرووپانە ناکەن و سەرکردەکانییان وەک کارەکتەرێکی تیرۆریستی دەناسێنن، ھەروەھا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھۆشداریدان لەوەی کە پێشکەشکردنی پشتگیری ماددی بۆ ئەوان نایاساییە و داراییەکانییان سنووردار دەکات و بەدواداچوون بۆ سەرەوەت و سامانی سەرکردەکان دەکات و ڕەنگە لە داھاتوودا وەک ھەنگاوێکی نوێ، گەشتکردنییان لێ قەدەغە بکات.

هەروەها شرۆڤەکاران بۆچوونییان وایە، ئەگەر ئەو گرووپانەی سەر بە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێڕا بکەن، ئەوا پڕۆسەی سیاسیی لە عێڕاق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نانرێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın