Eşref Musa,Burak Karacaoğlu
23 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2019
ئیدلب - AA
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییە پشتیوانییکراوەکان لە لایەن ئێران بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە خۆرئاوای پارێزگای حەلەب کە دەکەوێتە نێو سنوورەکانی "ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب" دوو هاووڵاتیی مەدەنی کە یەکێکیان منداڵە کوژراوە و شەش هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش برینداربوون.
هێزەکانی رژێم بە درێژایی رۆژ درێژەیان داوە بە هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەرەکانی پێشەوەی ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی کە دەکەونە نێو سنوورەکانی "ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب" و بەپێی رێککەوتنی سۆچی لە چەکە قورسەکان پاککراوەتەوە.
هەریەک لە شارۆچکەکانی کەفر زیتا، لەتامنە و مۆرەک و دەورووبەری لە باکووری حەما، گوندی هاویر لە خۆرئاوای حەلەب و ناحیەی جەرجەناز و گوندی توهـ لە باشووری ئیدلب، بەرەوڕووی تۆپبارانی چڕ و هێرشی مووشەکیی هێزەکانی رژێم بوونەتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی حەلەب (کڵاوسپییەکان)، عومەر حاج عوبەیدە لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد لە ئەنجامی تۆپبارانی چڕ بۆسەر گوندی هاویر، دوو هاووڵاتیی مەدەنی کە یەکێکیان منداڵە، کوژراوە و شەش هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش برینداربوون.
عومەر حاج عوبەیدە ئاشکراشیکرد ژمارەیەک لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە.
هاوکات لە ئەنجامی تۆپبارانەکان لە لایەن رژێمەوە کە بەدرێژایی رۆژ بەردەوام بوو، سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و هەشت هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش بریندارببوون.