Abdullah Shukur
27 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
جنێڤ
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستۆرا لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤ ساز كرد.
دی میستورا رایگەیاند "لە دوای دەست پێ كردنی رێككەوتنی كۆتایی ھێنان بە شەڕ و پێكدادانەكان، چەند پێشێلكارییەك روویان داوە بەڵام لە دیمەشق و دارییا شەڕ و پێكدادانەكان بە تەواوی راگیراون".
دی میستورا ئاشكراشی كرد كە لە ئەگەری پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە سووریا، لەوانەیە ھێزی سەربازی بەكاربھێنرێت و ئەمەش پێویستە بە شێوەیەكی سنووردار بێت. راشیگەیاند كە كۆبوونەوەكانی سووریا لە حەوتی ئاداری داهاتوودا دەست پێ دەكاتەوە و خولی یەكەمی كۆبوونەوەكان سێ ھەفتە دەخایەنێت.
جێگەی باسە، پرۆژە بڕیاری راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریا كە بە ھەوڵی ھاوبەشی رووسیا و ئەمریكا پێشكەش كرابوو، بە كۆی دەنگ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پەسند كرا. بەم پێیەش بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریا جێبەجێ دەكرێت و بە زووترین كاتیش ھاوكاری مرۆیی رەوانەی سووریا دەكرێت.
بەپێی بڕیارەكە ، داوا دەكرێت قۆناغی راگوزەری سیاسیی دەست پێ بكات و گەلی سووریا بڕیار لەسەر ئایندەی وڵاتەکەی بدات.