Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
سەرۆک و ئەندامانی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی حزبەکە، رزگار عەلی لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند کە لایەنە كوردهكان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە رۆژی ١ی نیسانی داھاتوو بەڕێوەبچێت لە شەش پارێزگا (نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین، بەغدا و کوت) پێکەوە بە یەک لیست دادەبەزن، ھەموو لایەنەکانیش پێکەوە پەیماننامەیەکیان ئیمزا کردووە بەوەی کە ھیچ لایهنێك دواتر لە لیستەکە دوور نەکەوێتەوە یان ھیچ جووڵەیەک دژبە لیستەکە نەکرێت.
رزگار عەلی گوتی: "دابەشکردنی کاندیدەکان لە نێوان لایەنەکان یەکلایی بووەتەوە و بەپێی سەنگی لایەنەکان لەو پارێزگایانە ریزبەندی کاندیدەکان دانراوە و ھیچ کێشەیەک لەوبارەیەوە نەبووە".
رزگار عەلی باسی لەوەشکرد، پرسی پارێزگاری کەرکووک پەیوەندی بەم ھاوپەیمانییەوە نییە، ھیواشی خواست کە ھەردوولایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پرسی دانانی پارێزگاری نوێ لەنێوان خۆیاندا یەکلاییبکەنەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیستەکە، عەبدولڕەحمان مستەفا رایگهیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیستەکە ھەموو وردەکارییەکانی لیستەکە و ناوی کاندیدەکان یەکلایی کراوەتەوە، بۆ کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیش ھەموو حزبە بەشداربووەکان بانگەشە بۆ لیستەکە دەکەن و لەنێو لیستەکەش دەتوانن بانگەشە بۆ کاندیدی خۆیان بکەن".
بەگوتەی سەرۆکی لیستەکە، ٣٠ لایەنی کورد، عەرەب و لایەنەکانی تریش بەشداری لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی-ن ، دەرگای لیستەکەش کراوەیە بۆ ھەر لایەنێکی تر بیەوێت بەشداری تیادا بکات.