Rewa Mahmood Hasan
20 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی - AA
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید ماوەی ٤٨ سەعاتی دیاری کرد بۆ ئەو ٣ پەرلەمانتارەی فراکسیۆنەکەی تاکو فۆڕمی رەت کردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانی پڕ بکەنەوە و رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن، ئەگەر نا لە فراکسیۆنەکە دەکرێنە دەرەوە.
ئەمڕۆ ٢٠ی کانوونی دووەم سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ ٤ لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و تێیدا دەستخۆشی لەو چوار پەرلەمانتارەی جوڵانەوەکە کرد کە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریان رەت کردۆتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ماوەی ٤٨ سەعاتی دیاری کرد بۆ ئەو ٣ پەرلەمانتارەی فراکسیۆنەکەی تاکو فۆڕمی رەت کردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانی پڕ بکەنەوە و رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن، ئەگەر نا لە فراکسیۆنەکە دەکرێنە دەرەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە نەبوونی یەکدەنگیان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند کە ئەوان وەک جوڵانەوەی نەوەی نوی تەنیا سەرنجیان لەسەر پارتی و یەکێتییە و نایانەوێ لەگەڵ گۆڕان بکەونە ناکۆکیی و ململانێوە و راشیگەیاند کە لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان ئەو هێزانە لە حکوومەت بێنە دەرەوەو پێکەوە بەرەیەکی فراوان بۆ گۆڕانکاریی دروست بکەن.
لە بەشێکی تری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق ئاماژەی بەوەدا کە هەموو بڕیاڕ و هەڵوێستەکانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەلایەن خودی سەرۆکی جوڵانەوەکەوە دادەڕێژرێت.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەو دۆسیانەی باس لەوە دەکەن شاسوار عەبدولواحید قەرزاری حکوومەتە و ئامادە نییە قەرزەکانی بداتەوە، سەرۆکی جوڵانەوەکە گوتی: ''منەتم بە هیچ کەسێکی دەسەڵات و حکوومەت نییە، کە من شتێکی نایاساییم کردووە با ئیجرائاتی خۆیان بکەن".