Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
كۆنفرانسەكە ئەمڕۆ لە هۆڵی زانكۆی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و مامۆستایانی زانكۆ و توێژەرانی ناوخۆ و بیانی و پەرلەمانتاران دەستی پێكرد و ماوەی یەك رۆژ دەخایەنێت و تیایدا دوو پانێڵ لەسەر ئەو پرسە پێشكەش دەكرێت.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، رەزا حەسەن لە گوتەیەكدا لە بارەی كۆنفرانسەكەوە گوتی: "ئەم كۆنفرانسە بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەت لە نێوان زانكۆی سلێمانی و خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس، هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لەسەر چۆنیەتی هەنگاونان بۆ پرسی سەربەخۆیی بە رێگایەكی تەندروست لە جیهانی ئەمڕۆدا، چونكە لە رووی زانستی و ئەكادیمییەوە ئەم بابەتە بە وردی تاوتوێ دەكرێت و ئەركی ماندوبوونی چەندین ساڵەی ئەم توێژەرانەیە".
ئەو گوتی: "ئەمڕۆ ئەم توێژەرانە لە دوو پانێڵدا باس لە ئەزموونی بنیاتنان و دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین و جوڵانەوەی سەربەخۆیی تامیل و ململانێ و جیهادی كشمیر دەكەن، جگە لە باسكردنی بنەما ئابوورییەكانی بە دەوڵەت بوونی هەرێمی كوردستان ".
لە لای خۆیەوە كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، دومینیك ماس لە گوتەیەكدا بۆ بەشداربووانی كۆنفرانسەكە گوتی: "بابەتی گفتوگۆی ئەمڕۆمان پرسی سەربەخۆیی و بنیاتنانی دەوڵەتە كە پرسێكی رۆژانەیە، بەڵام ئێستا هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم دەستی پێكردووە بۆیە هیچ قسەیەك لەسەر ئەوە ناكەم تا نەبێتە دەستێوەردانێك لەو بابەتە".
دومینیك ماس گوتی: "بنیاتنانی دەوڵەت پێشەكی ویستی پێكەوە ژیانە كە كۆمەڵێك خەڵك پێكەوە بژین، دەوڵەت رەنگە چەندین نەتەوە و كۆمەڵە خەڵك لەخۆ بگرێت وەك فەڕەنسا كە چەندین نەتەوە و كۆمەڵە خەڵكی جیای تێدایە، بۆ من بنیاتنانی دەوڵەت بریتیە لە بوونی زمانێكی هاوبەش لە نێوان خەڵكانی ئەو دەوڵەتە و بوونی سنوورێكی هاوبەشی دەرەوە و بوونی بۆشاییەك كە هەمووی خۆی تیادا ببینێتەوە، دواتر بوونی هێزی سەربازی و پەروەردە و ئیدارە و دادوەرییەكی هاوبەشی پتەو كە وا دەكات پێكەوە ژیان ئاسانتر بێت".
كونسوڵی فەڕەنسا هەروەها گوتی: "كاتێك باسی بنیاتنانی دەوڵەت دەكەین پێویستە سەیری داهاتوو بكەین و باسی ئەو فۆڕمەی دەوڵەت بكەین كە لە داهاتوودا پێویستە بەرگری لێبكەین و خۆمانی تیادا ببینینەوە، هەروەها پێویستە چەند پرسیارێك لە خۆمان بكەین لەوەی تا چەند دەتوانین پێكەوە بژین و چەند بڕیار بدەین لەوەی خۆمان دوور بخەینەوە لە گرووپ گرووپی".