Ahmed al-Masri
28 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2018
ریاز ــ AA
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان ئال سعوود رایگەیاند، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەیە كە ئەوان رووبەڕووی بوونەتەوە و روونی كردەوە، ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی كراوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی داهاتی باشتربووە بۆ خەرجییەکانی وەزارەتەکە.
كەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاوی كردووە كە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، ئەو گۆڕانكارییانەی كە بە فەرمانی شای وڵاتەكەی، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود لە وەزارەتی بەرگری كراوە، بە ئامانجی ئەوە بووە داهاتێکی باشتر بۆ خەرجییەكانی وەزارەتەكە بەدەست بهێنرێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود زنجیرەیەك فەرمانی بە ئامانجی پێشخستنی وەزارەتی بەرگری و لابردن و دامەزراندنی ژمارەیەك فەرماندەیی باڵا لە هێزەكانی ئەو وڵاتە دەركردبوو.
سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە ماوەی چەند مانگێكە لە سعوودیە ئەنجام دەدرێت، جێنشینی ئەم وڵاتە گوتوویەتی: "هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەیە كە سعوودیە رووبەڕووی بووەتەوە، هەروەها بە بێ بنبڕكردنی گەندەڵی، ئێمە ناتوانین ئامانجەكان لە بوودجە بەدەستبهێنین".
لە 4ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بەرپرسانی سعوودیە لە میانی دەستپێكردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ٢٠٠ كەسیان دەستگیركرد كە ١١ شازادە و چوار وەزیر و دەیان وەزیری پێشوو لە نێویاندابوون و دواتر لە ھوتێلی ریتز كارلتۆن دەستبەسەركران كە لە ئێستادا ژمارەیەكیان ئازاد كراون.