Hakan Ceyhan Aydoğan,Rewa Mahmut Hasan
21 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی رژێمی سووریا، داوای روونکردنەوە لە ئەمریکا دەکات.
لاڤرۆڤ لە مۆسکۆی پایتەخت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئێف لۆدریان کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوەکەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێکخست و لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە دوای لێدانی فڕۆکە جەنگییەکەی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە، رێککەوتنی ئاسایشی ئاسمانیان لە سووریا هەڵپەساردووە و دووپاتیشی کردەوە کە داوای روونکردنەوە دەکەن لە واشنتۆن.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە لە ئاسمان و خاکی سووریادا زۆر هێزی جیاواز چالاکی ئەنجام دەدەن، دەبێت ئامانجی هاوبەشی تەواوی هێزە جیاوازەکان، بەرەنگاریی تیرۆر بێت، بەو چەشنەش دەتوانرێت رێگری بکرێت لە رووداوە نەخوازراوەکان.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا لەکاتی بەگەڕخستن و دروست کردنی ناوچەی داماڵراوی جەنگ کە بە هەوڵی رووسیا، تورکیا و ئێران لەئارادایە، بۆ یەکەمجار جیاکاری دەکرێت لەنێوان چەکدارانی بەشداربووی ئاگربەست و گرووپە تیرۆریستییەکان.