ھەولێر-AA
قاسم گەڵاڵی دەڵێت ناتوانن پێشبینی بۆ دەنگەکانی یەکگرتوو بکەن کە زیاد دەکات یان کەم، دەشڵێت ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم پێش یان دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت گرفت نییە، بەڵکو گرنگ خاوێن بێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە لەکاتی خۆیدا؟ دوو بۆچوون ھەیە لەبارەی کاتەکەیەوە یەکێکیان پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەرێم ھەڵبژاردنەکانی خۆی بکات؛ ئەوی دیکەشیان ئەوەیە بیخەینە دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، ئێوە لەگەڵ کام بۆچوونەن؟
قاسم گەڵاڵی: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی سەرەکی و مەبدەئی لەگەڵ ئەوەداین کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، خول لە پەرلەمان و لە حکوومەت کاری خۆی تەواو بکات، گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لە رێگەی دەنگی دەنگدەرانەوە بکرێت، ئێستا ئەو خولەی پەرلەمان کە ھەڵبژاردن دواکەوتووە و تەمەنی درێژکراوەتەوە چەندە ھەڵبژاردن زوو بکرێت بە ئامادەباشی کۆمیسیۆن و لایەنەکان و یەکدەنگی و وەلانانی ناکۆکی ناوخۆیی تا ھەڵبژاردنێکی باش و سەرکەوتوو و بێگەرد بێت، بەڵام کۆکردنەوەی ھەڵبژاردنەکان ھەموویان پێکەوە ھەم قورس دەبێت و ھەم دەنگدەر سەری لێ دەشێوێت، وەکو جارێک لە جاران کرا و ئاڵۆزی بۆ دەنگدەر دروست دەکات، بۆیە پێمان باشە لەکاتی خۆی ھەڵبژاردن بکرێت و دەرفەت بۆ دەنگدەران بڕەخسێت ئەوەی ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە ئێوە لەگەڵ ئەوەن پێش عێراق ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچێت یان دوای ئەوان؟
قاسم گەڵاڵی: ئەگەر بێینەوە سەر بنچینەی مەسەلەکە، ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم پێش عێراق دەکرا، بەڵام کە نەکرا بە ھۆکاری سیاسی و ناکۆکیی سیاسیی لایەنەکان و نا جێگیری بارودۆخی و بوونی شەڕ و شتی تر، ئەگەر لایەنەکان لە پەرلەمان رێکبکەون کەی بێت ئەو کات ئاساییە، ئێستا ئەگەر پێش ھەڵبژاردنی عێراق یان دوای ھەڵبژاردنی عێراق ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن کێشە نییە، بەڵام گرنگە بە ئامادەباشی تەواوەوە بکرێت و بە رێککەوتن بێت بەتایبەت لە دەزگای شەرعی کە پەرلەمانە، چونکە چوار ساڵ جارێک دەنگدەر دەرفەتی بۆ ھەڵدەکەوێت دەنگی خۆی بدات، بۆیە باشترە ئامادەکاریی تەواو ھەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چی زانیارییەکتان ھەیە لەبارەی کێشەی تۆماری دەنگدەران لە بوونی ناوی مردوو، ناوی دووبارە و چەند کێشەیەکی دیکەش؟
قاسم گەڵاڵی: ئێمە ناتوانیین ژمارەیەک بڵێین، نازانین راستییەکەی، خۆزگە ئێمەش وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو وامان لێ دەھات تۆماری دەنگدەرانمان شەفاف دەبوو و مردووەکان دەچوونە گۆڕستان نەوەک تۆماری دەنگدەران، ھەروەھا ناوی دووبارە و بە نووسینی جیاواز ھەیە، بۆیە داوا دەکەین کۆمیسیۆن بە ئەرکی خۆی ھەڵبسێت و ئەگەر داوایان لێ بکرێت و فشاریان لەسەر نەبێت و رێگەیان پێبدرێت دەتوانن لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئەو تۆماری ناوی دەنگدەرانە خاوێن بکرێتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی چی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەکرێت وەکو ئەنجام، بەتایبەت لە بوونی دوو رووداوی گەورە کە ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرن، ئایا نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت بەتایبەت لە بوونی لیستی نوێ؟
قاسم گەڵاڵی: من بۆخۆم زۆر لەگەڵ دەرخستنی پێشبینییەکان نییم لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆز و کارتێکراوە و ناتوانرێت وەکو خۆی دەربچێت، چونکە توێژینەوە و سەنتەری توێژینەوەی زۆر وردمان نییە، بەڵکو راستترین پێشبینی ئەوەیە بھێڵدرێت بە تۆمارێکی خاوێن و بە ئازادییەکی جوان و بە بەشدارییەکی گەرموگوڕی خەڵک و ئازایەتی خۆنیشاندانی حزبەکان بۆ دەنگدان، ئیتر پێشبینی راستەقینە قبووڵکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە، بەڵام ناتوانیین پێشبینی بکەین، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەندێک لیست و لایەنی سیاسی ھەبوون، ئێستا شتێکی تر ھەیە.
بێ گومان ئەو رووداوانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر دەنگدەر، دەنگدەر ھەیە پێشتر دەنگی بەلایەنێک داوە ئێستا دەنگی پێناداتەوە دوای ئەو رووداوانە، تەمەنا دەکەم لە ئێستاوە وەکو پلانی ساڵی ٢٠١٨ دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان یەکێک لە کارەکانی پێشییان بریتی بێت لە دەنگدان بۆ لایەنێک، دەبێت بە گەرموگوڕی بەشداربن لە ھەڵبژاردنەکان تا رووبەڕی تەزویر و ساختەکاری نەھێڵین، ئیتر پێشبینی راستەقینەش ئەو کات دەردەکەوێت.
بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر گۆڕانکارییش رووبدات بە شێوەیەکی زۆر گەورە نابێت لەوەی ئێستا ھەیە، چونکە دەنگدەری کوردستان ھەندێک دەنگی بەرژەوەندییە، ھەندێک دەنگی حزبییە، ھەندێک دەنگی خزمایەتییە، ھەروەھا ئێستا کە لیستی نیمچە کراوەیە پاڵێوراو کاریگەریی دەبێت لەسەر راکێشانی دەنگدەر و لیستیش کاریگەریی ھەیە، بەڵام کەسەکان زیاتر کاریگەرییان دەبێت، بۆیە باوەڕ ناکەم پەرلەمان دەرفەتی لەبەردەم مابێت تا ئەو لیستی نیمچە کراوەیە گۆڕانکاریی بەسەردا بھێنێت، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە گەورەترین گۆڕانکاریی ئەوەیە ھەڵبژاردنێکی خاوێن بکەین بە بێ ساختەکاری، ئەمەش ھێشتا ماویەتی لە کوردستان، لایەنەکان، دەنگدەران، ھەموومان پێکەوە ھێشتا قبووڵکردنی بەرامبەر و رای بەرامبەر و زۆرھێنان و کەمھێنان و ئەو شتانە پێویستە زیاتر کاری لەسەر بکەین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: دەنگی یەکێتی و پارتی کەم دەکاتەوە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو؟
قاسم گەڵاڵی: لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دەنگی ئەو دوو حزبە کەمی کردووە، ئیتر نازانم دەنگدەران قەبارەی ھەموو لایەنەکان دیاری دەکەن زیاد دەکات یان کەم دەکات، ئەو دوو حزبە دوو لایەنی دەسەڵاتدارن لە کوردستان بەشی زۆری شەڕی ناوخۆ و نەھامەتی و گەندەڵی و ناخۆش پشکی زۆر بەر ئەوان دەکەوێت، دەنگدەرانیش پێویستە ھۆشیار بن وەکو چۆن لە ١٩٩٢ەوە کەم دەکات و لەوانەیە کەم بکات، بەڵام بۆ کێ دەچێت؟ ئەوە دیار نییە ھێشتا، رەنگە خەڵکێکیش بیر بکاتەوە و بڵێ مادام بەدیلێکی باشتر نییە ھەر دەنگی خۆی بەوان بداتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان چەند لیستێکی نوێ بەشداردەبن، پێشبینی چی دەکەن بۆ ئەو لیستانە؟
قاسم گەڵاڵی: خۆی ھەموو شتێکی تازە نوێیە و ھەموو نوێیەک ھەم ترس و ھەم بەرەو بۆ چوونی ھەیە، ئەوەش دەکەوێتە ئاستی ھۆشیاریی خەڵکی کوردستان، چونکە لە ساڵی ٢٠١٣ش لیستی تازە ھەبوون، بەشێکیان دەنگییان نەھێنا وەکو پێویست، بۆیە لەم ژینگەیەی ھەرێمی کوردستان و لە نەبوونی توێژینەوەی ورد خۆم بەدوور دەگرم لە پێشبینییەکان.
ئاژانسی ئانادۆڵو: لەبارەی دەنگەکانی یەکگرتوو دەگوترێت بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بۆچوونی ئێوە چییە؟
قاسم گەڵاڵی: ئێمە لەناو خەڵکین و دەبیستین و دەڵێن دەنگمان کەم دەکات، ھەیە دەشڵێت دەنگمان زیاد دەکات، بەڵام قەبارەکەی دیار نییە و ئەوەش لە رۆژی ھەڵبژاردن دەردەکەوێت، ھەیە دادپەروەرە و یەکگرتوو لە ئەمڕۆدا نابینێتەوە، بەڵکو لە ٢٦ ساڵی رابردوو یەکگرتوو دەبینێت لە ھەڵوێست و کارەکانی و متمانەی بە خۆی و بە خەڵک و ھەڵەکانی بۆ ئاشتەوایی و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستانی دەبینێت، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بووە نەوەک بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی خۆی، بەگشتی خەڵک ئازادە.
ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەریدەخات چی روودەدات، دەنگی یەکگرتوو جێگیر نییە و بۆ کەم بکاتەوە؟، بۆیە ئەنجامەکان دەریدەخەن، لەو ژینگە ئاڵۆزەی کوردستان پێشبینیکردن زەحمەتە، ئیحتمالە دەنگی زیاتر بھێنین و ئیحتیمالە کەمتر بھێنین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ١٥ی ئەم مانگە ئەو مۆڵەتەی ئێوە کە دابووتان بە حکوومەت وەکو مەرجی مانەوەتان لەناو حکوومەت کۆتایی پێدێت، ھەنگاوی دواترتان چی دەبێت؟
قاسم گەڵاڵی: ئەو وەرەقەیەی لە دانیشتنێکی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و حکوومەتی ھەرێم پێشکەش بەمان کراوە خاڵەکانی روون و لەبەرچاوییانە، ئەو کات ھەندێک بەڵێنییان داوە کە ھەندێک خاڵ جێبەجێ بکەن و ھەندێکیشیان جێی ھەڵوەستە لەسەر کردنن، بەڵام دوای ١٥ی مانگ سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە و بزانین چی کراوە و چی بووە و بڕیار دەدەین.
لەو وەرەقەیەی یەکگرتوو سێ تەوەر ھەیە و کۆمەڵێک خاڵ لەخۆدەگرێت پەیوەندییان بە بژێوی ژیانی خەڵک و مووچە و خزمەتگوزاری و خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و شتی دیکە، ھەموویان پەیوەستن بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: دەگوترێت ئێوە لەدوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بەنیازبوون بکشێنەوە و بە پێی راپرسییەکی نێاوخۆییتان زۆرینەی قاعیدەی حزبیتان لەگەڵ کشانەوە بوون، بەڵام دواتر لەژێر فشاردا مانەوە، ئەمە تاچەند راستە؟
قاسم گەڵاڵی: ھیچ بنەمایەکی نییە، یەکگرتوو لە رابردوو تا ئێستا کاری خۆی کردووە و بە قەناعەتەوە کاری کردووە، جاری وا ھەیە ھەڵوێستمان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە نزیک بووە، ھەندێک جار لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ھەندێک جار لە گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە، جاری واش ھەبووە چوار لیست بووین و ئۆپۆزسیۆن بووین، ھەموو ئەو شتانەمان تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرکردایەتی شوێنی بڕیاردانە لە یەکگرتووی ئیسلامی، بەڵام بۆ بڕیاری چارەنووسساز ئەندامانی خوار سەرکردایەتی لە مەڵبەند و ناوەندەکان راوێژییان پێدەکرێت لە کادیرەکانی ناوەند، بەڵام ئەو راوێژپێکردنە ئەنجامەکەی ھێزی پابەندبوونی بۆ سەرکردایەتی نییە، بەڵکو تەنھا بۆ بەشداریکردن و راوێژپێکردنی عەقڵی کەوادیری یەکگرتووە، ئینجا ئەو راوێژەی کردمان ئەنجامەکەی بریتی لەوەی کە ٥٣ بە ٤٧ بوو، واتە رێژەی ٥٣ لەسەدی ئەو کادیرانەی راوێژییان پێکرابوو لەگەڵ کشانەوە بوون، بۆیە کاتێک سەرکردایەتی یەکگرتوو کەوتنە ناو ئەو بڕیارە ئیدی نە کشانەوەیی یەکسەر و نە مانەوەی تا ھەتایی بوو، بڕیاری دا مانەوە بە مەرج بێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی دروستکردنی لیستێکی ئیسلامی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەکرێت؟
قاسم گەڵاڵی: ئێمە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی تەمەنا دەکەین، بەڵام باوەڕناکەم لە واقیعیدا، چونکە ھەڵوێستە سیاسییەکان ئێمەی لەیەک دوورخستووەتەوە، بەڵام پێمان باشە ئیسلامییەکان ماڵی خۆیان رێکبخەنەوە و قسەی نوێیان پێبێت و خۆیان نوێ بکەنەوە، دەکرێت لیستی ئیسلامی ببینین و دەکرێت نەشیبینین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێوە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی دەچنە ئەو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەی لە دروستکردندایە؟
قاسم گەڵاڵی: ھێشتا لە کوردستان وادەی ھەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە، ئینجا کۆمیسیۆن وادە و کات دیاری دەکات بۆ ھاوپەیمانێتییەکان و بۆ لیستەکان، ئیدی ئێمە ئەو کاتە قسەی خۆمان دەبێت، بژاردەکان لەبەردەم سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کراوەیە، ئێمە تا ١٥ی مانگ قسە ناکەین، ئەگەر مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرا ئەوکات بڕیار دەدەین.
کردەی سیاسی یان موشارەکەیە یان موعارەزەیە، بەڵام لە کوردستان نە موشارەکە بوو نە موعارەزە، موعارزەکە بوو، ئێمە پێمان باشە ئۆپۆزسیۆن و موشارەکە و ھەمووی رێکبخرێتەوە، بۆیە لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن پێویستە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئیتر کاری خۆیان و نموونەی خۆیان پێشکەش بکەن و خەڵک لە کۆتاییدا بڕیار دەدات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بڕیارتان داوە کاندیدتان ھەبێت؟
قاسم گەڵاڵی: جارێ قسە ھەیە سەرۆکایەتی ھەرێم دەمێنێت یان نامێنێت، تا ئێستا دیار نییە و ھەر کاتێک دەرگای کاندیدکردن کرایەوە ئەو کات قسەی خۆمان دەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

