سلێمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەیەیکی باڵا لە نێوان سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شاری سلێمانی، بڕیاریاندا وەكو فراكسیۆنێک لە هەردوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولێر کار بکەن.
یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان، دوای حومکڕانێتی کوردیی فراکسیۆنێکی لەو شێوەیە پێک دێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بەشداربوون.
دوای كۆبوونەوەكە، محەمەد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ رۆژنامەوانان روونیکردەوە، هەردولا گەشتوونەتە ڕێكکەوتن بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولێر (لە داهاتووشدا لە هەڵەبجە) بە یەک یەك فراكسیۆن كار بكەن.
ئەحمەد ئاماژەی پێدا لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوی فراکسیۆنەکەیان دەنێن.
بە یەکگرتنی فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو، لە هەردوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولیر، دەبنە سێیەم لیستی زۆرینە.
محەمەد ئەحمەد گوتیشی: "ئەوە هەنگاوی یەكەمی هەردوولامانە و لە داهاتوودا هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت، هەوڵ دەدەین فاكتەرێكی ئیجابی بین لە پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی پارێزگاكان."
هەروەها محەمەد حەكیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ رۆژنامەوانان گوتی: "کۆمیتەیەکی دانوستانمان پێكهێناوە بۆ گفتۆكردن لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیکەی نێو ئەنجومەنی پارێزگاکان تا لەسەر پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی بە زووترین كات بگەینە رێککەوتن."
کاربەدەستانی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێن: لە كاتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، چۆنێتی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شاری هەڵەبجە، یەكێ دەبێ لە مەرجەكانی ڕێكکەوتنیان.