واشینتۆن
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دەستیان بە ھەوڵەکانیان لەبارەی رازیکردنی ئەنجوومەنی پیران کردووە بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی دیکە حکومەت سزای نوێ لە سەر ئێران نەسەپێنێ.
ھەر یەک لە جێگری سەرۆک، وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی ئەمریکا سەردانی ئەندامانی لێژنەی بانکەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیرانیان کرد و لەگەڵ ئەندامە کۆمارییەکانی ئەو لێژنەیەدا کۆبوونەوە.
حکومەتی ئوباما مانگی ئەیلوول پرۆژە بڕیارێکی سەبارەت بە سەپاندنی سزای نوێ لە سەر ئێران رادەستی لێژنەی بانکەکانی ئەنجومەنی پیران کردبوو، بەڵام گفتوگۆکردن لە سەر ئەو پرۆژە بڕیارە لە لایەن لێژنەکە دواخرا. ماوەی چەند رۆژێکە لێژنەی بانکەکانی ئەنجومەنی پیران گفتوگۆ لە سەر ئەوە دەکات کە ئایا پرۆژە بڕیارێکی نوێی تایبەتە بە سەپاندنی سزای نوێ لەسەر کەرتی بیناسازی و کانزاکانی ئێران، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە یا نا.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە بارەی کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە جنێڤ زانیاری پێشکەشی ئەندامانی لێژنەی بانکەکانی ئەنجومەنی پیران کرد و ھەر یەک لە وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی ئەمریکاش رایانگەیاند: لەوانەیە ماوەیەکی دیکە پێویستیمان بە سزای سەر ئێران ھەبێ، بەڵام باوردۆخی ئێستا بۆ سەپاندنی سزای نوێ لە سەر ئێران لەبار نییە.
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا داوایان لە سیناتۆرەکان کرد بۆ ماوەیەک پرسی سەپاندنی سزای نوێ لەسەر ئێران راگرن، چونکە ئێستا ئۆباما سەرقاڵی دانووستانە لەگەڵ ئێران.
ژمارەیەک لە سیناتۆرەکان پشتگیری لەو داواکارییەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دەکەن و دەڵێن: "رەنگە دانووستانی نێوان ئۆباما و بەرپرسانی ئێران دەرئەنجامی باشی ھەبێ، بەڵام ناکرێ سەپاندنی سزاکان لەسەر ئێران بۆ ماوەیەکی دوور دوا بخرێ."
ژمارەیەکی دیکە لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا داوای سەپاندنی بە پەلەی سزای نوێ لە سەر ئێران دەکەن و لەبارەوە سیناتۆر مارک کێرک گوتی: "ئەگەر لێژنەی بانکەکانی ئەنجومەنی پیران پەسەندکردنی پرۆژە بڕیاری سەپاندنی سزای نوێ لەسەر ئێران دوابخا، ئەوا لەم مانگەدا خۆی داوا لە ئەنجومەنی پیران دەکا مادەیەکی دیکە بەناوی دەسەڵاتی پاراستن لە سەر ئەو پرۆژە بڕیارە زیاد بکرێ."