ئیستەنبوڵ
پەرلەمانتاری پێشووی پارتی فەزیلەی داخراو مەروە کاڤاکچی گوتی: "ساڵی ١٩٩٩ من بووم پەرلەمانتار، بەڵام بەھۆی سەرپۆشەوە نەیانھێشت بچمە پەرلەمان و سوێندی یاسایی بخۆم. سەربەستکردنی سەرپۆشی ئافرەتان لە تورکیا بەتایبەت لە پەرلەمانی تورکیا، وەک ھاتنی حەق و لە ناوچوونی ناحەقە."
مەروە کاڤاکچی لەبارەی بەشداریکردنی پەرلەمانتارە سەرپۆش بەسەرەکان لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی گوتی" پیرۆزبایی لەو ئەندام پەرلەمانانە دەکەم کە بە سەرپۆشەوە چونە پەرلەمان."
کاڤاکچی ھەروەھا گوتی: "ئەو مرۆڤانەی ماوەی چەندین ساڵە بە ھۆی پۆشینی سەرپۆشەوە بەشداریکردنیان لە چالاکی و دانیشتنەکانی پەرلەمان و دەزگاکانی دیکەی حکومەت قەدەغەکرابوو، بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو قەدەغەیە وەک ھەموو مرۆڤێک دەستیان بە بەکارھێنانی مافی خۆیان کردووە، ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی سەرپۆش بەسەر لە پەرلەمان زەرەری بۆ کەس نییە و دەستکەوتی باشی بۆ کۆمەڵگە ھەبوو. پرسی مافی مرۆڤ لە تورکیا بە ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەرپۆش کۆتایی پێ نەھاتووە، بۆیە پێویستە لە بوارەکانی دیکەیشدا بە پەلە ھەنگاو بنرێ و گۆڕانکاری پێویست ئەنجام بدرێ."
کاڤاکچی لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "سەربەست کردنی سەرپۆش لە پەرلەمان دەبێتە زەمینە خۆشکەری چارەسەرکردنی پرسی سەرپۆش لە نێو سوپا، دەزگا دادوەریی و ئەمنییەکانیش."